15ـی ئەیلوول بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان کۆنگرە دەبەستێت

06-09-2023
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە 15ـی ئەیلوولی 2023 کۆنگرەی 13یەمینی ببەستێت. ئەندامێکی سەرکردایەتیی ئەو حیزبە دەڵێت، "دەکرێت لە کۆنگرەکەدا بڕیاری گۆڕانکاریی گەورە بدرێت".

دوای تێپەڕبوونی ساڵێک و نیو بەسەر کۆنگرەی 12 دا، بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بڕیاریدا کۆنگرەی 13 ببەستێت کە زیاتر وەکو کۆنگرەی دامەزراندنە و بە گوێرەی یاساکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، دەبێت هەموو حیزبێک ئەو کۆنگرەیەی بەستبێت یاخود ببەستێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 06-09-2023، سەلام کەریم، ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بزووتنەوە لە ـ15ی ئەیلوولی 2023 کۆنگرەی 13یەمینی لە سلێمانی دەبەستێت و زیاتر لە دوو هەزار کادیر دەتوانن ببنە ئەندامی کۆنگرە.
 
سەلام کەریم گوتی، "لەبەرئەوەی کۆنگرەی دامەزراندنی حیزبە، تەنیا ئەو کادیرانە دەتوانن ببنە ئەندام کە لە کۆنگرەی رابردوودا ناویان تۆمارکراوە".
 
بڕیارە سبەی پێنجشەممە، ئەنجوومەنی شوورای بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ ئامادەکاریی کۆنگرەکە کۆببێتەوە.
 
رۆژی 05-02-2022 دوانزەیەم کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو کە تەنیا کامیل حاجی عەلی خۆی بۆ پۆستی رابەری گشتی بەربژێر کردبوو. دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، کامیلی حاجی عەلی نەیتوانی 50+1ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بەوەش نەیتوانی ببێتە رابەری نوێی بزووتنەوەکە و، تەنیا 265 دەنگی بەدەستهێنا. دواتر هەرچەندە عیرفان عەبدولعەزیز خۆی بەربژێر نەکردبوو، بەڵام زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرە رایانسپارد جارێکی دیکە ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆی خۆی.
 
لە دوایین کۆنگرەی حیزبەکە 277 ئەندام دەنگیان بە كامیل حاجی عەلی نەدا، بەوشێوەیەش عیرفان عەبدولعەزیز بۆ ساڵی نۆیەم و بۆ جاری سێیەم بووەوە بە رابەری گشتیی بزووتنەوەکە، ئەگەرچی خۆیشی بەربژێر نەکردبوو، بەڵام ئەمە بووە هۆی جیابوونەوەی بەشێک لە سەرکردە و کادیرەکانی ئەو حیزبە بە رابەرایەتیی کامیل حاجی عەلی و بە هەمان ناو و ئاڵای بزووتنەوەی ئیسلامییەوە بارەگایان کردەوە و خۆیان وەکو حیزبی رەسەن ناساند.
 
رۆژێک دوای کۆنگرەکە، کامیل حاجی عەلی، بەربژێری بێ رکابەر و دەرنەچووی رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی بە رووداوی راگەیاند، "دەرچوونەوەی عیرفان عەبدولعەزیز لە کۆنگرەدا کارێکی تەواو نایاساییە و لە دەرەوەی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبدایە، بۆ ئەو مەبەستەش سکاڵای یاساییم لە دژی ئەنجامی کۆنگرەکە لەلای لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر تۆمار کردووە".
 
بەڵام لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، دانی بە ئەنجامەکانی کۆنگرەی 12ی ئەو حیزبەدا نا. ئێستا بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، بە رابەرایەتیی عیرفان عەبدولعەزیز، بەردەوامە لە کاری سیاسی و حیزبی خۆی و گرووپێکی جیابووەوەش لەو حیزبە بە سەرۆکایەتیی کامیل حاجی عەلی خۆیان وەکو بزووتنەوەی ئیسلامی ناساندووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە