رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سێشەممە هاوکاریی دارایی مانگی ئەیلوولی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە دابەش بکرێت و 19 هەزار کەس لێی سوودمەندبن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی ئەیلوولی 2024، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پارەی هاوپەیمانان بۆ هاوکاریی وەزارەتی پێشمەرگە خراوەتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان و رۆژی سێشەممە 8ی ئەم مانگە دابەش دەکرێت.
ئەمریکا ساڵانە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی وەزارەتی بەرگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆر، هاوکاریی ئەو هێزانە دەکات کە هاوبەشی ئەمریکا و هاوپەیمانانن لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، لەنێویاندا هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو پێشمەرگانەی لە لیوا هاوبەشەکان لە هاوکارییەکە سوودمەند دەبن، ژمارەیان نزیکەی 19 هەزار پێشمەرگەیە و هاوکارییەکە لە رێگەی پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە بە شێوەی ئەلیکترۆنی وەردەگرن.
وەکو پشتیوانییەک بۆ پێشمەرگە و یەکخستنەوەی یەکجاریی هێزەکانی پێشمەرگە، هاوپەیمانان مانگانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار دەدەنە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەش وەک هاوکاریکردنی لیوا هاوبەشەکان.
بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە لەو هاوکاریانە بێبەشکراون. 4-9-2024 وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا روونکردنەوەی لەبارەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەم گرفتە هیچ پەیوەندیێکی بە بڕیارەکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە نییە، بەڵکو راستەوخۆ پەیوەندیدارە بە شێوازی کارکردن و پێدانی هاوکاریی هاوپەیمانان بە یەکە سەربازییەکان."
لە روونکردنەوەکەدا هەروەها هاتبوو: "گرفتی ئەم یەکە سەربازییانەش، پەیوەستە بە هەبوونی رۆتینێکی ئەمنیی هێزەکانی هاوپەیمانان، لەم بارەیەشەوە وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی پێویستی ناوە و کاری جدی لەسەر کردووە."
وەزارەتەکە راشیگەیاند، چاوەڕوانی بڕیاری هاوپەیمانان دەکەن بۆ رێکخستنەوە و چۆنیێتیی دابەشکردنی هاوکاریەکانیان بۆ یەکەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ