سی پی تی: لە دوای بانگەوازی ئۆجەلانەوە تورکیا 14 هێرشی کردووە و پەکەکە وەڵامی دووانی داوەتەوە

06-03-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی سی پی تیی ئەمریکی، لە رۆژی 27ـی شوباتەوە کە ئۆجەلان لە پەیامێکدا داوای ئاشتی و چەکدادانی لە پەکەکە کرد، تورکیا 14 جار لە هەرێمی کوردستان هێرشی کردووەتە سەر پەکەکە و گەریلاکانیش وەڵامی دوو لە هێرشەکانیان داوەتەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکە، نۆ لە هێرشەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک؛ سێ لە پارێزگای سلێمانی و دوو هێرشیان لە پارێزگای هەولێر بوون. ئەندامێکی رێکخراوەکە دەڵێت: "داوا دەکەین لە پڕۆسەی ئاشتیدا قەرەبووی هەموو قوربانییان بکرێتەوە".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگە  (CPT)ـی ئەمریکی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، بۆردوومانەکان بەگوێرەی ناوچەکان بەمشێوەیە بووە:
 
- 27ـی شوبات، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی کوێستانەکانی خواکوڕک و خنێرەیان کرد لە قەزای سیدەکانی سنووری پارێزگای هەولێر .
 
- 27ـی شوبات، سوپای تورکیا بۆردوومانی چیای گارەی کرد لە قەزای ئامێدیی پارێزگای دهۆک. هەمان رۆژ تورکیا تۆپبارانی چیای مەتینی کرد لە گوندەکانی بەلاڤە و گوهەرزێ لە قەزای ئامێدی.
 
- هەر لە 27ـی شوبات، لە درەنگی شەودا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دەووروبەری گوندی گەڵاڵەیان لە قەزای ماوەتی پارێزگای سلێمانی بۆردوومان کرد.
-
 28ـی شوبات تۆپخانەکانی تورکیا جارێکی دیکە چیای مەتینیان لە نێوان گوندەکانی بەلاڤە و گوهەرزێ لە قەزای ئامێدی تۆپباران کرد.
 
- 2ـی ئادار، سوپای تورکیا بە هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی جەنگی، هێرشێکی چڕی بۆسەر چیای لینکی و گەلی رەشاڤە لە ناحیەی دێرەلووک لە پارێزگای دهۆک ئەنجامدا. هێرشەکە بۆماوەی 45 خولەک بەردەوام بوو کە ئەمە گەورەترین و درێژترین ماوەی هێرشی سوپای تورکیایە لە هەرێمی کوردستان لە نیسانی ساڵی 2022ـەوە. چەکدارانی پەکەکە، بە تەقەکردن لە هێلیکۆپتەرەکان وەڵامی ئەم هێرشەیان دایەوە. هەر لەهەمان رۆژدا سوپای تورکیا تۆپبارانی گوندی سگیرێی لە قەزای ئامێدی کرد.
 
- 4ـی ئازار، هێلیکۆپتەرەکانی سوپای تورکیا، هێرشیان کردە سەر گەلی مێوین لە گوندی بەلاڤە لە قەزای ئامێدی.
 
- 5ـی ئازار، تۆپخانەکانی تورکیا لە بارەگا سەربازییەکانیانەوە تۆپبارانی چیای مەتینیان کرد لە گوندی گوهەرزێ، لە وەڵامی ئەو تۆپبارانەدا، چەکدارانی پەکەکە تەقەیان لە بارەگا سەربازییەکی تورکیا کرد. لە ئێوارەی هەمان رۆژدا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە سەختی بۆردوومانی دۆڵی ژاژۆڵان و خەندەکیان لە پشتی گوندی گەڵاڵە لە قەزای ماوەت کرد. 
 
رێکخراوی سی پی تی پێشێلکارییەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان تۆمار دەکەن. کامەران عوسمان، ئەندامی تیمەکانی رێکخراوەکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەش لە هێرشەکان تۆپباران بوون. پێنج هێرش بە فڕۆکەی جەنگی و سێ هێریش بە هێلیکۆپتەر بووە".
 
کامەران عوسمان دەڵێت: "هێرشەکان بەڵگەی ئەوەن کە پێویستە پڕۆسەی ئاشتی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە چاودێری بکرێت. پێویستە پڕۆسەیەکی ئاشتی درێژخایەن و پڕ لە گفتوگۆی روون و ڕاشکاو بۆ دەوڵەتی تورکیا و چەکدارانی پەکەکە پێشنیاز بکرێت".
 
ئەو ئەندامەی تیمی کوردستانی سی پی تی ئاماژە بەوە دەکات، "رێکخراوەکەمان بەردەوام دەبێت لە داکۆکیکردن بۆ ئاشتییەکی راستەقینە و دادپەروەر کە تێیدا قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەش لە خۆ بگرێت کە بوونەتە قوربانی ئەو جەنگەی کە بۆ زیاتر لە 40 ساڵە بەردەوامە".
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک لایەنگری یەکێتی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دا

یەکێتی سەرپەرشتیاری بازنە و بەربژێرەکانی بۆ پەرلەمانی عێراق دەستنیشان دەکات

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چەند رۆژێکە دەستی بە ئامادەکاری کردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەو مەبەستە سەرپەرشتیاری ناوچەکانی هەڵبژاردنی دیاریکردووە و دەستی بە چاوپێکەوتنیش کردووە لەگەڵ ئەو کادیرانەی سیڤییان بۆ بەربژێری پێشکێشکردووە.