کێ دەبێتە پارێزگاری هەڵەبجە؟ زانیاریی نوێ لای رووداوە

06-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە وەریگرتووە، پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە بۆ نوخشە ناسیح، قائیمقامی ئێستای شارەکە یەکلابووەتەوە.
 
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 06-02-2025) سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "رێکارەکانی بەپارێزگاربوونی نوخشە ناسیح لە وەزارەتی ناوخۆ تەواو بوون و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە بۆ پەسندکردن، کە پێدەچێت هەفتەی داهاتوو پەسند بکرێت." 
 
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ ئازاد تۆفیق، پارێزگاری خانەنشینبووی هەڵەبجە لە دیوانی پارێزگا دەوامی کردووە بۆ راپەڕاندنی کارە کارگێڕییەکانی هاونیشتمانیان.
 
لە 26ـی مانگی رابردووەوە پارێزگاری هەڵەبجە و جێگرەکەی خانەنشین بوون و تاوەکو ئەمڕۆ، کەس لە جێگەیان دانەنراوە. جێگرەکەی دیکەی پارێزگاریش کاوە عەلی بوو، کە لە هەڵبژاردنی ساڵی رابردوودا بووە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و دەستبەرداری پۆستەکەی بوو.
 
لەنێو ئەو کەسانەی ناویان بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار دەهێندرا، نوخشە ناسیح، شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی و مەهاباد کامل، سەرۆکی پێشووی زانکۆی هەڵەبجە هەبوون.
 
هەر ئەمڕۆ د. مەهاباد کامیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "تاوەکو ئەمڕۆ، بە فەرمی هیچمان نەبیستووە کە کەسێک دیاریکرابێت بۆ پارێزگار، ئەوەی هەیە دەنگۆیە." 
 
سەرۆکی پێشووی زانکۆی هەڵەبجە گوتیشی "ئەگەر حیزب و حکومەت من دیاری بکەن، پۆستەکە پەسند دەکەم و ئەو ئەرکە لە ئەستۆ دەگرم. کەسێکی دیکەش دابنرێت، پیرۆزبایی لێ دەکەم." 
 
پارێزگاری هەڵەبجە لە حکومەتی خۆجێیی ناوچەکە لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرا، دوو جێگرەکەشی یەکێکان لە بزووتنەوەی گۆڕان و ئەوی دیکەش یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بوو.
 
هەڵەبجە، چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستانە. ناوەندەکەی کە قەزای هەڵەبجەیە، یەکێکە لە کۆنترین قەزاکان، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا و پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا و وەسمان پاشای جافی هاوژینی عادیلە خانم، یەکەم قایمقامی قەزاکە بووە.
 
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیکەی 120 هەزار کەسە. پارێزگاکە لە دوو قەزا و سێ ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و قەزای خورماڵ، ناحیەکانی بیارە، بەمۆ و سیروان.
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 منداڵەکان رەوانەی نەخۆشخانەی ئێمرجنسی کراون.

پێنج منداڵ لەکاتی یاریکردندا لە گوندێکی سنووری بەحرکە لە پارێزگای هەولێر سووتان

پێنج منداڵ لە گوندێکی سەر بە بەحرکەی پارێزگای هەولێر لەکاتی یاریکردندا تۆپێکیان خستووەتە سەر ئاگر، نەوتیان پێدا کردووە و بەو هۆیەوە جەستەی هەر پێنجیان سووتاوە. باوکی دوو لە منداڵەکان دەڵێت: ''دۆخی تەندروستیی دووانیان خراپە.''