گالەری

05-11-2019
22 Photos
جەمال یاد

رووداو - هەولێر 

 

ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سه‌رۆك و نوێنه‌رانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان بۆ گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی بارودۆخی عێراق و ئه‌گه‌ر و پێشهاته‌كان و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی ئەنجامدرا.
  
سەرەتا کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکە تاوتوێی رەوشی عێراق بەگشتیی و بەتایبەتیش هەموارکردنی دەستوور کرا. 
 
لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان دوو بڕیار دران: یەکەمیان، کورد لەم قۆناخەدا دەبێت یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بێت و بەهێچ شێوەیەک پەرتەوازەیی قبووڵناکرێت. 
 
بڕیاری دووەمی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە لەبارەی دەستووری عێراقە، بڕیاری کۆبوونەوەکە لەوبارەیەوە ئەوەیە: کە هەرێمی کوردستان بەهیچ جۆرێک لەگەڵ دەستکاریکردنی دەستوور نییە، بەڵام ئەگەر بڕیاری هەموارکردن و دەستکاریکردنی درا، ئەوا مەرجی هەرێمی کوردستان ئەوەیە فیدراڵییەتی هەرێمی کوردستان و هەر هەرێمێکی دیکەی فیدراڵ کە لەداهاتوودا لە عێراق دروستبێت پارێزراو بێت و سازش لەسەر ئەوە ناکرێت.
 
لەدوای کۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان، سەرۆککۆماری عێراق و سەرکردایەتی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان گەیشتنە نووسینگەی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی دووەمیان ئەنجامدا. 
 
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکان سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەگەر ئامانج لە هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق سەقامگیرییە، دەبێت بزانن بە دەستبردن بۆ مافەکانی گەلی کوردستان سەقامگیری نایەتەدی.
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سه‌رجه‌م به‌شدارانی كۆبوونه‌وه‌ به‌ بایه‌خه‌وه‌ سه‌یری رووداوه‌كانی عێراق ده‌كه‌ن و پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی و ئیداریی عێراقدا رووده‌دات، ده‌رئه‌نجامی كه‌موكوڕیی كه‌ڵه‌كه‌بووی چه‌ندین ساڵه‌ی حوكمڕانی و جێبه‌جێنه‌كردنى ده‌ستوور بووه‌، بۆیه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌که‌دا به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ هه‌ڵسه‌نگێندرا، هاوکات داكۆكى له‌ مافی راده‌ربڕین و ئازادیی هاووڵاتیيان له‌ داواكردنی مافه‌كانیان کرایه‌وه‌، وێڕاى ده‌ربڕینی نیگه‌رانی به‌رامبه‌ر قوربانیانی خۆپيشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منييه‌كان.
 
ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وەکە‌ تایبه‌ت بوو به‌ هاوهه‌ڵوێستیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌شدارییه‌كی كاریگه‌ر بۆ‌ چاره‌سه‌ركردنى گرفته‌كانی عێراق به‌گشتی و داكۆكیكردن له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمى كوردستان و ته‌واوى پێكهاته‌كان. له‌مباره‌یه‌وه‌ جه‌خت له‌ هه‌وڵی لایه‌نه‌ سیاسيیه‌کانی کوردستان بۆ هاوكاريكردنى عیراق له‌پێناو تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌کان و ده‌سته‌به‌رکردنی حوکمڕانیيه‌کی درووست و هێنانه‌دى چاكسازى و ره‌چاوکردنی مافی هه‌موو پێکهاته‌کان، كرايه‌وه‌.
 
لەدوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە پانێڵی ئینیستیتیوتی مێری بەناونیشانی "کۆتاییهێنان بە جەنگ و بردنەوەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" کرد و ئەگەرەکانی بەردەم عێراق، دۆخی نێوخۆیی کوردستان و ئۆپەراسیۆنی تورکیا و هێزە بەکرێگیراوەکانی بۆ رۆژئاوای کوردستان باسکرد.