هەڵوێستی کوردانی ئێزدی لەبارەی پێشنیازی جیاکردنەوەیان وەکو نەتەوە

06-06-2024
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

182 پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر پێشنیازی "نەتەوەى ئێزدى" کردووە و دەیانەوێ کوردانی ئێزدی وەکو نەتەوەیەکی سەربەخۆ بناسێنن و لە کوردی جیابکەنەوە. فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان دەڵێ: هەر پیلانێک کورد لە کوردستان داببڕێت، ئێمە دژی دەوەستین.
 
بەگوێرەى نووسراوێک، کە واژۆى 182 پەرلەمانتارى عێراقى بەسەرەوەیە، داوا لە سەرۆکایەتیى پەرلەمان کراوە، پڕۆژەیاساى نەتەوەى ئێزدی گەڵاڵە بکرێت، داواکارییەکە لەلایەن نایف خەڵەف سیدۆ، پەرلەمانتارى ئێزدى لە پشکى نەینەوا پێشکێش کراوە.
 
حەیدەر شەشۆ: "ئەو گرووپە" شنگال بکەنە دەوڵەتیش لە بەرژەوەندیی ئێزدییەکان نییە
 
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان، لەبارەی ئەو پێشنیازەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "بەڕاستی کارێکی خراپە، دەبێ ئێزدییەکان هەڵوێستیان هەبێ، چونکە خزمەتیان ناکات."
 
حەیدەر شەشۆ دەڵێت "هەر پیلانێک کورد لە کوردستان داببڕێت، ئێمە دژی دەوەستین، ئەمەش تەنیا دوژمنکارییە.پێشێلکاریی نەتەوەییە و دەستی دەرەوەی نەتەوەی کوردی لە پشتە. ئەو گرووپە دەستیان تێدایە کە ساڵانێکە یاری بە هەستی ئێزدییەکان دەکەن، ئەمە رەنگە بۆ بابەتی بانگەشە و چەواشەکردنی خەڵک بێت."
 
فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان ئاماژەی بەوەکرد "ئەگەر شنگال ببێتە دەوڵەتیش، بە پرۆژەی ئەوانە بێت، بە دڵنیایی لە بەرژەوەندەیی ئیزدییەکان نییە."
 
لەبارەی هەڵوێستی کەسایەتییەکانی کوردی ئێزدیش گوتی "چاودێریی دۆخەکە دەکەین، رەنگە پیلانەکە سەرنەگرێت، ئێمە بەپێی دەستوور وەکو پێکهاتەی ئایینی ناسێنراوین وەکو بەشێک لە نەتەوەی کورد، هەر هەنگاوێک لەو رووەوە بنرێت، بێگومان هەڵوێستمان دەبێت."
 
"پێشنیازەکە نایاساییە"
 
ئیبراهیم میرانى، پەرلەمانتاری فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "ئەو داواکارییە نایاساییە، چونکە ئێزدییەکان ئایینن نەوەک نەتەوە، گەلى عێراقیش لەسەر بنەماى نەتەوە دابەش نەبووە."
 
بەشێک لە پاساوى ئەو داواکارییە بۆ گەڵاڵەکردنى پڕۆژەیاساکە، قەرەبووکردنەوەى ئێزدییەکانە بەهۆى ئەو کۆمەڵکوژییەى لەلایەن داعشەوە رووبەڕوویان بووەتەوە، ئیبراهیم میرانى دەڵێت "ئێمەش لەگەڵ ئەوەین؛ ئێزدییەکان قەرەبوو بکرێنەوە و بەرگریکارى سەرەکى بووین لەو پرسەدا."
 
مێژوونووسێک: کوردبوونی ئێزدییەکان بڕاوەتەوە
 
داود خەتاری، مێژوونووسی کوردی ئێزدی، کە خاوەنی 70 کتێبە و زۆربەیان لەبارەی مێژووی کوردانی ئێزدی و ئایینەکەوەیە، بە رووداوی گوت "هەوڵێک لەلایەن هەندێ کەسەوە هەیە بۆ ناساندنی ئێزدییەکان بە نەتەوەیەکی جیاواز لە کورد، ئەمە هەوڵێكی شکستخواردووی درێژکراوەی هەوڵەکانی پێشووە و سەرناگرێت، ئێمە پێمان سەیرە پەرلەمان خۆی لەم جۆرە بابەتانە هەڵدەقورتێنێت، ئەمە کاری پەرلەمان نییە."
 
خەتاری دەڵێت "ئەم پێشنیازە جگە لە نانەوەی دووبەرەکی و دووفاقییەکی روون، هیچ ئامانجێکی نییە."
 
بە گوتەی ئەو مێژوونووسە "ئیزدییەکان بە نەتەوە کوردن، بە ئایین ئێزدین، ئەمە سەرچاوە مێژووییەکان هەموویان باسیان کردووە، لە کۆنەوە تاوەکو ئەمڕۆ. کوردبوونی ئێزدییەکان بۆ ئەوە نییە بکرێتە کەرەستەی سیاسی، ئەوە بڕاوەتەوە کە ئێزدییەکان کوردن."
 
چالاکڤانێکی کوردی ئێزدی: نەتەوە ناگۆڕدرێت
 
کاروان حاجی، چالاکڤانێکی کوردی ئێزدییە. لەبارەی ئەو پێشنیازەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "کەس ناتوانێ نەتەوە بگۆڕێ، ئایین دەگۆڕدرێ، بەڵام رەچەڵەک نا، ئێمە بە سنوور، زمان، جلوبەرگ و مێژوو کوردین."
 
کاروان حاجی دەڵێت "ئەمە هەڕەشەیەکە بۆ سەر هەموو نەتەوەکان، هەنگاوێکە بۆ پەرتەوازەکردنی کورد."
 
پێشتر لە 18ـی تشرینى دووەمى، 2023 نایف خەڵەف سیدۆ، نووسراوێکى ئاراستەى ئەمیندارى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیران کردووە، داواى کردووە  فەرمان بدرێت بە دامەزراوە فەرمییەکان کە وەک ئایین و نەتەوە مامەڵە لەگەڵ ئێزدییەکان بکرێت.
 
لە 5ـی ئایارى 2024، د. کازم کەریم، یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى یاسایی لە ئەمینداریێتیى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیران وەڵامى ئەو نووسراوەى نایف خەڵەفی داوەتەوە و، دەڵێت "بەگوێرەى دەستوور، ئێزدییەکان وەک ئایین هەژمارکراون و ئاماژەى تێدا نییە، کە وەک نەتەوە هەژمار بکرێن."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سووتانی پاڵاوگەیەکی نایاسایی لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

ژینگەی هەولێر: 54 پاڵاوگە داخراون و 20 خاوەن پاڵاوگەش دەستگیرکراون

ئەمڕۆ دووشەممە، 23-12-2024، دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، جگە لە داخستنی کارگەکان، لە دوو هەفتەی رابردوو 20 خاوەن پاڵاوگەی نایاساییان دەستگیرکردووە کە پابەندی رێنوێنییە ژینگەییەکان نەبوون.