رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان شاندێک دەچێتە بەغدا.
زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا کراوە، بەڵام هیچ بڕیارێک نەدراوە".
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ رووداو، ئێستا نزیکەی 76 هەزار هاونیشتمانیی مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت وەردەگرن.
ئێستا مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت ئەگەر هیچ مووچەیەکی دیکەی نەبێت 150 هەزار دیناری مانگانەیە و ئەگەر مووچەیەکی دیکەی هەبێت 100 هەزار دینارە؛ هاوتا بکرێت مووچەکە دەبێتە 250 هەزار دینار. لەگەڵ ئەوەشدا بە گوێرەی خێزان و ئەندامانی خێزانەکە بڕە پارەیەکی دیکەیان پێ دەدرێت.
بریکاری وەزارەتی کۆمەڵایەتی دەڵێت، "لە ماوەیەکی نزیکدا شاندێکی وەزارەتەکەمان تایبەت بۆ پرسی مووچەی خانەنشینان دەچێت بەغدا بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دۆسیەکە یەکلایی بکرێتەوە".
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەم ساڵ بۆ یەکەم جار مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوتای خانەنشینانی عێراق کرا و مووچەی مانگی حەوتیان بە هاوتاکراوی وەرگرت.
پێشتر کەمترین مووچەی خانەنشینی هەرێمی کوردستان 220 هەزار دینار بوو، بەڵام دوای هاوتاکردن کەمترینی بووە 500 هەزار دینار؛ 100 هەزار دیناری زیادەش هەیە کە ماوەیەکە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زیادیکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ