12 كەس داوای مۆڵەتی كردنەوەی یانەی شەوانە دەكەن

06-02-2019
شکار ئەحمەد
نیشانەکردن یانەی شەوانە
A+ A-

رووداو – هەولێر

تا ئێستا 12 داواكاری بۆ كردنەوەی یانەی شەوانە پێشكەشی دەستەی گەشتوگوزار كراون، بەڵام 9 لەو داواكاریانە رەتكراونەتەوە. گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری سلێمانی نایشارێتەوە چەند یانەیەكی شەوانە بەدەر لە یاسا كاردەكەن و چاوپۆشییان لێدەكەن، بەو مەرجەی لە رێنمایی دەرنەچن، كەچی سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار رەتیدەكاتەوە هیچ یانەیەكی شەوانە لە هەرێمی كوردستان هەبێت.


رۆژی 2/2/2019 پێنج یانەی شەوانە لە سلێمانی داخران، سەركەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە (رووداو)ی راگەیاند: "لە هەڵمەتێكدا هێزەكانیان بە هاوكاریی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان تەنیا لە سنووری گەڕەكی سەرچنار پێنچ یانەی شەوانەیان داخستووە، چونكە پابەندنەبوون بە رێنماییەكانی گەشتوگوزار و خاوەنەكانیان رووبەڕووی یاسا كرانەوە".

بەڵام مەولەوی جەبار، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان رەتیدەكاتەوە هیچ یانەیەكی شەوانە لە هەرێمی كوردستان هەبێ. ئەو بە (رووداو)ی گوت: "شتێك نییە بەناوی مۆڵەتی یانەی شەوانە. تاوەكو ئێستا هیچ مۆڵەتێكمان بۆ كردنەوەی یانەی شەوانە نەداوە، ئێمە ریستۆرانت و باڕمان هەیە، ئەوانەی لە سلێمانی داخراون باڕن نەك یانەی شەوانە، بەڵام خەڵكانێك بە یانەی شەوانەی تێگەیشتوون".

سەبارەت بەوەی كە ئەو شوێنانە ئاهەنگیان تێدا دەگێڕدرێ، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێ: "رەنگە گۆرانی یان موزیكێكی یاسایی تێدابێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەك ئاهەنگیان تێدا ناگێڕدرێ وەكو ئەوەی لە نایت كڵەپەكانی وڵاتان دەكرێ".

هەرچەندە هیچ مۆڵەتێك بەناوی یانەی شەوانە لە سلێمانی نەدراوە، بەڵام چەند یانەیەك هەن.
 ئارام شوان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەستەی گەشتوگوزاری سلێمانی بە (رووداو)ی راگەیاند: "ریستۆرانت و باڕ مۆڵەتیان پێدەدرێ، بەڵام شتێك نییە بەناوی مۆڵەتی یانەی شەوانە، هەندێك یانەی شەوانەش هەن بەدەر لە یاسا كاردەكەن، بەڵام لەبەرئەوەی گەشتیارێكی زۆر لە ئێران و ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێن، چاوپۆشییان لێدەكرێ".

ئارام شوان دەڵێت، ئەوان كە چاوپۆشی لەو شوێنانە دەكەن، دەبێ‌ ئەوانیش پابەندبن بە رێنماییەكانیان :"ئەو شوێنانە دەبێ رێنماییەكانمان جێبەجێ بكەن، لەوانەش دەبێ تاوەكو كاژێر 12ی شەو كراوەبێ، چوونی كەسانی خوار 18 ساڵی قەدەغەیە، ئەگەرنا دەستگیر دەكرێ و شوێنەكەش دادەخرێ، دەبێ سكیوریتی خۆی هەبێ بۆ ئەوەی لەناو یانەكە كێشە دروست نەبێ، نابێ نزیك ماڵ و شوێنە ئاینییەكان بێ و ناشبێ دەنگی بڵندگۆی بەرزبێ و خەڵك بێزار بكا، یان ئافرەتەكان بێنە دەرەوە و نمایشی جەستەیان بكەن، ئەگەر ئەمانە بكەن بەرەوڕووی غەرامە و داخستن و پووچەڵكرنەوەی مۆڵەت دەبنەوە، ساڵی 2018 بە هەموو شوێنەكانی دیكەوە نەك تەنیا ئەو شوێنانە، 88 مۆڵەتمان پووچەڵ كردووەتەوە".

هەرچەندە سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار رەتیدەكاتەوە هیچ مۆڵەتێك بۆ كردنەوەی یانەی شەوانە درابێ، بەڵام بەپێی قسەی قائیمقامی هەولێر، دەستەی گەشتوگوزار مۆڵەتی بە چەند یانەیەكی شەوانە داوە.

 نەبەز عەبدولحەمید بە (رووداو)ی گوت: "چەند شوێنێك لە هەولێر مۆڵەتیان وەرگرتووە و شەوانە بە بەردەوامی ئاهەنگیان تێدا دەگێڕدرێ، هەر شوێنێكیش گۆرانی و ئاهەنگ و سەمای تێدا بكرێ یانەی شەوانەیە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەولێر مۆڵەتی پێداون و رسوماتەكەشی 25 ملیۆن دینارە".

قایمقامی هەولێر دەشڵێ: "پێشتر چەند یانەیەكی شەوانەمان داخستووە، چونكە مۆڵەتی ئاهەنگگێڕانیان نەبووە یان كێشەی تێدا درووست بووە و بەدەر لە رێنماییەكان كاریان كردووە".

لەبارەی داواكاری بۆ كردنەوەی یانەی شەوانە، عەلی رەئووف، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی گوتی: "8 كەس داواكارییان پێشكەش كردووە بۆ كرنەوەی یانەی شەوانە، بەڵام مۆڵەتمان پێنەداون، چونكە لە كۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی سلێمانی زۆرینەی ئەندامان پێیان باش نەبوو جارێ‌ مۆڵەت بەو شوێنانە بدرێت، بەڵام ئەگەر رێگە بدەین بەدڵنیاییەوە ژمارەی داواكارییەكان زۆر لەوە زیاتر دەبێت".

 لە دهۆكیش چوار داواكاری بۆ كردنەوەی یانەی شەوانە پێشكەش كراون. خالید حەیدەر، سەرۆكی بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری دهۆك بە (رووداو)ی راگەیاند: "هیچ یانەیەكی شەوانە لە دهۆك نییە و قبوڵمان نەكردووە بكرێنەوە، سێ كەس لە كۆتایی ساڵی 2018 داوایان بۆ كردنەوەی یانەی شەوانە پێشكەش كرد و ئەمساڵیش یەك كەس داوای رێگەپێدانی لێكردووین، كردنەوەی یانەی شەوانە پێویستی بە رەزامەندی پارێزگا و ئاسایش هەیە، ئەوان یەكێك لەو داواكاریانەیان رەتكردووەتەوە و هێشتا بڕیاریان لەسەر سێ داواكارییەكەی دیكە نەداوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە