06-02-2021
15:45
کەریم ئەسەدخان، سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) لە رێوڕەسمەکەدا رایگەیاند: "ئێمە لێرەین بۆ دەربڕینی سەرەخۆشی بە ناوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان"، هەروەها دەشڵێت: کاتێک سەیری ئەو رووفاتانە دەکەن، بۆیان دەردەکەوێت کە دەبێت رێز لە هەموو نەتەوە و ئایینەکان بگیرێت.
لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش ئاماژە بەوە دەدات: ئێستا گوندی کۆچۆ لە هەموو جیهان ناسراوە و خەڵکی کۆچۆ بەهۆی ئازایەتییەکەیان دەناسرێنەوە، یونیتاد وەکو بەشێک لە سیستەمی دادوەری جیهانی کاردەکات.
بە گوتەی کەریم ئەسەدخان: دەرهێنانی ئەو رووفاتانە هەوڵی رێکخراوە مرۆییەکانی عێراق و یونیتاد بووە ئەوە تاکە رێگەیە کە دادوەرییە بێتەدی، هەروەکو دەبێت تەرمی سەتان کەسی دیکە بێتە دەرەوە بۆ کەسوکاریان، ئەوانەشی ئەو تاوانەیان ئەنجام داوە دەبێت بدۆزرێنەوە و دادگایی بکرێن.
15:00
نادیە موراد: دەبێت خەڵكی شنگال و کەسوکاری قوربانییان قەرەبوو بکرێنەوە
نادیە موراد باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوە یەکگرتووەکان
نادیە موراد باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێک لە رزگاربووانی دەستی داعش لە رێوڕەسمەکەدا رایگەیاند:" کێشەکانی شنگال و گوندی کۆچۆ تەنیا سیاسی نین، دەبێت خەڵكی شنگال و کەسوکاری قوربانییان قەرەبوو بکرێنەوە".
نادیە موراد داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات هاوکار بێت بۆ گەڕاندنەوەی رووفاتی دیکەی قوربانییانی کوردی ئێزدی.
زیاتر بخوێنەوە
14:51
بریکاری میری کوردانی ئێزدی: ئاستەنگ بۆ گەڕانەوەی خەڵک بۆ شنگال دروستدەکرێت
هەرمان میرزا بەگ: هەر رۆژە و لەژێر ناوێک ستەم لە کوردانی ئێزدی دەکرێت
بریکاری میری کوردانی ئێزدی رەخنەی تووند لەو ئەو لایەنانە دەگرێت ئاستەنگ بۆ گەڕانەوەی خەڵک دروست دەکەن و رێگە نادەن شنگال سەقامگیر بێت.
هەرمان میرزا بەگ بریکاری میری کوردانی ئێزدی بە رووداوی راگەیاند:" هەر رۆژە و لەژێر ناوێک زوڵم و ستەم لە کوردانی ئێزدی دەکرێت رۆژێک لە ژێر ناوی بەعس و رۆژێکی دیکەش لەژێر ناوی داعش، سبەی لەژێر ناوی دیکەش ستەم لە کوردانی ئێزدی دەکرێت، هێشتا خەڵک لەژێر چادر و خێوەت دان لەو سەرمایە و رێگەنادەن خەڵک بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵیان و ئاستەنگ دروست دەکەن".
هەرمان میرزا بەگ دەڵێ: "با کەس موزایەدە بەسەر کوردانی ئێزدییەوە نەکات، ئەوانەیشی گەڕاونەتەوە ناچاربوون و لەژێر دۆخی کۆرۆنا و قەدەخەی هاتووچۆ گەڕاونەتەوە".
14:00
دیندار زێباری: رێککەوتنی شنگال وەک خۆی جێبەجێ بکرێت
دیندار زێباری، گوتاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی لە رێوڕەسمەکەدا خوێندەوە
دیندار زێباری، گوتاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی لە رێوڕەسمەکەدا خوێندەوە و، رایگەیاند: چەندین راپۆرتی فراوان لەبارەی کۆمەڵکوژییەکانی کوردانی ئێزدی دراونەتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوکاریی تیمی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) کردووە.
دیندار زێباری هەروەها گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گرنگیشی دەزانێت رێککەوتنی شنگال کە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو واژۆ کرا وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت".
زیاتر بخوێنەوە
13:30
گوتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن نەوزاد هادییەوە خوێندرایەوە
گوتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن نەوزاد هادییەوە خوێندرایەوە
لە گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن نەوزاد هادییەوە خوێندرایەوە هاتووە "ئەو کۆمەڵکوژییەی تیرۆریستانی داعش بەرامبەر بە خوشک و برا ئێزدییەکانمان ئەنجامیان دا، نەک هەر بە تەنها هەوڵێکی کۆنەپەرستانەی لێدانی یەکێک لە دێرینترین ئایینەکانی ناوچەکە و مرۆڤایەتی بوو، بەڵکو هەوڵێکی نەزۆکی بێهوودە بوو، بۆ لێدان لە چەمک و بەها باڵاکانی گەلی کوردستان لە لێبوردەیی و تەبایی و پێکەوەژیان و مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی، کە مۆرکی دیار و بەرچاوی کۆمەڵگەی ئێزدین".
زیاتر بخوێنەوە
دەقی گوتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن نەوزاد هادییەوە خوێندرایەوە:
ئامادەبووانی بەڕێز،
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و قوربانیيانی دەستی تیرۆر،
خوشک و برایانی خۆشەویستی ئێزدی..
سڵاوتان لێ بێت..
ئەمڕۆ هەموومان لێرە پێکەوە بە ڕێز و شکۆوە لە ڕێوڕەسمی پێشوازی لە ڕوفاتی (١٠٤) قوربانیی ئێزیدیی خەڵکی کۆچۆدا بەشدارین، کە لە یەکێک لە سامناکترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا، بوونە قوربانیی دەستی داعشی دڕندهترین ڕێکخراوی تیرۆرستیی سەردەم.
گێڕانەوەی ڕوفاتی ئەم خوشک و برا ئازيزانهمان بۆ زێدی خۆیان، هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی دیکەی خەمگینی مێژوویەکی تاڵی پڕ لە ژان و ئازاری خوشک و برایانی ئێزدیمانە کە بۆ بەرگری و لەپێناو پاراستنی خۆیان و ئایین و کولتوور و زمانیاندا، بە دەیان جار ڕووبەڕووی فەرمانە یەک لە دوای یەکەکان و کۆمەڵکوژیی لەوجۆرە بوونەتەوە.
ئێزدی، نموونەی کۆمەڵگەیەکی نەرم و لێبوردەی ژیاندۆست و مرۆڤدۆستی ئاشتیخواز و خاوەن بەهای جوان و باڵان کە دەیانەوێ لەگەڵ هەمووان، لەگەڵ تەواوی پێکهاتە و جیاوازییەکاندا، بە ئارامی و ئاشتەواییانە پێکەوە بژین. تەنیا خەریکی ژیان و بەڕێوەبردنی کاروباری گوزەرانیانن. بە درێژاییی مێژوو قوربانیی زۆر گەورەیان داوە، سەر و ماڵی خۆیان داناوە، بۆ ئەوەی بتوانن پارێزگاری لە بڕوا و خواناسی و لە ئێزدییاتی و ئایینی خۆیان بکەن. هەرگیز بۆ دراوسێ و دەوروبەریان نەبوونەتە گرفت و سەرێشە، بە پێچەوانەوە، هەمیشە فاکتەری ئارامی و تەبایی و نموونەی پێکەوەژیان بوون.
ئەو کۆمەڵکوژییەی تیرۆرستانی داعش بەرامبەر بە خوشک و برا ئێزدییەکانمان ئەنجامیان دا، نەک هەر بە تەنها هەوڵێکی کۆنەپەرستانەی لێدانی یەکێک لە دێرینترین ئایینەکانی ناوچەکە و مرۆڤایەتی بوو، بەڵکوو هەوڵێکی نەزۆکی بێهوودە بوو، بۆ لێدان لە چەمک و بەها باڵاکانی گەلی کوردستان لە لێبوردەیی و تەبایی و پێکەوەژیان و مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی، کە مۆرکی دیار و بەرچاوی کۆمەڵگەی ئێزدین.
ڕاستە تیرۆرستان زەربەیان لەو چەمک و بەهایانە دا و ویستیان بیانسڕنەوە، بەڵام بێگومان گەلەکەمان و خوشک و برایانی ئێزدیمان بەتایبەتی، زۆر لە هەوڵانە گەورەترن و هیچ دوژمنێک لە مێژوودا نەیتوانیوە و ناتوانێت هیچ شتێک لە ویست و ئیرادەمان بۆ ژیان، بۆ مرۆڤدۆستی، بۆ پێکەوەیی و یەکترقبووڵکردن و لێبوردەیی کەم بکاتەوە. وەک هەمیشە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی وڵات، پێکەوە شان دەدەینە بەر ژان و ئازاری یەکتر و پێکەوە ڕووبەڕووی سەختییەکان دەبینەوە، پێکەوە برینەکانمان تیمار دەکەین.
لەم ڕێوڕهسمە پڕ شکۆیە و لەم ڕۆژە خەمگینەدا، جەخت لەسەر پێکەوەژیان و تەبایی و یەکترقبووڵکردن دەکەینەوە. خوشک و برایانی ئێزدی دڵنیا دەکەینەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەین و لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندارە عێراقی و نێودەوڵەتییەکان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی ئێزدییاتی بۆ هەمیشە پارێزراو بێت، ئێزدی و هەموو پێکهاتەکان و تەواوی گەلی کوردستان لە ئێستا و داهاتووی خۆیان دڵنیا بن، ناوچە ئێزدییەکان ئاوەدان بکرێنەوە و ژیان و خزمەتگوزاری و ئارامی و ئاسایشیان بۆ بگەڕێتەوە، سەرفراز، دڵنیا و بێ ترس بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
هەموو هەوڵێک دەدەین و لەسەر کارکردن بۆ بەپارێزگاکردنی شەنگال بەردەوام دەبین. لەگەڵ عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار دەکەین و هاوکار و هەماهەنگ دەبین بۆ ئەوەی جارێکی دی کارەساتی وا بەسەر ئێزدییان و هیچ پێکهاتەیەکی دیکەدا نەیەتەوە. داوا لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین، قەرەبووی خوشک و برایانی ئێزدیمان بکاتەوە، تیرۆرستان و تاوانبارانی کۆمەڵکوژییەکە بە سزای یاسایی بگەیەنرێن.
هەروەها داوا دەکەین دوایین ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال جێبەجێ بکرێت و حکوومەتی فیدراڵ هەنگاوی جددی بۆ بنێت، کە خزمەتی ئارامی و ئاسایش و ئاوەدانکردەنەوەی ناوچەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات. لەمبارەیەوە داوا دەکەین نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەڵەتی هاوکار و یارمەتیدەر بن.
تا ئێستا لە کۆی (٦٫٤١٧) خوشک و برای ڕفێنراوی ئێزدی، (٣٫٥٤٣)یان ڕزگار کراون و (٢٫٨٧٤)شیان ماون. دڵنیاتان دەکەینەوە کە لەسەر هەوڵەکانمان بۆ ڕزگارکردن و ئاشکراکردنی چارەنووسی تەواوی ڕفێنراوان بەردەوم دەبین و هەرگیز کۆڵ نادەین.
له کۆتاییدا به ڕێز و پێزانینهوه ڕۆڵی جهنابی سهرۆک مهسعوود بارزانی و ئهو پێشمهرگه قارهمانانه به بیر دههێنینهوه که لهژێر فهرماندهییی جهنابیاندا، شهنگال و دهوروبهریان ئازاد کرد و به سهدان پێشمهرگه لهو پێناوهدا گیان بهخشی و بهر کهوتن. لە خوای مەزن داواکارین گیانی شەهیدان بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بکات و بۆ ههمیشه یادیان به زیندوویی دهمێنێتهوه.
زۆر سوپاسی تیمی نێودهوڵهتیی (یوونیتاد) به سهرۆکایهتیی بهڕێز کهریم خان دهکهین بۆ ههموو ئهو کارانهی لهسهر دۆسیای قوربانیانی ئێزدی دهيكهن، بهتایبهتیش له کهیسی ڕوفاتی ئهم قوربانیانه و ناسینهوهیان. ههروهها دهستخۆشی له هاوکاری و ههماههنگیی نێوان لایهنه پهیوهندارهکانی حکوومهتی ههرێمی کوردستان و حکوومهتی فیدراڵی عێراق لهسهر ئهم کهیسه دهکهین.
زۆر سوپاس..
نێچيرڤان بارزانى
سهرۆكى ههرێمى كورستان
6ى شوباتى 2021
11:06
ئەمڕۆ رووفاتی 104 کوردی ئێزدی لە گوندی کۆچۆ بەخاک دەسپێردرێن
رووفاتەکان لەو شوێنە بەخاکدەسپێردرێن کە پێش ساڵی 2014 شوێنی ئاهەنگگێڕان بوو
رووداو دیجیتاڵ
ئەو 104 رووفاتەی کوردانی ئێزدیی کە لە پشکنینی دی ئێن ئەی لە بەغدا ناسێنراونەتەوە، ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکی فەرمی و فراوان لە گوندی کۆچۆ بە خاک دەسپێردرێن.
رووفاتەکان لەو شوێنە بەخاکدەسپێردرێن کە پێش ساڵی 2014 شوێنی ئاهەنگگێڕان بوو. لە هێرشەکەی داعش خەڵکی گوندی کۆچۆ زۆریان لێ کوژران و رفێنران. پشکنینی دی ئێن ئەی-یان بۆکراوە و سەرجەمیان ناسراونەتەوە و خەڵکی گوندی کۆچۆن، بەڵام لە شوێنی جیاواز لە گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە.
هەریەک لە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان، نوێنەرایەتیی وڵاتان، رێکخراوە بیانی و ناوخۆییەکانی تایبەتمەند بە جینۆساید، کەسوکاری قوربانیانی شەڕی داعش لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و کەسوکاری قوربانییەکانی گوندی کۆچۆ ئامادە بن.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 72 گۆڕ لە ناوچەی شنگال دۆزراونەتەوە، لەوانە کاری هەڵدانەوە و کردنەوەی 16 گۆڕی بەکۆمەڵ لە گوندی کۆچۆ تەواوکراوە. لە كۆی 325 رووفات 62 رووفات ناسراونەتەوە و 325 رووفاتیش نێردراون بۆ بەغدا بۆ ناسينەوەی ناسنامەيان. لە کۆی ئەو 325 رووفاتە 104یان گەڕێندرانەوە شنگال و ئەمڕۆ بەخاکدسپێردرێن.
نەهامەتیەکانی خەڵکی شنگال لە ژێر دەستی داعش تەنیا بە ئاوارەبوون و وێرانبوونی شارەکەیان کۆتای نەهات ، بەڵکو زیاتر لە 6 هەزار کورد ئێزدی بێسەروشوێن کران، کۆمەڵکوژی و رفاندنیان خەمێکی قووڵی بۆ ئێزدییەکان جێهێشت، تاوەکو ئێستا بەشی زۆریان لە خێوەت و ئاوارەیی دەژین و لە نێو کەمپەکانن، رووداو بۆچونی خەڵکی چوارپارچەی کوردستانی وەرگرتووە لەبارەی بایەخدان بە کوردی ئێزدی، هاونیشتمانییەک دەڵێت " دەبێت لە دادگا نێودەوڵەتییەکان کار لەسەر کەیسی ئێزدییەکان بکرێت و بە جینۆساید بناسرێت".
زیاتر بخوێنەوە