بەڕێوەبەری ناحیەی شوان: ئەم ساڵ رێگەی نێوان ناحیەکەمان و چەمچەماڵ قیرتاو دەکرێت

06-01-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری ناحیەی شوان لە پارێزگای کەرکووک دەڵێت، ساڵی رابردوو نزیکەی شەش ملیار دیناریان لە پرۆژە خزمەتگوارییەکانی سنووری ناحیەی شوان خەرجکردووە، دەشڵیت، لەبودجەی 2023 نزیکەی 10 ملیار دینار بۆ سنوورەکەیان تەرخانکراوە و ئەم ساڵ رێگەی شوان - چەمچەماڵ قیرتاو دەکرێت.
 
بەهجەت واحید، بەڕێوەبەری ناحیەی شوان لە پارێزگای کەرکووک لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، کە محەممەد رەحیم کەریم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، بەگوێرەی ئەو پارەیەی کە لەیاسای ئاسایشی خۆراکدا بۆمان تەرخانکرا ساڵی رابردوو نزیکەی شەش ملیار دینار پرۆژەمان جێبەجێکرد، لەوانە؛ رێگەی نزیکەی 10 گوند چاککراوە لە گوندی وەلی پاشا بۆ پاپیلان بە درێژایی 10 کیلۆمەتر، هەروەها رێگەی گوندی ئۆمەرمەندان بۆ تورکمان باخ بە درێژایی 10 کیلۆمەتر جێبەجێکراون.
 
گوتیشی، نزیکەی 600 ملیۆن دینارمان بۆ تۆڕەکانی کارەبا و فەرمانگەی ئاو 250 ملیۆن دینار و زیاتر لە دوو ملیار دینار بۆ شارەوانی تەرخانکراوە، زۆرینەی گەڕەکەکانی خاڵخاڵان و ناوەندی ناحیەی شوان کۆنکرێت کراون.
 
لەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023، نزیکەی 10 ملیار دینار بۆ هەموو پرۆژەکانی سنووری ناحیەی شوان تەرخانکراوە، بەهجەت واحید، بەڕێوەبەری ناحیەی شوان گوتی، "هەرچەندە تا ئێستا یاسای بودجەی 2023 جێبەجێ نەکراوە، بەڵام بڕی 10 ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ سنووری ناحیەی شوان، کە 5 ملیاری بۆ خزمەتگوزاری و 5 ملیاریش بۆ پرۆژە ستراتیژییەکانی رێگەوبان و وێستگەی کارەبا و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان."
 
گوتیشی، لەو پارەیەی بۆ پرۆژە ستراتیژییەکانی رێگەوبان تەرخانکراوە چاوەڕێین جێبەجێی بکەین؛ پرۆژەی رێگەی گوندی تۆمار بۆ گوندی داربەسەرە کە 10 گوند پێکەوە دەبەستێتەوە، هەروەها رێگەی گوندی فەقێ میرزا و پەڵکەڕەش لە ناوەندی ناحیە بۆ حەسەن قەباخ کە زیاد لە 5 گوند پێکەوە دەبەستێتەوە.
 
چەند هاونیشتمانییەک پەیوەندییان بە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کرد و گلەییان لە خراپیی رێگەی شوان - چەمچەماڵیان کرد و گوتیان، رێگەکە زۆر خراپە و داواکارن چاکبکرێت.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی شوان دەڵێت، "پرۆژەی ئەو رێگەیە نزیکەی 3 ملیار دیناری پێویستە و لە 2019ـەوە ئێمە دەرخستەکەیمان پێشکێشکردووە، هەموو هەوڵێکمانداوە بۆ جێبەجێکردنی و بڕیارە لەم ساڵدا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی کەرکووک جێبەجێ بکرێت.
 
نزیکەی 70 هەزار هاونیشتمانی تۆماری رەگەزنامەیان دەکەوێتە سنووری ناحیەی شوان لە پارێزگای کەرکووک، چەند هاونیشتمانییەک پەیوەندییان بە بەنامەی مژاری رادیۆی رووداو کرد و دەڵێن، لە پرۆسەی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی لە ناحیەی شوان زۆر گرفتیان بۆ دروست دەکرێت و مامەڵەکانیان بە ئاسانی رایی ناکرێن.
 
بەهجەت واحید، بەڕێوەبەری ناحیەی شوان دەڵێت، بەهۆی ئەوەی ناحیەی شوان دوایین شوێن بووە لە عێراق پرۆسەی دەرهێنانی کارتی نیشتمانیی تێیدا دەستیپێکردووە لە ساڵی 2022دا، وایکردووە لۆدێکی زۆر لەسەر فەرمانگەکە هەبێت، ژمارەی کارمەندانیشی کەمن، "داواکارم لە هاونیشتمانیان ئەگەر زۆر پێویست نەبێت، سەردانی رەگەزنامە نەکەن."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزیری دادی عێراق بڕیاریداوە کە 10 کارمەند بۆ فەرمانگەی رەگەزنامەی شوان زیاد بکرێن، چونکە نزیکەی 70 هەزار کەس تۆماری رەگەزنامەیان دەکەوێتە سنووری شوان، هەوڵدەدەین دەوامی ئێوارانیش بکرێتەوە، ئەگەر هەر هاونیشتمانییەکیش گرفت و کێشەی نایاسایی بۆ دروستکرا، با سەردانمان بکەن و خۆم بەدواداچوونی بۆ دەکەم.
 
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.