رووداو دیجیتاڵ
گوندی گەڵاڵە لە دەڤەری شارباژێڕ لە پارێزگای سلێمانی بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومان کرا.
کامەران عوسمان، ئەندامی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی رۆژی پێنجشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 11:40ـی شەوی چوارشەممە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دۆڵی "ژاژۆلان"یان لە گوندی گەڵالە بە سەختی بۆردوومان کرد".
رێکخراوی سی پی تی پێشێلکارییەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان تۆمار دەکەن. ئەو ئەندامەیان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بەهۆی نزیکی بۆردوومانەکە لە نێو گوندی گەڵاڵە، تەواوی گوندنشینان هەستیان پێکردووە و خانووەکانیان لەریونەتەوە".
لە رابردووشدا سوپای تورکیا بە پاساوی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) چەند جارێک سنووری هەمان گوندی بۆردوومان کردووە.
بۆردوومانەکە لەکاتێکدایە، پەکەکە لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجەلانی رێبەریی زیندانیکراویان، لە 1ـی ئادارەوە ئاگربەستی راگەیاندووە، بەڵام دوای ئاگربەستەکەوە چەند جارێک سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بۆردوومان کراون.
27ـی شوباتی 2025، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، داوای چەکدانانی لە پەکەکە کرد. دوو رۆژ دواتر، لە یەکی ئادار پەکەکە پابەندبوونی بە داوای رێبەرەکەیان راگەیاند و ئاماژەی بەوەشکرد، تەنیا لە کاتی بەرگریدا وەڵام دەدەنەوە و هێزەکانیان هیچ چالاکییەک ناکەن.
لە دوای پەیامەکەی رێبەری پەکەکەوە، تورکیا 9 جار سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کردووە، کە دووانیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون، یەکێک لە پارێزگای سلێمانی و شەشەکەی دیکەش لە پارێزگای دهۆک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ