رێگەوبانی راپەڕین: پێنج پرۆژە بە گوژمەی 2.5 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێن

05-11-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئیدارەی راپەڕین رایدەگەیێنێت، لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار، پرۆژەی رێگەوبانیان لە سنوورەکە جێبەجێکردە. دەشڵێت، نەبوونی نەختینە گرفتی بۆ کارەکانی پرۆژەی رێگەی شکارتە -بالیسان دروستکردووە.
 
ئەندازیار ئومێد حەمەعەلی، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی ئیدارەی راپەڕین میوانی پۆدکاستی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی کار و پرۆژەکانی رێگەوبانی سنوورەکەی کرد و گوتی "لەماوەی پێنج مانگی رابردوودا، بەردی بناخەی پێنج پرۆژەی گرنگ بە گوژمەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار دانراون، کە لە قۆناخی جێبەجێکردندان و قیرکردنی بەشێکیان دەستی پێکردووە."
 
بەرێوەبەری گشتیی رێگەوبانی راپەڕین ئەوەشی خستەڕوو، ئەو پرۆژانەی جێبەجێ دەکرێن، ''رێگەی گرنگ و ستراتیژین بۆ سنوورەکە''، لەوانە؛ ''رێگەی قەڵادزێ-دارەشمانە کە کۆتایی هەفتەی رابردوو قیرکردنی دەستیپێکرد و ئێستا لە قۆناخی کۆتاییدایە، پرۆژەی تێکەڵەڕێژکردنی رێگەی 17 گوندی بناری مەنگوڕایەتی و قیرکردنی رێگەی گوندەکانی بناری قەندیل لەگەڵ قیرکردنی رێگەی شەش گوندی سنوورەکە، گوندەکانی؛ بۆڵێ، لێوژێ، ئێنزێ، چیوەی سەروو و چیوەی خواروو."
 
ئومێد حەمەعەلی ئاماژەی بەوە کرد، هەفتەی رابردوو بەردی بناخەی پرۆژەی قیرکردنی رێگەی سێ گوندی بەری مەرگە (هەڵۆنە، نۆڵچکە و لۆتەر) دانراوە و خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
رێگەی بالیسان-شکارتە، درێژییەکەی 23 کیلۆمەترە و یەکێکە لە رێگە گرنگ و ستراتیژییەکانی نێوان ئیدارەی راپەڕین و پارێزگای هەولێر، بەڵام ئەویش بەدەر نییە لە کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی و گرفتی نەبوونی نەختینە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی ئیدارەی راپەڕین دەڵێت، "رێگەی بالیسان-شکارتە، زیاتر لە 60٪ تەواوکراوە، بەڵام گرفتی نەختینەی هەیە و وەکو پێویست نەتوانراوە کاری لەسەر بکرێت کە گوژمەی پرۆژەکە 7.7 ملیار دینارە، کۆمپانیای جێبەجێکار، بەشی زۆری پێشینەکانی وەرنەگرتووە و ئەوەش گرفتی بۆ پرۆژەکە دروستکردووە."
 
دروستکردن و چاکسازی لە پرۆژەکانی سێکتەری رێگەوبان لەسەر سێ جۆر بودجەن؛ بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەت، بودجەی ئاسایی کە کەمترە لە 500 ملیۆن دینار و بەشێک لە داهاتی وێستگەکانی کێش.
 
ئومێد حەمەعەلی دەڵێت، یەکێکی دیکە لەو رێگەیانەی هێشتا تەواو نەکراوە، رێگەی چوارقوڕنە-هیزۆپە، تائێستا کاری هێڵکاری و گادڕێلی و جۆینتی پردەکانی بۆ دانەنراوە، کە نزیکەی 3 ملیار دیناری پێویستە. سەرپەرشتیاری ئیدارەری راپەڕین بەڵێنیداوە بودجەی بۆ دابین بکات.
 
لە دوو ساڵی رابردوودا 29 پرۆژەی سێکتەری رێگەوبان لە سنووری ئیدارەی راپەڕین رەزامەندی و تەرخانی داراییان هەبوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی نەختینە، کاریان تێدا نەکرابوو.
 
بەڕێوەبەری رێگەوبانی راپەڕین بە پۆدکاستی مژاری راگەیاند، لەکۆی 29 پرۆژە کە دوو ساڵ پێشتر رەزامەندیی داراییان هەبووە و کاریان تێدا نەکرابوو، ئێستا 9 پرۆژەیان تەواوکراون. 10 پرۆژەش کاریان تێدا دەکرێت، بەڵام 10 پرۆژەیان هیچ کاری تێدا نەکراوە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی نەختینەوەیە.
 
بەگوتەی ئومێد حەمەعەلی، پرۆژەی دروستکردنی مۆنیومێنتی شەهیدان لە قۆناخی تەندەر دایە و بەگوژمەی 9 ملیار دینار لە دەڤەری راپەڕین جێبەجێ دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.