رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای دووکان رایدەگەیێنێت، پێنج پرۆژەی خزمەتگوازی و پرۆژەیەکی ستراتیژییان بەهۆی قەیران و نەبوونی بوودجەوە راگیراون. دەشڵێت، تۆمارکردن و تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی سنووری قەزاکە بەشی زۆری تەواوکراوە و دەبنە یەکەم قەزا لە هەرێمی کوردستان کۆتایی بەو پرۆسەیە بهێنن.
سیروان سەرحەد، قایمقامی قەزای دووکان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژار لە رادیۆی رووداو کە محەممەد رەحیم کەریم، رۆژانە پێشکێشی دەکات رایگەیاند، "بەهۆی قەیران و نەبوونی بوودجەوە لە چەند ساڵی رابردوودا کاری ئێمە زیاتر ئیدارەدانی قەیران بووە، ئەو پرۆژانەشی کە جێبەجێکراون پرۆژەی بچووک بوون."
قایمقامی قەزای دووکان دەڵێت، بەهۆی قەیران و نەبوونی بوودجە ئێستا پێنج پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری دووکان راگیراون، لەوانە پرۆژەی خزمەتگوزاری لە گەڕەکەکانی (تاڤگە، بانوان، سەرچەم) پێشتر لەسەر بوودجەی پترۆ دۆلار بوون و 40٪ بۆ 60٪یان جێبەجێکراون، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوون.
گوتیشی، بێجگە لەو سێ پرۆژەیە پرۆژەی تەواوکردنی شوقەی تایبەت بە کرێنشینان و کەمدەرامەتان، زیاتر لە 80٪ی تەواوکراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانەوە راگیراوە و پرۆژەی قوتابخانەیەکی 18 پۆلی لە دووکان بەهۆی قەیراوەنەوە راگیراوە.
بەنداوی سوورقاوشان لە سنووری قەزای دووکان یەکێکە لەو بەنداوانەی هەرێمی کوردستان بەهۆی قەیران و نەبوونی نەختینەوە کارکردن تێیدا راگیراوە.
سیروان سەرحەد دەڵێت، پرۆژەی بەنداوی سوورقاوشان نزیکەی 78٪ی تەواوکرابوو، بەڵام بەهۆی قەیرانەوە کارکردن تێیدا راگیراوە و ئێستا ئەتوانین بڵێین 60٪ی تەواو کراوە بەهۆی ئەو زیانەی پێی گەیشتووە.
لەبارەی ئەو پرۆژانەی لە ماوەی ساڵی رابردوو جێبەجێیان کردووە، ئاماژەی بەوەکرد، پرۆژەی ئاوەڕۆ و کۆنکرێتکردنی گەڕەکی فەرمانبەران و رووناککردنەوەی رێگەی دووکانی سەرەوە بۆ گوندی تۆپزاوە و رکاوە بوون.
گەڕەکەکانی دووکانی سەرەوە؛ ئاشتی، شۆڕش، باسکەباریک، سەر دەریاچەکە لە ساڵی 1950وە سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیان لەنێو بەنداوەکەوە بووە، بەگوتەی قایمقامی دووکان، هەندێک کات گرفتی بۆ سەلامەتی بەنداوەکە و تۆرباینەکان درووست دەکرد.
قایمقامی دووکان دەڵێت، زۆر هەوڵماندا حکومەت پارەی بۆ پرۆژەی ئاوی دووکانی سەرەوە تەرخان بکات، بەڵام نەیکرد، ئێستا رێکخراوی یونسێف رەزامەندی داوە بۆ جێبەجیکردنی پرۆژەکە کە 450 ملیۆن دیناری تێدەچێت، ئێستا نزیکەی 70٪ی تەواو بووە و لە چەند مانگی داهاتوودا دەکەوێتە کار، ئاو لەبەردەم بەنداوەکەوە دەگوازێتەوە بۆ کۆگەکانی دووکانی سەرەوە.
لەبارەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ لە شارەکەدا، سیروان سەرحەد گوتی، لە دوو ساڵی رابردوودا لە سنووری دووکان نزیکەی هەزار و 200 مامەڵە پێشکێشکراون و بەشێکیان جێبەجێکراون و بەگوێرەی یاسا و رێنماییەکان، لە ناحییەکانی پیرەمەگروون، خدران، خەلەکان، سوورداش، بنگرد مامەڵەی هاونیشتمانییان وەرگیراون، لە تۆمارکردنی خانووە زێدەڕۆکان، هەنگاوی زۆر باشمان ناوە و لە چەند مانگی داهاتوودا کۆتایی دێت و پێش هەموو شارەکانی کوردستان.
لە تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان نزیکەی ملیار و نیوێک داهاتمان هەبووە، کە 70٪ی بۆ خزمەتگوزاری گەڕەکەکانی دووکانە، بەڵام بەهۆی نەبوونی نەختینە بۆمان خەرج ناکرێت.
چەند هاونیشتمانییەک لە دووکان پەیوەندیان بە مژار کرد و دەڵێن، دانیشتووی گەڕەکەکانی دووکانی سەرەوە بوون، لە ساڵی 1988 حکومەتی بەعس خانووەکانی رووخاندوون و رایگواستوون، تا ئێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە.
قایمقامی دووکان گوتی، ئەو کێشەیە ماوەیەکی زۆرە درێژەی کێشاوە و دانیشتوانی گەڕەکی سەر دەریاچەکە و باسکەباریکن، ئەو داواکارییانەی پێشکێشکراون دوای پێداچوونەوە و وردبینی ئێستا 252 ماڵن و لە قۆناخەکانی کۆتاییدان بۆ قەرەبووکردنەوەیان.
لەبارەی ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان لەدوای بارانبارینی سەرەتای ئەم هەفتەیە، سیروان سەرحەد گوتی، لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی بارانبارینەوە، ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان زیاتر لە 5 مەتر زیادی کردووە، بەراورد بە پار تا ئێستا دوو هێندە ئاو هاتووەتە نێو بەنداوەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەنداوەکە بە بەرزی 488 مەتر ئاوی تێدا هەیە، بەڵام هێشتا 27٪ی بەنداوەکە پڕە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ