رووداو دیجیتاڵ
قەزای خورماتوو یەکێکە لە بێ خزمەتگوزاریترین قەزاکانی پارێزگای سەڵاحەدین، تاوەکو ئێستا ئاسەواری رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری پێوە دیارە، دانیشتووانی ئەو قەزایە زۆرینەیان کوردن و کێشەی سەرەکییان تەعریب، داگیرکردنی زەویی کورد، نەبوونی دامەزراندن و خزمەتگوزارییە.
تیمی رووداو دەچنە مەزارگەی ئیمام عەلی، لە بەرزاییەکانی زنجیرە چیای هەنجیرە کە لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە دروستکراوە، ئێستا مەزارگەکە چۆڵە، جگە لە قورئانێک هیچی دیکەی تێدا نییە، نزیکەی 840 دۆنم زەوی چوار دەوری مەزارگەکەش دەستی بەسەردا گیراوە.
شیعەکان دەڵێن، "خەلیفەی چوارەمی ئیسلام کە هاتووەتە خورماتوو لەسەر ئەو چیایە دانیشتووە."
حەسەن گەرمیانی، یەکێکە لە کەسایەتییەکانی خورماتوو و دەڵێت، "رۆژێک لە رۆژان ئیمام عەلی رەزای خوای لەسەر بێت رێی نەکەوتووەتە خورماتوو، بۆیە پێمانوایە مام عەلی گەشەی کردووە و بووەتە ئیمام عەلی، بۆیە لە سۆنگەی ئەو کارەیانەوە توانیویانە ئەم زنجیرە شاخە کە شوێنی گەشتوگوزار و هەڵکردنی ئاگری نەورۆزە، ئێستا لە موڵکیەتی وەزارەتی دارایی دەرهێنراوە و خراوەتە سەر وەقفی شیعی و ئێستا موڵکی وەقفی شیعەیە."
زیاتر لە شەش ساڵە خورماتوو، لە دۆخێکی خراپدایە و کورد تەواوی پۆستە ئیدارییەکانی لێسەندراوەتەوە، بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش سێ بەربژێری کورد بەجیا و لە سێ هاوپەیمانیێتی جیادا خۆیان بەربژێر کردووە.
یاسین محەممەد، یەکێکە لەو بەربژێرانە دەڵێت، "بەداخەوە خورماتوو لە دۆخێکی باشدا نییە و کەوتووەتە نێوان دوو بەرداشی تەعریب، لەلایەکەوە عەرەبی سوننە چاوی لەزەوی و کشتوکاڵ و ناوچەکەمانە و لەلایەکی دیکە تورکمانی شیعە تەماحی زەوی و ناوچەکانی ئێمەیان گرتووە، بۆیە ئێمە وەکو کورد لە خورماتوو لەم هەڵبژاردنە پێویستە نوێنەر دیاری بکەین چونکە ئەگەر هەر شارێک نوێنەری نەبێت واتا ئەو نەتەوەیە لەوێ بوونی نییە."
تورکمانی شیعە و دواتر عەرەبی سوننە ، هەموو پۆستە ئیدارییەکانی خورماتوویان لە دەستدایە، حیزبە کوردستانییەکانی شارۆچکەکە دەڵێن، "ئەگەر لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کورسییەک زیاتر نەهێنین، مەترسی لەدەستدانی خاکەکەشمان دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ