رووداو - سلێمانی
کونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر لە راگەیێندراوێکدا هەواڵی کرانەوەی سێ بازاڕچەی سنووریی کێلێ، سەیرانبەن و شوشمێی لەنێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان راگەیاند.
لە راگەیێندراوەکەی کونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر هاتووە "پاش دانوستاندن و راوێژێکی چڕ، هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق رەزامەندیی خۆیان لەسەر کردنەوەی سنوورەکانی کێلێ لە سەردەشت، سەیرانبەن لە بانە و شوشمێ لە پاوە دەربڕی".
کونسوڵخانەی ئێران لە هەرێمی کوردستان بازرگانان لەو سنوورانە ئاگاداردەکاتەوە کە دەتوانن "بە دڵنیاییەوە" لەسەر چالاکییە ئابووری و بازرگانییەکانیان بەردەوامبن.
پێشتر پۆلیسی سنوورپارێزی عێراق بەشێوەی تاکلایەنە داخستنی حەوت بازاڕچەی سنووریی نافەرمی هەڵاڵاوا لە مەریوان، قاسمەڕەش و کێلێ لە سەردەشت، شێخ ساڵح لە سەڵاسی باوەجانی، تیلەکۆ لە سەرپێڵی زەهاو، سەیرانبەن لە بانە و شۆشمێ لە پاوەی راگەیاندبوو.
حکومەتی عێراق بەبێ راوێژ بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی پاسەوانی سنوورەوە بڕیاری داخستنی ئەو دەروازە نافەرمیانەی دابوو. هەرچەندە مۆڵەتیان لەلای حکومەتی عێراق نییە، بەڵام چەند ساڵێکە بەشێوەیەکی فەرمی ئاڵوگۆڕی بازرگانیان تێدا دەکرێت.
کرێکار و بازرگانان نیگەرانن لە بڕەیارەکە و پێیانوایە، بەغدا دەیەوێت بە هەموو جۆرێک سزای خەڵک بدات. چونکە داخستنی ئەو دەروازانە جگە لەوەی شۆفێرە بارھەڵگرەکان زەرەرمەند دەکات، بازرگانەکان و کرێکارانیش بێکار دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ