زانیاری لەبارەی ئەم شەپۆلەی بارانبارین کە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە

06-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە شەوی رابردووەوە شەپۆلێکی لاوازی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆش باران دەبارێت. 
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (پێنجشەممە) بڵاویکردەوە، "بەدرێژایی کاتەکانی ئەمڕۆ، هەوری باراناوی دەبێت؛ لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت. لە هەرێمی کوردستان دا پلەی گەرما 5 بۆ 8 پلە دادەبەزێت." 
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەی، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "نمەبارانی پچڕپچڕ لە ناوچە جیاجیاکان دەبارێت، لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت. درەنگی شەو، بەفربارین بەشێوەی پچڕ پچڕ درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی نێوەڕاستی هەرێمی کوردستان."
 
هەر ئەمڕۆ، جەوهەر حەمەلاو، لێپرسراوی بەشی کەشوهەوا لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە شەوی رابردووەوە ناوبەناو، باران لە سلێمانی دەبارێت و تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆ 2.7 ملیمەتر باران باریوە".
 
لێپرسراوی بەشی کەشوهەوا لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی سلێمانی گوتی، بارانبارین لە سلێمانی بەردەوامە و "ئێوارەی ئەمڕۆ، باران لە ناوچەکانی دیکەش دەبارێت، بەتایبەتی هەولێر."
 
بە گوتەی جەوهەر حەمەلاو، ئەم شەپۆلەی بارانبارین لە ناوچە جیاجیاکان تاوەکو بەرەبەیانی سبەی بەردەوام دەبێت و لە نیوەڕۆدا لاواز دەبێت، دوو سبەی دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
 
هەر ئەمڕۆ محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت "شەپۆلەکە شەوی رابردوو بە لاوازی دەستیپێکرد و ئەمڕۆ دەستپێکی بەهێزیی شەپۆلەکە دەبێت، کە لە بەیانییەوە لە سنووری پارێزگەکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین باران دەبارێت." 
 
محەممەد کەمال گوتیشی، لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە باران لە هەولێر و دهۆکیش دەبارێت. دەشڵێ "بارانەکە زستانەیە و سوودی باشی بۆ دەغڵودان دەبێت".
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای سبەی بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 13 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 10 پلەی سیلیزی
دهۆک: 14 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 16 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 12 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 14 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 1- پلەی سیلیزی
سۆران: 7 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 18 پلەی سیلیزی 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە