هێشتا تەرمی ئەو گەنجەی لە زێی بچووک خنکا، نەدۆزراوەتەوە

06-08-2023
ئەبوبەکر ئیسماعیل
وێنەی گەنجەکە.
وێنەی گەنجەکە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هێشتا تەرمی ئەو گەنجە 20 ساڵە نەدۆزراوەتەوە کە رۆژێک لەمەوبەر لە ئاوی لە دەربەندی رانیەدا خنکا.
 
کەسوکاری محەممەد عەلی، ئەو گەنجەی کاژێر 5:00ی ئێوارەی رۆژی شەممە لە کاتی مەلەکردن لە زێی بچووک لە دەربەندی رانیە خنکا، شین و رۆڕۆ بۆ گیانلەدەستدانی دەکەن. 
 
دوای ئەوەی محەممەد عەلی لەگەڵ هاوڕێکانی لە رانیەوە دەچنە دەربەند بۆمەلەکردن، ئاوی بەخوڕ لەگەڵ خۆی دەیبات و چەند سەت مەترێک لەدووری شوێنی مەلەکردنەکە نقوم دەبێت و دیارنامێنێت.
 
عەبدوڵڵا جوامێر، مامی گەنجە خنکاوەکەیە و دەڵێت، "دوو رۆژە هیچ سەرەداوێکی نییە. داوکارین لەگەڵمانبن تاوەکو دەیدۆزینەوە، جاری دیکەش هاتووە بۆمەلە، نازانم مەلەی زانیوە یان نا."
 
تیمەکانی مەلەوانیی بەرگریی شارستانی راپەڕین نزیکەی 100 کاژێر بوو بەدوای تەرمی کەسێکی دیکەدا دەگەڕان کە لە هەمان شوێن خنکابوو، دوای چوار رۆژ دۆزییانەوە. ئەوە 20 کاژێریشە بەدوای تەرمی محەممەد عەلیدا دەگەڕێن. بەهۆی ساردیی ئاوەکە و بوونی قوڕ و لیتە، تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە.
 
مەریوان ئەدهەم، بەرپرسی تیمی مەلەوانیی راپەڕین دەڵێت، "گرفتی سەرەکیی رێژەنی ئاوەکەیە، ئێران بەنداوی لەسەر دروستکردووە و کە ئاوەکە بەردەداتەوە، رێژەیەکی زۆر لە ئاوەکە بەردەداتەوە. جگە لەوە، خەسالەی چەو و لم زۆرن کە لەسەر ئاوەکە کاردەکەن. ئەوەش وایکردووە ئاوەکە بەڕێژەیەکی زۆر ببێتە قوڕاو و هیچ نابینرێت." 
 
عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین دەڵێت، "ئێستا قسەم لەگەڵ تیمی ژێرئاوی کرد. ماوەی یەک کاژێر بوو لەژێر ئاوەکە لە تۆڕی ماسی گیرببوون. زۆرجار بەربەستیان لەبەردەمە. شیشیان بەردەکەوێ و ژێرئاوەکە مەترسیدارە."
 
لەماوەی کەمتر لە مانگێک هەشت کەس لەئاوی زێی بچووک خنکاون، شەش کەسیان لە قەزای دووکان و دوو کەسیان لە سنووری ئیدارەی راپەڕین بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە