رووداو دیجیتاڵ
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2023، لە گوندی بۆسکێنی سەر بە قەزای رانیە بە درۆن هێرشکرایە سەر دوو کەس بەهۆیەوە دوو کەسەکە برینداربوون و زیان بەر ئەو ماڵانەی نزیک لە رووداوەکە گەیشت.
بە گوتەی شایەتحاڵەکان دوو ژن پیادەڕەو بوون و لێرە وەستاون لەو کاتەدا دڕۆنێک هاتووە کردوونی بە ئامانج و بە سەختی بریندار بوون. دەشتی حاجی دانیشتووی گوندەکەیە و ماڵیان لەنزیک شوێنی رووداوەکەیە، چیرۆکی ساتی هێرشە درۆنیەکە بۆ رووداو گێڕایەوە.
دەڵێت، "هەتا درۆنەکەشم بینی بە سەر ئەو شاخەدا رۆیی، دوو ئافرەت لێرە کەوتبوون دانەیەکیان قاچی پەڕی بوو دەستیشی تەواو گۆشتەکەی لێ بوو بۆ ئەوە دانەیەکیشیان هەموو گیانی خوێن بوو."
بەهۆی کاریگەری هێرشە درۆنیەکە کارەبای نیشتمانی گوندەکە و مارکێت و ماڵەکانی نزیک شوێنی رووداوەکە زیانیان بەرکەوتووە.
حەلیمە حاجی یەکێکی دیکەیە لە خەڵکی گوندەکە و شایەتحاڵی رووداوەکە بووە گوتی، "وامزانی رێک لە ماڵی ئێمەی دا زۆر سەوتەکەی بەهێز بوو بینیم دووکەڵ بەرز دەبێتەوە رامکرد ئەگەر چوومە ئەو دوو ئافرەتە لێ کەوتبوون دەستیان بەرز دەکردەوە سەریان بەرز دەکردەوە زۆر گوناح بوون."
سەفەر حسێنیش باسی رووداوەکە دەکات و دەڵێت، "لە ماڵەوە بووم دەنگێکی زۆر زۆر گەورەمان بیست کە هاتمە دەرەوە وەمان زانی کە لە شاخەکە دراوە بەڵام کە بینیمان لێرەکانە قەرەباڵخیێکی زۆر هەیە کە هاتم بینیم دوو ئافرەت بوون دانەیەکیان کە هەردووک قاچەکانی لە دەست دابوو."
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە ناسنامەی ئەو دوو ژنەی کراونەتە ئامانج ئاشکرا نەکراوە، جگە لەوانیش تەندروستیی راپەڕین دەڵێت، دوو کەسی دیکە کە خەڵکی گوندەکەن بەهۆی بەرکەوتنیان بە ساچمەی هێرشە درۆنیەکە بە سووکی بریندار بوون و تەندروستیان جێگیرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ