وەزارەتی دارایی لەبارەی دەنگۆی پێدانی "داتای هەڵە" بە بەغدا: لێدوانی ناڕاست و چەواشەکارین

06-08-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە لەبارەی پێدانی "داتای هەڵە" بە بەغدا بڵاوبوونەتەوە و بە "تۆمەت و لێدوانی ناڕاست و چەواشەکاری" ناویان دەبات. 
 
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 6ـی ئابی 2023، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: " لەوەڵامی لێدوانی چەند پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق و چەند میدیایەک کە ئاماژەیان بەوە کردووە وەفدی هەرێم ژمارەی ناڕاستیان لەبارەی داهاتی ناوخۆی هەرێم داوە بەبەغداد، بۆ رای گشتی و هەموو لایەکی روونی دەکەینەوە سەرلەبەری ئەو تۆمەت و لێدوانانە ناڕاست و چەواشەکارین."
 
رۆژی 16ـی تەممووزی 2023، تیمێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی دارایی عێراقیان کرد؛ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە دەڵێت، سەردانەکە بۆ ئەوە بووە تاوەکو "لەسەر شێوازی ئامادەکردن و پێشکەشکردنی راپۆرتی مانگانەی تەرازووی پێداچونەوە گفتوگۆبکەن بەو شێوازەی کە عێراق داوای دەکات."
 
وەزارەتی دارایی و ئابووری دەشڵێت، "نزیکەی دوو ساڵە پەیوەندیەکی تەندروست و بەردەوام لە نێوان دیوانی چاودێریی دارایی حکومەتی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم هەیە و ساڵی 2022 سەرجەم راپۆرتەکانی هەرێم دەربارەی خەرجی و داهاتی نەوت و ناوخۆ دوای وردبینی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی و هەرێم پەسەند کراون.
 
وەزارەتی دارایی و ئابووری باس لەوەش دەکات، شاندەکە راستەوخۆ دوای گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان "راپۆرتی تەرازووی پێداچونەوەی پێنج مانگی سەرەتای ساڵی 2023یان بۆ بەغداد ناردووە، لە 30ـی تەممووزی 2023 راپۆرتی تەرازووی پێداچونەوەی مانگی حوزەیرانیان پێشکەش کردووە."
 
پێشتر، رۆژی 3ـی ئابی 2023، ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو، "ئەو داتا و ژمارانەی لە داهاتی نانەوتی پێشکێشکراون، هەڵەیان تێدایە، بۆیە پێویستە چارەسەری ئەوە بکرێت لە رۆژانی داهاتوودا، بۆیە پێمان وایە هەر بەهۆی ئەو هەڵەیەوەیە حکومەتی عێراق بودجە و مووچەی بەشێوەیەکی تەواوەتی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە."
 
وەزارەتی دارایی دەڵێت، "بۆ ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانە باشترە پێش ئەوەی قسە لەسەر بابەتێک بکەن پەیوەندی بەلایەنی فەرمیەوە بکەن و زانیاری دروست لەبارەیەوە بەدەست بێنن." 
 
جگە لەوەش، "بۆ زانیاری هەموو لایەک، دیوانی چاودێریی دارایی حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم بە هاوبەشی بەرپرسیارن بۆ وردبینی و پەسەندکردنی راپۆرتی تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە نەک وەزارەتی دارایی، لە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو 3ـی ئابی 2023وە وەفدێکی دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی لە وەزارەتی دارایی هەرێمن بەمەبەستی وردبینی تەرازووی پێداچونەوەی شەش مانگی رابردووی هەرێمی کوردستان." 
 
 
 
 
 

 

 

 
 
      

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.