رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیکراوانی سیاسی لە وەزارەتی شەهیدان رایگەیاند، هەموو ساڵێک کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئاسانکارییان بۆ دەکرێت بۆ چوونە حەج، ئەم ساڵیش پێنج کورسیی حەج بۆیان زیادکراوە.
ئەمڕۆ (شەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2024) ئەحمەد مام رەسوول، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیکراوانی سیاسی لە وەزارەتی شەهیدان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، " لە 2ـی تشرینی یەکەمەوە نووسراومان بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان ناردووە، پێوستە لەماوەی 10 رۆژدا ئەو ژمارەیەی بۆ هەر شوێنێکی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە یەکلایی بکەنەوە."
ئەحمەد مام رەسوول گوتی، "ساڵی پار 100 کورسی بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون دیاریکرابوون، بەڵام ئەم ساڵ 105 کورسی حەج بۆ هاوسەر، دایک و باوک و خوشک و برای شەهیدان و ئەنفالکراون دیاریکراوە."
گوتیشی "لە هەرێمی کوردستان تەنیا کورسییەکانیان لەلایەن حکومەتەوە بۆ دابیندەکرێت، خەرجیی رۆشتن و مانەوە لەسەر خۆیانە، بەڵام حکومەتی عێراق ساڵانە پێنج ملیۆن دینار دەدات بە کەسوکاری شەهیدان." ئەو هاوکارییەی حکومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاری کەسوکاری شەهیدان دەڵێت: کورسییەکان بە یەکسانی بەسەر هەموو کوردستان دابەشکراون بەم شێوەیە:
- پارێزگای هەولێر 20 کەس
- پارێزگای سلێمانی 20 کەس
- پارێزگای دهۆک 11 کەس
- دیوانی وەزارەت 10 کەس
- ئیدارەی سۆران 9 کەس
- گەرمیان 9 کەس
- پارێزگای هەڵەبجە 8 کەس
- ئیدارەی راپەرین 8 کەس
- پارێزگای کەرکووک 5 کەس
- ئیدارەی زاخۆ 5 کەس
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ