رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەندی ناسراوی بواری شێوەکار قەرەنی جەمیل، نوێترین ئەزموونی هونەریی خۆی لە پێشانگەی "جێهێشتن" دەخاتەڕوو، تابلۆکانی سێ مژاری سەرەکییان تێدا بوون کە ئەوانیش؛ "کەوتن"، "جێهێشتن" و "خەونەکان" بوون.
لە پێشانگەکەدا 10 تابلۆی گەورەی رەنگی زەیتی و 14 تابلۆی رەنگی ئاوی خرانەڕوو و ژمارەیەکی بەرچاو لە رۆشنبیران، هونەرمەندان و هۆگرانی هونەری شێوەکاری ئامادەبوون.
پێشانگەکە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 06-06-2023، لە هۆڵی میدیا لە شاری هەولێر کرایەوە و تاوەکو 15ـی حوزەیرانی 2023 بەردەوام دەبێت.
قەرەنی جەمیل کێیە؟
- قەرەنی جەمیل لە ساڵی 1954 لە شاری هەولێر لەدایکبووە.
- لە ساڵی 1977 بڕوانامەی دیبلۆمی لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا بەدەستهێناوە.
- ساڵی 1984 کۆرسی یەک ساڵەی (لیتۆگراف)ی لە ئیسپانیا تەواوکردووە.
- یەکەمین پیشانگەی تایبەتیی خۆی لە ساڵی 1977 لەهۆڵی (ئەیوبیە)ی شاری هەولێر کردووەتەوە.
- بەشداریی زیاتر لە (40) پیشانگەی هاوبەشدا کردووە لە (بەغدا، هەولێر، ئیتاڵیا، بەرشلۆنە، ئەلمونێیکەر، ڤالێنسیا، بڕۆکسل، کۆپنهاگن، هۆڵندە و پۆڵنیا).