رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان رێنوێنیی نوێ بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی نیشتەجێبوون (ئیقامە) بۆ کرێکاری بیانی کەوتووەتە جێبەجێکردنەوە. پێشتر تێچووەکەی کەمتر لە 400 هەزار دینار بوو، ئێستا بۆ زیاتر لە ملیۆنێک و 760 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
لایەنی پەیوەندیدار دەڵێ، "بۆ ئەوەیە؛ کەرتی تایبەت بایەخ بە کرێکاری نێوخۆیی بدەن."
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، رێکار و رسووماتەکانی بەدەستهێنانی مافی نیشتەجێبوون گۆڕانکاریان تێدا کراوە، دەرهێنانی ناسنامەی مۆڵەتی کار بۆ کرێکاری دەرەکی لە 10 هەزار دینارەوە بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن دینار بەرزبووەتەوە، بەڵام بۆ کرێکاری نێو ماڵان 500 هەزار دینارە.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 06ـی ئاداری 2025) هاونیشتمانییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکات و سەرقاڵی دەرهێنانی مافی نیشتەجێبوونە، بە رووداوی گوت "پار ئیقامەم دەرهێنا، بۆ ساڵێک 350 هەزار دینار بوو، ئێستا پارێزەرەکەم دەڵێت تێچووەکەی بۆ یەک کەس گەیشتووەتە ملیۆنێک و 800 هەزار دینار."
گۆران عوسمان، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دەستەبەری کار و کاوباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "گۆڕانکاری رسووماتەکان بەگوێرەی رێنوێنییە، کە بۆ ئێمە نێردراوە و لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەسند کراوە، ئێمەش پابەندکراوین جێبەجێی بکەین."
لە هەرێمی کوردستان، زۆرترین کرێکاری بیانی ئەو هاونیشتمانیانەن، کە لە باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستانەوە هاتوون و دەبێت ساڵانە مۆڵەتی نیشتەجێبوونەکەیان نوێ بکەنەوە.
تێچووی دەرهێنانی مافی نیشتەجێبوون (ئیقامە) لە هەرێمی کوردستان
پارێزەرێک کە کاروباری دەرهێنانی مۆڵەتی نیشتەجێبوون بۆ کرێکارانی بیانی دەکات، بە رووداوی گوت، "یەکێک لە رێنوێنییە نوێیەکان سپاردنی پاسپۆرت و ئیقامەیە بۆ کرێکاری بیانی بە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت، کە بۆ ئەو کارە، دوای تەواوبوونی ئیقامەکە 55 هەزار دینار وەردەگرێت، ئەمە پێشتر نەبووە."
بەگوێرەی رێنوێنییە نوێیەکە، بیمەی تەندروستی بۆ کرێکاری بیانی لەلایەن کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتەوە وەرگیراوە، کە بۆ یەک کەس ساڵانە 375 هەزار دینارە.
یەکێکی دیکە لەو رسووماتانەی پارەکەی زیاتر کراوە؛ ناسنامەی مۆڵەتی کارە. بە گوتەی ئەو پارێزەرە، "پێشتر بۆ کرێکاری دەرەکی یەک ناسنامەی مۆڵەتی کار، بە 10 هەزار دینار دەرکراوە، ئێستا کراوەتە زیاتر لە ملیۆنێک و 110 هەزار دینار."
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، هەر کرێکارێکی بیانی مۆڵەتی نیشتەجێبوون دەربکات، دەبێت پشکنینی خوێن بکات، ئەویش نرخەکەی لە 31 هەزار دینارەوە بۆ 89 هەزار دینار زیادکراوە.
بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی نیشتەجێبوونی کرێکاری بیانی، لە رێگەی پارێزەرەوە، نزیکەی 15 رۆژ کاتی پێویستە و کۆی تێچووەکەی نزیک دەبێتەوە لە ملیۆنێک و 750 هەزار دینار.
دەستەبەری کۆمەڵایەتی: رێکارەکان لە بەرژەوەندیی کرێکاری خۆماڵین
گۆران عوسمان، بەڕێوەبەری بەشیی یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دەستەبەری کار و کاوباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: " رەشنووس و رێنوێنییەکان لەلایەن لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتی وەزیری پلاندانان نووسراوە بە بەشداری وەزارەتەکانی دیکە، دواتر خراوەتە بەرنامەی کاری ئەنجوومەنی وەزیران و لەوێش بە بڕیاری 239 پەسند کراوە".
بەڕێوەبەری بەشیی یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کار دەڵێت "ئێمە، نێوەڕۆکی بڕیارەکە جێبەجێ دەکەین. بەگوێرەی یاسای ژمارە چواری ساڵی 2012، یاساکە بەسەر تێکڕای کرێکاران و کارگوزاران لە دەزگا و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت. بەگوێرەی دەقەکە، نابێت هیچ کرێکارێک دەستەبەر نەکرێت."
رێنماییە نوێیەکە لە 06-02-2025ـەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. گۆران عوسمان گوتی "پارەی دەستبەری کرێکاری بیانی، بە گوێرەی یاسایە و بڕە پارەیەک دیاری دەکرێت بەگوێرەی مووچەی کرێکارەکەیە، ئەگەر کەسێک کرێی مانگانەی 500 هەزار دینار بێت، دەبێت رێژەی 17%ـی بدرێتە بەڕێوەبەرایەتیی دەستبەری کار، لەو رێژەیە 5%ـی لە کرێی کرێکارەکە دەبێت و 12%ـی دەبێت شوێنی کارەکەی بیدات، بۆیە پارەی دەستەبەرەکە گۆڕانی بەسەردا دێت، بەگوێرەی مووچەکەی."
بەڕێوەبەری بەشیی یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دەستەبەری کار ئاماژەی بەوەشکرد، "دەستەبەری کار، تەنیا بۆ کرێکارەکەیە و ئەو پارەیە پەیوەندیی بە هاوژین و منداڵەوە نییە، تەنیا پارە لەو کەسە وەردەگیرێت، کە کار دەکات و گرێبەستی کاری هەیە."
لەبارەی ناسنامەی مۆڵەتی کار، کە لە 10 هەزار دینارەوە بۆ زیاتر لە ملیۆنێک دینار بەرزبووەتەوە، گۆران عوسمان گوتی "ئەو پارەیە کە ملیۆنێک دینارە، دەبێت خاوەنکارەکە بیدات نەوەکو کرێکار، بەگوێرەی رێنماییەکە کرێکار ناچار نییە ئەو پارەیە بدات و خاوەنکارەکە ناچار کراوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە خاوەنکارەکان کرێکاری نێوخۆیی بەکاربهێنن، کە هیچ پارەیەک نادەن."
ئەو بەرپرسەی دەستەبەری کار ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ناسنامەی مۆڵەتی کار، کرێکار و کارگوزاری ماڵ جیاکراونەتەوە و بۆ کارگوزار 500 هەزار دینار وەردەگیرێت، نەوەکو ملیۆنێک.
بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دەستەبەری کار گوتی، بڕیاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەیە، کە نابێت کرێکاری بیانی لە هیچ پڕۆژەیەکدا 25%ـی کۆی کرێکارەکان پێکبهێنن و دەبێت 75%ـی کرێکارەکان نێوخۆیی بن، "بۆیە دەرکردنی رێنوێنییە نوێیەکەش، بۆ پشتیوانی لە کرێکاری نێوخۆییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ