رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک نرخی بەنزین بەرزبووەوە. لە سلێمانی و هەڵەبجەش جێگیرە.
سەرباز کەریم، گوتەبێژی مەیدانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی لیترێک بەنزینی کوالێتیی بەرزی کۆمپانیاکانی کار و لاناز بە کۆ گەیشتووەتە نزیکەی 900 دینار؛ لە بەنزینخانەکانیکیش لیتری 25 بۆ 50 دیناری دەخرێتەسەر تاوەکو دەگاتە شۆفێران".
سەرباز کەریم ئاماژەی بەوەشکرد، دوو رۆژ پێش مانگی رەمەزان لیتری هەمان بەنزین بە کۆ 805 بۆ 810 دینار بووە.
لە سلێمانی پێشتریش نرخی بەنزینی نۆرماڵ لیتری نزیکەی 30 دینار بەرزتربوو لە هەولێر و گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە.
بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی نۆرماڵی کوالێتیی بەرز جێگیرە و لیتری بە 900 دینارە."
جگە لە بەنزینی نۆرماڵ، لە هەرێمی کوردستان بەنزینی موحەسەن و سوپەریش هەن، بەهمەن شێخ قادر دەڵێت، موحەسەن لیتری هەزار و 100 دینارە و سوپەریش هەزار و 250 دینارە.
لە هەڵەبجەش هاوشێوەی سلێمانی نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ 900 دینار بووە و ئێستاش بەهەمانشێوەیە.
هەر ئەمڕۆ بازرگانێکی سووتەمەنی لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرچاوەی بەنزینی بازرگانیمان هەولێرە، ئەمڕۆ کەمێک نرخ بەرزبووەتەوە، بەڵام لە رۆژانی داهاتوو زیاتر بەرز دەبێتەوە هاوشێوەی هەولێر".
هاوکات کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ هاوسەنگیی بازاڕ دابەشکردنی بەنزینی حکومی لە ژمارەیەک بەنزینخانە بەردەوامە و نرخیشی هیچ گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە و لیتری بە 750 دینارە".
لە هەولێریش رۆژانە نزیکەی 20 بەنزینخانە بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەت دابەش دەکەن لیتری بە 750 دینار.
ساڵی رابردوو چەند جارێک گۆڕان بەسەر نرخی بەنزیندا هات، بەڵام لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لە بەنزینخانەکانی هەولێر و دهۆک لیترێک نۆرماڵ لە نزیک 870 دینار جێگربوو، لە سلێمانی و هەڵەبجەش 900 دینار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ