رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر دەڵێت، زۆرینەی موەلیدە ئەهلییەکانی نێو شاری هەولێر کراون بە بێدەنگ.
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ئەمڕۆ (شەممە، 5-10-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سەنتەری هەولێر، هەزار و 173 موەلیدەی ئەهلی کاردەکەن و تەنیا 10 دانەیان نەکراون بە بێدەنگ، واتا 0.85٪.
بە گوتەی خۆران خۆرانی، ئەو 10 موەلیدەیەی نەکراون بە بێدەنگ بە هۆکاری شوێنەکەیان کێشەیان بۆ دروستبووە کە زەوییەکەیان خاوەندارێتی بۆ شارەوانی یان بۆ خەڵک دەگەڕێتەوە؛ گوتیشی، "کێشەی ئەوانیش چارەسەر دەکرێت".
سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر گوتی، لە دەوروبەری هەولێریش 810 موەلیدە هەن، بەڵام ئەوان "وەک پێویست پابەندی رێنوێنییەکان نابن، سەرەڕای ئەوەش بەردەوام هۆشدارییان پێ دەدرێت یان سزا دەدرێن."
04ـی ئابی ئەم ساڵ، لیژنەیەک بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگەی هەولێر پێکهێندرا کە جگە لە بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان، لیژنەکە رایگەیاند، چی دیکە رێگەنادەن ئەو موەلیدانە کار بکەن کە دووکەڵ دەکەن.
سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان دەڵێت، هەر موەلیدەیەک دووکەڵ بکات، لەلایەن لیژنەکانیانەوە لێپێچینەوەی لەگەڵ دا دەکرێت و سزا دەدرێت.
هەر ئەمڕۆ عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە رووداوی گوت، لە سنووری شاری سلێمانی 620 موەلیدە هەن و سەرجەمیان بێدەنگن.
عوسمان محەممەد گوتی، "بێدەنگی مانای ئەوە نییە موەلیدەیەک هیچ دەنگی نییە، بەڵام بەراورد بە کۆنەکان، دەنگی کەمە، هەربۆیە بێدەنگی پێ دەگوترێت. هەر مۆلیدەیەکیش بێدەنگ نەبێ، تەنانەت مۆڵەتی کارکردنی پێ نادرێت."
بەگوێرەی رووپێوییەکی دەستەی ئامار، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 7 هەزار موەلیدەی تایبەت هەن و لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کار دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ