رووداو دیجیتاڵ
دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە، کە هێزێکی سوپای سووریا دەچێتە عەفرین و دەوروبەری و گرووپە چەکدارەکانی نزیک تورکیا دەسەڵاتیان رادەست دەکەن. بەرپرسێکی ئەنەکەسە لە شارەکە دەڵێت، "بڕیارەکە نەبووەتە فەرمی".
ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین ئەمڕۆ پێنجشەممە 06-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی بڵاو دەکرێنەوە و زانیارییە نافەرمییەکان، ئەمڕۆ 60 ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئاسایشی گشتیی (ئەمنی عام)ـی سەر بە سوپای سووریا دەگەنە عەفرین و دەوروبەری".
ئەحمەد حەسەن دەڵێت، تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرینی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بە فەرمی لەوە ئاگادار نەکراوەتەوە، کە لە ئەمڕۆوە دەسەڵاتی عەفرین و دەوروبەری بکەوێتە دەست سوپای سووریای نوێ.
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین کە لەنێو شارەکەوە بۆ رووداو قسەیکرد گوتی: "ئەگەر بڕیارەکە ببێتە فەرمی، ئەوە گرووپە چەکدارەکان تێکەڵی سوپای سووریا دەکرێن و دەچنە سەر وەزارەتی بەرگری".
گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین بەردەوامە
08-12-2024، دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) دیمەشقی کۆنترۆڵکرد و کۆتایی بە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.
لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی دیمەشقدا، گرووپە چەکدارەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا هەردوو ناوچەی شەهبا و منبجیان کۆنترۆڵکرد کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوو، ئەوە وایکرد خەڵکی ئەو دوو ناوچەیە کە زۆرینەیان هاونیشتمانیی عەفرین بوون و لە ئاوارەییدا بوون جارێکی دیکە بەشێکیان ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە ببنەوە و بەشیکیشیان گەڕانەوە عەفرین و دەوروبەری.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەنەکەسە لە عەفرین، تاوەکو ئێستاش گەڕانەوەی کورد بۆ شارەکە بەردەوامە، بەڵام بە رێژەیەکی کەمتر لە مانگی رابردوو.
بەگوێرەی دوایین ئاماری پۆلیسی خۆجێی عەفرین بۆ ئەنەکەسە کە بە رووداو دراوە، دوای ئاڵۆزییەکانی مانگی 12ی ساڵی رابردوو، کە بووە هۆی کەوتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری پێشووی وڵاتەکە، زیاتر لە 71 هەزار هاونیشتمانی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە عەفرین و دەوروبەری.
ئەحمەد شەرع: ئامانجمان کۆنترۆڵکردنی چەکە لەلایەن دەوڵەتەوە
3-2-2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ سووریا تیڤی رایگەیاند، لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی یەک سوپا لە سووریا هەبێت.
شەرع کە سەرکردایەتی هەتەشەی کرد لە رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد دا گوتیشی: "ئامانجی سەرەکیی گفتوگۆکانمان لەگەڵ هەسەدە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و کۆنترۆڵکردنی چەکە لەلایەن دەوڵەت، هەسەدە ئەوەی بەلاوە پەسندە، بەڵام ناکۆکی لەسەر هەندێ وردەکاری هەن".
شەرع بێ ئاماژەدان بە ناوی تورکیا کە پشتیوانی گرووپە چەکدارەکانی عەفرین دەکات گوتی: "هەموو لایەنەکان چ هەرێمی بن یان نێودەوڵەتی، پاڵپشتی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەن و دژی هەر هەوڵێکن بۆ دابەشبوون یان جیابوونەوە. تەنانەت ئەو وڵاتانەی کە هاوکاری بەشێک لە گرووپەکانی ناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکەن هاوڕان لەگەڵ بیرۆکەی دەوڵەتی سووریا کە دەبێت چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت."
20-01-2018 سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سووریا کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات، ئۆپەراسیۆنێکیان بەناوی چڵە زەیتوون بۆ سەر شاری عەفرین دەستپێکرد، دوای زیاتر لە دوو مانگ بەرگریی شەڕڤانانی هەسەدە، شارەکەیان داگیر کرد.
لە سنووری قەزای عەفرین 6 ناحیە و 366 گوند هەن، لەدوای داگیرکردنی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، تاوەکو ئەمڕۆ، زۆرینەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە لە ئاوارەیدا دەژین و ئامادە نین بگەڕێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ