بەشێک لە ئەفسەرانی خانەنشین مووچەکانیان بۆ نیوە کەمکراوەتەوە

06-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە ئەفسەران کە ئەمڕۆ پێنجشەممە مووچەیان وەرگرتووە، دەڵێن مووچەکەیان بۆ نیوە و کەمتر لە نیوە کەمکراوەتەوە. بەرپرسێکی خانەنشینی دەڵێت: "ئەفسەرانی خانەنشین لە 500 بۆ 700 هەزار دینار لە مووچەکەیان بڕدراوە".
 
ئەفسەرێکی خانەنشین بە پلەی موقەدەم لە پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ هەموو خانەنیشنانی سنوورەکەمان مووچەیان بۆ زیاتر لە نیوە کەمکراوەتەوە، هەمانە پێشتر ملیۆنێک و 400 هەزار دینار مووچەی بووە، ئەمڕۆ 570 هەزار دیناری وەرگرتووە".
 
بە گوتەی ئەو ئەفسەرە، ئەوانەشی مووچەیان ملیۆنێک دینار بووە 500 هەزار دیناریان پێدراوە.
 
 فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوانەی مووچەی خانەنشینیان کەمکراوەتەوە ئەوانەن مووچەکەیان سەر بە وەزارەتی داراییە و زۆرینەیان لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگەن".
 
فەتحوڵا عومەر دەڵێت: "لێ بڕینەکە زیاتر سنووری پارێزگای سلێمانی گرتووەتەوە. هۆکارەکەش ئەوەیە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە دەستکاریکردنی مووچەدا نەگەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە".
 
هەر ئەمڕۆ هادی ئەکرەم، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لێبڕینەکە خانەنشینانی سەربازی یەکەی 70ـی زیاتر گرتووەتەوە، بەشێکی یەکەی 80 و خانەنشینانی وەزارەتی پێشمەرگەشی گرتووەتەوە".
 
لەبارەی هۆکارەکەیەوە هادی ئەکرەم گوتی: "لەنێوان بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی لێکتێنەگەیشتن هەبووە لە ئامادەکردنی لیستەکانی مووچەدا، کە بە گوێرەی یاسای خانەنشینیی عێراق ئامادە کراوە".
 
بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی گوتیشی: "ئەوانەی مووچەکەیان بڕدراوە لە 500 بۆ 700 هەزار دینارە، پارەی دەرماڵەیان بڕدراوە، کە بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی عێراق ئەو دەرماڵەیە نییە، بەڵام لە یاساکەی پێشتری هەرێمی کوردستاندا دەرماڵەی زۆر دانراوە بۆ ئەفسەران".
 
هادی ئەکرەم ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنە پەیوەندیدارەکان هاتوونە سەر هێڵ و بڕیاردراوە، کە "ئەو ئەفسەرانەی پارەی زۆریان لێبڕدراوە لە مووچەی مانگی دوودا قەرەبوو بکرێنەوە".
 
لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردووەوە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کرا، بەڵام تاوەکو ئەم مانگە خانەنشینانی سەربازیی یاساکەیان بەسەردا جێبەجێ نەکرابوو.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە