رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دهۆک دەڵێت، حکومەتی عێراق نزیکەی 200 ملیار دینار قەرزی پارەی کارەبا و کرێی زەوی جووتیارانی پارێزگای دهۆکی لەلایە. دەشڵێت، گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال زۆر بەسستی بەڕێوە دەچێت و حکومەتی عێراق هیچ هاوئاهەنگ نییە.
پیر دەیان پیر جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دهۆک، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ 20 کەمپی تایبەت بە ئاوارە و پەنابەران هەن، کە 15 لەو کامپانە ئاوارەی نێوخۆیی تێدا نیشتەجێن و زۆرینەیان خەڵکی سنووری شنگالن، پێنج کەمپیش پەنابەرانی سووریا و رۆژئاوای کوردستانی تێدایە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دهۆک، نزیکەی 337 هەزار ئاوارە لە نێو کامپ و دەرەوەی کامپەکاندا هەن، بەشێوەیەک زۆرینەیان لە دەرەوەی کامپەکاندا دەژین، 25 هەزار و 700 خێزان لەنێو کامپەکانن کە نزیکەی 137 هەزار کەسن، هەروەها 37 هەزار و 800 خێزان لە دەرەوەی کامپەکان نزیکەی 200 هەزار کەسن.
لەبارەی دابەشکردنی نەوت بەسەر کەمپەکاندا، پیر دەیان ئاماژەی بەوەکرد، لەمانگی ئەیلولەوە نووسراویان بۆ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کردووە بۆ دابینکردنی نەوت بەسەر ئاوارەکانی سنووری پارێزگای دهۆک، لەچەند رۆژی رابردوودا بڕێک نەوتیان رەوانەی پارێزگای دهۆک کردبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەوتەکە خراپ بوو، بەهۆی زۆری رێژەی گۆگرد تێیدا، لە پشکنین دەرنەچووە و گەڕاندوویانەتەوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران، ئەو نەوتەی بڕیارە بنێردرێت تەنیا بۆ نێو کەمپەکانە، بەڵام نوێنەرانی شنگال لە پەرلەمانی عێراق و راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئێزیدیان لەهەوڵدان بۆ ئەوەی ئاوارەکانی دەرەوەی کامپەکانیش نەوتیان پێ بدرێت.
لەبارەی دابینکردنی خزمەتگوزاریی نێو کامپەکان لەلایەن ئاژانسەکانی سەر نەتەوە یەکگرتووەکان، پیر دەیان پیر جەعفەر دەڵێت، ئێستا هەموو سێکتەرەکانی خزمەتگوزاری، تەندروستی، کارەبا، ئاو، پاککردنەوە و پەروەردە کەوتووەتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە لەساڵی 2023دا ئاژانسەکانی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکان کارەکانیان نزیکەی %70 کەمیکردووە.
پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان یەکێکە لەو بابەتانەی بەردەوام لەنێوان هەولێر و بەغدا جێگەی مشتومڕ بووە. بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دهۆک باس لەوە دەکات، "گوشارێکی زۆر لەلایەن حکومەتی عێراقەوە هەیە بۆ داخستنی کامپەکان، بەڵام ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیدەکەینەوە گوشار بکرێت لەئاوارەکان چ بۆ مانەوە یان بۆ ناردنەوەیان، لەگەڵ ئەوەشدا کەمتەرخەمە لەبەرامبەر خزمەتکردنی ئاوارەکان."
بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سنووری پارێزگای دهۆک دوو میکانیزم رەچاو دەکرێت، گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە، و گەڕانەوە لە رێگەی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ IOM. پیر دەیان پیر جەعفەر گوتی، ئەم ساڵ نزیکەی دوو هەزار خێزان بە ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە، بەڵام تائێستا خێزانەکانی سنووری شنگال و دەوروبەری قەرەبوو نەکراونەتەوە، هەروەها لەرێگەی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ IOM، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا تەنیا 400 خێزان گەڕاونەتەوە، پرۆسەکەی ئەوانیش زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچێت.
بابەتێکی دیکەی نێوان هەولێر و بەغدا، پارەی قەرزی کارەبا و کرێی ئەو زەوییانەی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە کە کەمپی ئاوارە و پەنابەرانی لەسەر دروست کراوە کە نزیکەی 200 ملیار دینارە.
بەڕێوەبەری کۆچ وکۆچبەرانی دهۆک دەڵێت، لەکۆی 20 کامپ 14 کامپیان لەسەر زەویی جووتیاران دروستکراوە، لە2017ـوە تائێستا کرێی زەویی جووتیاران نەدراوە، نزیکەی 10 ملیار دینارە پارەی کرێی زەوییەکان، هەروەها پارەی قەرزی کارەبای کامپەکانی دهۆک کە لەسەر حکومەتی عێراقە، لەسەرەتای دامەزراندنیەوە نەدراوە، کە نزیکەی 187 ملیار دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ