بەهۆی داخرانی رێگەکانی سلێمانی نرخی گازی ماڵان لە دهۆک گران بووە

06-05-2023
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
A+ A-
 
رووداو - دهۆک

بەهۆی داخرانی رێگەکانی هاتووچۆکردنی بارهەڵگرەکان لەنێوان سلێمانی بۆ هەولێر و دهۆک، نرخی گازی ماڵان لە پارێزگای دهۆک گران بووە و بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی گازی ماڵان لە دهۆک دەڵێت، "شەش رۆژە گازی حکومی نەهاتووە بۆ دهۆک."
 
رۆژی شەممە 06-05-2023 محەممەد ساڵح، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی گازی ماڵان لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ماوەی شەش رۆژە گازی حکومی بۆ دهۆک نەهاتووە و تەنیا گازی بازرگانی لە بازاڕدا هەیە؛ گوتیشی، "بەهۆی نەمانی گازی حکومی، نرخی گاز گۆڕاوە، بە جۆرێک کە پێشتر نرخی بوتڵێک بە هەشت هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا لە بازاڕ بە نۆ هەزار دینارە و لە کۆڵانانیش بە 11 هەزار دینارە."
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی گازی ماڵان لە دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم نرخانە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان دیاریکراون و بۆ ئەوەیە رێگری لە دروستبوونی قەیرانی گاز و قەرەباڵخی بکرێت، تاوەکو چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە دەدۆزرێتەوە، هەروەها بۆئەوەی نرخ لەمە زیاتر بەرز نەکرێتەوە.
 
گازی حکومی لە سنووری پارێزگای سلێمانییەوە بە بارهەڵگر دەگوازرێتەوە بۆ دهۆک، کە رۆژانە پێویستی بە زیاتر لە 30 تۆن گازە لە هەردوو جۆری گازی ماڵان و بازرگانی.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی گازی ماڵان لە دهۆک، بەهۆی ئەوەی رێگەی کەرکووک دوورترە و زۆربەی شۆفێرەکانیش ئۆتۆمبێلەکانیان بەناوی خۆیان نییە، هەروەها لە بازگەکانیش زۆر رادەگیرێن، شۆفێری بارهەڵگرەکان ئامادە نین رێگەی کەرکووک بەکاربهێنن.
 
رۆژی 02-05-2023 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە خەڵکی نزیک لە بازگەکانی سماقوڵی، هیران و بالیسان رێگەکانیان گرتووە و ئەوەش گرفتێکی گەورەی بۆ جووڵەی بازرگانیی نێوان هەولێر و سلێمانی دروستکردووە.
 
ئومێد خۆشناو رایگەیاند، "بڕیارماندا هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە رێگەی کەرکووکەوە بێت و بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی هەولێر بە زووترین کات ئەو ئامادەکارییانە دەکات بۆ ئەوەی بەربەستەکان نەهێڵێت و بارهەڵگرەکان بەو رێگەیەدا هاتووچۆ بکەن."
 
پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ شەممە 06-05-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێگەی سەرەکیی کەرکووک - هەولێر بۆ بازرگانی کراوەیە و بارهەڵگرەکان دەتوانن بەبێ گرفت باری خۆیان بهێننە سنووری پارێزگای هەولێر و دەنگۆی نەکردنەوەی رێگەکە دوورە لە راستییەوە.
 
لەبارەی کەمیی هاتووچۆکردنی بارهەڵگرەکان لەو رێگەیەشەوە گوتی، "هەندێک لە شۆفێرەکان گرفتی مەنەفێسی ئۆتۆمبێل یان گرفتێکی دیکەی یاساییان هەیە، بۆیە ناتوانن یان نایانەوێت لە رێگەی کەرکووکەوە هاتووچۆ بکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی بەرپرسیار لەبارەی سەگی هار

ئەنجوومەنی باڵای فەتوا: لەناوبردنی سەگی هار رێگەپێدراوە

منداڵێک لە کەرکووک بەهۆی پەلاماردانی کۆمەڵێک سەگی بەرەڵڵا، گیانی لەدەستدا. قایمقامییەتی کەرکووک لە رێگەی دوو لیژنەوە کار لەسەر سەگی بەرەڵڵا دەکات و دەڵێت "ئەو سەگەی پەلاماری منداڵەکەی دا، لەنێوبرا." ئەنجوومەنی باڵای فەتواش لەسەر کوشتنی سەگی زیانبەخش و هار دەڵێت "رێگەپێدراوە".