گالەری

 
رووداو - هەولێر
 
شاهین ئەحمەد پاڵەوانی تایکواندۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سەلاحەددینە، لە ساڵی 2010 بەشداریی پاڵەوانێتیی عێراق بۆ خوار 18 ساڵ کرد لەسەر کێشی 68 کیلۆگرام، توانیی مەدالیای زێڕ بەدەستبهێنێت، لە ساڵی 2016 توانیی لە هەمان پاڵەوانێتی بۆ سەرووی 18 ساڵ، مەدالیایی زێڕ بەدەستبهێنێت.
 
شاهین سێ جار بەشداریی پاڵەوانێتیی تورکیش ئۆپنی نێودەوڵەتی کردووە، مامۆستای وەرزشە لە قوتابخانەیەکی ئەهلی؛ دوای داخستنی قوتابخانەکان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، مامۆستا و قوتابییەکان لەیەکدی دابڕان، بەڵام شاهین بیری لە بیرۆکەیەک کردەوە، بۆئەوەی بە رێگەیەک لە گوتنەوەی وانەی وەرزش بەردەوامبێت و قوتابییەکانی لە وەرزش دانەبڕێن.
 
شاهینی تەمەن 25 ساڵ، جگە لەوەی پاڵەوانی تایکواندۆیە، ماوەی پێنج ساڵە مامۆستای وەرزشە، ئەو هێندە پیشەکەی خۆشدەوێت کە بەرگەی کۆتاییهاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ناگرێت، هەربۆیە بەشێوەی ئۆنلاین، شەوانە وانەی وەرزش بۆ ماوەی یەک کاژێر بە قوتابییەکانی دەڵێتەوە، ئەوانیش ئارەزوومەندانە بەشداری دەکەن، بەڵام قوتابییەکان بەردەوام هانی مامۆستاکەیان دەدەن کە بەردەوامبێت لەسەر ئەم شێوازەی وانە گوتنەوەی وەرزش.
 
ئەو مامۆستایە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئامانجی من ئەوەیە کە قوتابییەکانم بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆنا و راگرتنی خوێندن لە وەرزش دوورنەکەونەوە و کاتی خۆیان بە شتی لاوەکی بەفیرۆنەدەن، خۆشەویستی بۆ وەرزش لای کاڵ نەبێتەوە؛ قوتابییەکانم هەموو شەوێک بەبێ دواکەوتن و بە ئارەزووی خۆیان، هەموویان ئامادەن لە ژوور و ماڵەکانیان".
 
ئارێز شوان، پۆلی سێی بنەڕەتییە و دەڵێ "ماوەی دوو هەفتەیە بەشداری لە وانە وەرزشییەکانی مامۆستاکەم دەکەم، پێویستە وەرزش بکەم، چونکە وەرزش هێز و توانام پێ دەبەخشێت".