رووداو دیجیتاڵ
بڕیاربوو دوای جەژنی رەمەزان، شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی درێژە بە کۆبوونەوەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت بدەن. گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، ئەم هەفتەیەش کۆنابنەوە.
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 6ـی نیسانی 2025) سەعدی ئەحمەد پیرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی یەکێتی و پارتی دیار نەکراوە، بەڵام لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ، زۆر نزیکین."
دوایین جار لە 18-3-2025، شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆبوونەوە، ئەوکات راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتبوو کۆبوونەوەکەیان "ئەرێنی" بووە. گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت، "بڕیار بوو راستەوخۆ دوای جەژن، درێژە بە کۆبوونەوەکان بدرێت، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەم هەفتەیەش کۆنابنەوە و هیچ وادەیەکیش دیارنییە."
وەکو سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت، "دەبێت ئامادەکاریی تەواو بکرێت، چونکە لە کۆبوونەوەی ئەمجارەدا، باسی دابەشکردن و یەکلاییکردنەوەی پۆستەکان دەکرێت."
16-3-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە. دواتر کۆبوونەوەکەیان بە ''ئەرێنی و زۆر باش'' وەسف کرد.
زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردن و زیاتر لە سێ مانگیش بەسەر یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ