رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە پاڵاوگەیەکی سووتەمەنی لە سنووری گوێڕ کەوتەوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر زوو بە فریای کەوتن. ئاگرەکە لەنێو خەزانەی سووتەمەنیدا بوو و دوای چەند کاژێرێک، تیمەکان ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکرد.
ئاگرەکە لە ماددەی فلۆینی پاڵاوگەکە کەوتبووەوە و بە چرکەساتێک 300 مەتر دووجای داگرتووە، لەوکاتەدا ژمارەیەک کرێکار سەرقاڵی کار بوون و بەهۆیەوە چوار کرێکار بەشێکی زۆری جەستەیان سووتاوە.
کاروان عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە شوێنی ئاگرەکە بە رووداوی گوت، ئاگرەکە لە کاتی پاککردنەوەی تەنکەرەکانی فلۆین کەوتووەتەوە، ماددەکە هەستیارە و دیارە گوشاری کەوتووەتە سەر بەهۆی کرداری لێخشانەوە.
تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە نازاندرێت و بڕیارە بەرگریی شارستانی بەم نزیکانە هۆکارەکەی بڵاوبکاتەوە.
بریندارەکان گەیێندرانە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسیی هەولێر، رێژەی سووتانی یەکێکیان 100% و دووانیان 98%ـە، یەکێکیشیان 25%ـە.
مەغدید عوبێد، خاوەنی پاڵاوگەکە بە رووداوی راگەیاند، "کاتێک هێنامانن بۆ نەخۆشخانە هەموو گیانیان رەش بوو، بارودۆخیان باش نەبوو، بەڵام کە پاککرانەوە و چارەسەری تەندروستییان بۆ کرا، باش بوون. ئێستا قسە دەکەن و ئاگایان لە خۆیانە".
بەپێی زانیارییەکانی بەرگریی شارستانی، ئەو کرێکارانەی سووتاون، دووانیان خەڵکی دهۆکن و ناویان ئیسماعیل ئەحمەد عەلی و مەهدی ئەحمەد عەلییە. هاوکات دووانی دیکەش لە نەتەوەی عەرەبن و خەڵکی موسڵن، ناویان مستەفا سەعدی و رەعد ئەحمەد یونسـە.
پزیشکانی نەخۆشخانەکە بە رووداویان گوت، راستە رێژەی سووتاویی کرێکارەکان زۆرە، بەڵام چارەسەری پێویستی تەندروستی بۆ بریندارەکان کراوە و "مەترسیی گیانلەدەستدانیان نییە. چونکە قووڵیی سووتاوییەکە کەمە و پلەی یەکە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ