رووداو دیجیتاڵ
کەم کەس هەیە ئەو دیمەنەی بیرچووبێتەوە کاتێک کۆرپەیەک بە زیندوویی لەژێر داروپەردووی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات لە جندرێسی باکووری سووریا دەرهێنرا کە هێشتا بە ناوک بە دایکیەوە بەسترابووەوە، دایکی گیانی لەدەستدا، بەڵام کۆرپەکە بە موعجیزە رزگاری بوو و گەیێندرایە نەخۆشخانە.
دوای شەش مانگ لە چیرۆکە شۆکهێنەرەکە، ئێستا عەفرا منداڵێکی ژیکەڵەی تەندروست و دڵخۆشە، لە باوەشی مامێکی لە جندرێسی باکووری سووریا لەگەڵ حەوت منداڵی دیکە بەخێودەکرێت.
خەلیل سەوادی، مامی عەفرا دەڵێت، "هێشتا زۆر بچووکە، بەڵام خەندەکەی باوکی و خوشکەکەیم بیردەخاتەوە کە لە بوومەلەرزەکە گیانیان لەدەستدا."
لە 6ـی شوباتی 2023 و لەکاتێکدا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە شیرینایی خەودابوو، کاژێر 4:17 خولەکی بەیانی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.8 رێکختەر کە چەقەکەی لە مەرەشی باکووری کوردستان بوو، زیانی بە چەندین ناوچەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا گەیاند. بەهۆیەوە زیاتر لە 50 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا. 44 هەزار کەس لە تورکیا و 6.6 هەزار کەسیش لە سووریا.
دایکی عەفرا یەکێک بوو لەو قوربانییانەی بە دووگیانی گیانی لەدەستدا، بەڵام بە هەوڵی خەڵک و تیمەکانی فریاگوزاری، توانرا کۆرپەکەی نێو سکی بە زیندوویی دەربهێنرێت و هەر لەژێر داروپەردوو ناوکی ببڕن.
عەفرا تەنیا ئەندامی ئەو خێزانەبوو رزگاری بوو، دایک و باوکی و چوار خوشک و برای گیانیان لەدەستدا.
خەلیلی مامی باسی ئەو ساتەوەختە دەکات کە "عەفرا" یان لەژێر داروپەردوو دەرهێنا، دەڵێت، "بنمیچەکە بەسەریاندا کەوتبوو، کەسێک پەیوەندی پێوەکردم و گوتی، جەستەی ژنێکیان لەژێر داروپەردوو دۆزیوەتەوە، هەر کە گەیشتم دەستمکرد بە هەڵکۆڵین، دوایی گوێبیستی دەنگێک بووم بینیم عەفرایە هێشتا ناوکی بەدایکییەوە بەستراوەتەوە. هەوڵماندا رزگاری بکەین، چونکە زانیم کە وەکو تەنیا بیرەوەری ئەو خێزانە دەمێنێتەوە."
گرتەی ڤیدیۆیی ساتی رزگارکردنی عەفرا بە خێرایی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە، دوای رزگارکردن، منداڵەکە راستەوخۆ برایە نەخۆشخانە و ناویان نا "ئایە" کە بە زمانی عەرەبی واتە نیشانە، [موعجیزە].
ئەو پزیشکەی کە عەفرای تیمارکردووە دەڵێت، "سەرەتا کە هێنایانە لامان، برین لەسەر جەستەی هەبوو، بە ئەستەمیش هەناسەی دەدا، بەڵام دوای شەش مانگ ئێستا هیچ ئاسەواری برین و کێشەی هەناسەدانی پێوە نەماوە."
خەلیلی مامی دەڵێت، دوای ئەوەی لەژێر داروپەردوو دەرمانهێنا، کێشەی سییەکانی هەبوو، ئەویش بەهۆی ئەو هەموو خۆڵەی هەڵی مژیبوو، "بەڵام ئێستا تەندروستیی 100٪ باشە."
ئەوکاتەی عەفرا لە نەخۆشخانە بوو، هەزاران کەس لە سەرتاسەری جیهان داوایان دەکرد لەخۆی بگرن، خەلیل و هاوژینەکەشی کەوتبوونە کێشە، دەبوو بیسەلمێنن کە لە رووی بۆماوەییەوە کەسوکاری ئەوانە تاوەکو بتوانن لای خۆیان بیهێڵنەوە.
مامی دەڵێت، بەهۆی چیرۆکی سەرنجڕاکێشی رزگاربوونەکەی، خەڵکێکی زۆر چاویان بڕیبووە عەفرا و تەنانەت هەوڵ هەبووە لە نەخۆشخانە بیڕفێنن، دەڵێت لەو 10 رۆژەی کە لە نەخۆشخانە چاوەڕوانی گەڕانەوەی پشکنینی DNA بوونە، بەردەوام دەستیان لەسەر دڵیان بووە، بەڵام دەڵێت پۆلیس و ئەو هێزانەی بەرپرسیارییەتی ئەوێیان لە ئەستۆ بووە، پارێزگاریان لێکردوون تاوەکو کەس دەستی بۆ نەبات.
یەکەم کار کە خەلیلی مامی کردی، ناویان کرد بە عەفرا کە ناوی دایکی کۆچکردووی منداڵە شەش مانگەکەیە.
خەلیل دەڵێت، عەفرا "ئێستا کچی منە و ناتوانم لێی دووربم،" کاتێکیش گەورەبوو "پێی دەڵێم چی بەسەر هاتووە و وێنەی دایکی و باوکی و خوشک و براکانی پێ پێشان دەدەم."
هاوژینەکەی خەلیلیش لەکاتی بوومەلەرزەکە دووگیان بووە و سێ رۆژ دوای لەدایکبوونی عەفرا، ئەویش منداڵی بووە و ناوی ناوە عەتا، عەتاش ناوی یەکێک لە خوشک و براکانی عەفرای شەش مانگە.
خانووەکەی خەلیل لە جندرێس بەهۆی بوومەلەرزەکە هاوشێوەی ماڵی زۆربەی خەڵکی زیانی زۆری بەرکەوت، بۆیە خێزانەکە ناچاربوون بڕۆنە خانووی کرێ، ئێستاش لە خانووی کرێ گوزەرانیان ناجێگیرە و لەوانەیە لەبەر بێ توانایی لە رووی داراییەوە جێی بهێڵن.
خەلیل دەڵێت، ئۆفەریان لە ئیمارات و بەریتانیا بۆ هاتووە، بەڵام نیازیان وانییە بڕۆن، "ترسم هەیە عەفرامان لێ بستێنن."
جندرێس یەکێک بوو لەو شوێنانەی بە سەختی کەوتە ژێر کاریگەریی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات، بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە باکووری رۆژئاوای سووریا چوار هەزار و 500 کەس گیانیان لەدەستدا، 50 هەزار خێزانیش ئاوارەبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ