رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دەوروبەری گوندی گەڵاڵە لە قەزای ماوەت لە پارێزگای سلێمانی بۆردوومان کرا.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT) ـی ئەمریکی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆردوومانەکە کاژێر 10:47ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 06-02-2025 لەلایەن فڕۆکەی جەنگیی تورکیاوە کراوە".
کامەران عوسمان کە ئەرکی رێکخراوەکەی تۆمارکردنی پێشلکارییەکانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە دەڵێت: "بە چڕی (دۆڵی ژاژۆلان، کوێرەکانی و کێوی کوڕیس)ی لە سنووری گەڵاڵە بۆردوومان کراوە".
کامەران عوسمان گوتی، بەهۆی سەختی ناوچەکە و بارینی بەفرەوە، تاوەکو ئێستا نازانرێت بۆردوومانەکە زیانی گیانی هەبووە یان نا.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکە، "لە 9 مانگی ساڵی رابردوودا، تورکیا نزیکەی هەزار و 600 جار خاکی هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کردووە، لەکاتێکدا بەدرێژایی ساڵی 2023 هەزار و 548 جار بۆردوومانی کردبوو".
کامەران عوسمان گوتی "لە 01-01-1991ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ، 720 هاونیشتمانی بوونەتە قوربانیی بۆردوومانەکانی تورکیا، کە 353ـیان کوژراون و 367ـیشان بریندارن".
بەگوێرەی ئاماری (CPT)، لە ئەنجامی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە و بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا، زیاتر لە 170 گوندی هەرێمی کوردستان بە تەواوی چۆڵکراون و 602 گوندیش مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ