قایمقامی چەمچەماڵ: پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ هەنگاوی باشی بڕیوە

05-09-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، رۆژانە پێویستیان بە زیاتر لە 60 هەزار مەتر ئاو هەیە، بەڵام نیوەی ئەو بڕەیان پێدەگات و پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ دەستیپێکردووە و هەنگاوی باشی بڕیوە، بەڵام تا ئێستا حکومەت پارەی بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار خەرجنەکردووە.
 
رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ میوانی پۆدکاستی بەکاتی سلێمانی بوو لە رادیۆی رووداو، باسی لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و گرفتەکانی سنووری قەزاکەیانی کرد و گوتی، دوای چەندین ساڵ چاوەڕوانی و هەوڵدان، دواجار پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ دەستیپێکردووە و ئێستا هەنگاوی باشی بڕیوە و کۆمپانیای جێبەجێکار بەردەوامە لە کارکردن.
 
قایمقامی چەمچەماڵ گوتیشی، پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ دەستیپێکردووە و هەنگاوی باشی بڕیوە، بەڵام 730 رۆژ دەخایێنێت، ئەگەر هیچ کێشەی دارایی بۆ دروست نەبێت، بەڵام ترسمان هەیە لەوەی کێشەی دارایی بۆ دروست بکرێت، چونکە لەسەر داهاتی سلێمانی جێبەجێ دەکرێت و بە گوژمەی 87 ملیۆن 150 هەزار دۆلارە.
 
رەمک رەمەزان، ئاماژە بەوە دەکات قۆناخی یەکەم بڕیار بووە 45 ملیار دینار وەکو پێشینەی یەکەم بۆ کۆمپانیاکە خەرج بکرێت، بەڵام کۆمپانیا ئێستا کار دەکات و پێشینەی یەکەمی وەرنەگرتووە و هێشتا لە وەزارەتی داراییە.
 
گرفتی کەمئاوی دیارترین کێشەی سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحییەکانێتی، بە گوتەی قایمقامی قەزاکە، ئاستی ئاوی بیرەکانی بانی مەقان دابەزیون، ئەگەر جاران لە 80 مەتر بگەیشتبایە بە ئاوی پێویست، ئێستا 120 مەتری پێویستە.
 
رەمک رەمەزان باس لەوەش دەکات، ئەوان رۆژانە لە پرۆژەی ئاوی دووکان - سلێمانی، ئاویان بۆ دابیندەکرێت، بەڵام ئەوەش بەشی پێداویستییەکان ناکات و رۆژانە لانیکەم 60 هەزار مەتر سێجایان پێویستە، بەڵام کەمتر لە 35 هەزار مەتریان پێدەگات.
 
قایمقامی چەمچەماڵ دەشڵێت، "ئەگەر کەسێک لە رووباری دووکان بخنکێ دوو رۆژ ئاو لەسەر ئێمە دەگیرێتەوە، لە هەندێک شوێن 10 بۆ 12 رۆژە جارێک ئاو دەدرێتە هاونیشتمانییان، بەناچاری لەڕێگەی کۆمپانیایەک رۆژانە دوو ملیۆن لیتر ئاو بۆ شارەکە دابیندەکات."
 
لەبارەی کارەکانی پرۆژەی کارگەی ریسایکڵینی چەمچەماڵ گوتی، کارگەی ریسایکڵینی چەمچەماڵ لە ساڵی 2020 "هەنگاوی باشی بڕی و 30٪ پرۆژەکە تەواوبوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی وەستا، داوامان لە وەزارەتی شارەوانی کرد بەهەمان سیستمی ئاکرێ دروست بکرێت."
 
زۆرینەی ئەو پرۆژانەی راگیراون، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانە، کە بە پترۆ دۆلار ناسراوە و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەماوەی رابردوودا لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکان، هەندێک لەو پرۆژانەی وەگەڕخستووەتەوە کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوون.
 
رەمک رەمەزان دەڵێت، 8 پرۆژەمان راگیراون کە پێنج پرۆژەیان لەسەر بودجەی پترۆدۆلار بوون، لەوانە: قیرتاوکردنی گەڕەکی مامۆستایان، رێگەی خوێڵێن، قیرتاوکردنی رێگەی گەڕەکەکانی قەرەهەنجیرییەکان، شەقامە نێوخۆییەکانی ناحیەی شۆڕش، قوتابخانەیەکی 18 پۆلی لە تەکیەی کاکەمەند و پرۆژەی تۆڕی ئاو لە گەڕەکی ئاسوودەی چەمچەماڵ.
 
قایمقامی چەمچەماڵ گوتیشی: "ئێستا ئەو پرۆژانە دراونەتەوە بە وەزارەتەکان بۆ ئەوەی بخرێنە سەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتەکان و بە گوێرەی داهات و بودجەی بەردەست وەگەڕبخرێنەوە."
 
لەبارەی تەرخانکردنی زەوی بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەراندا، قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت: "خەریکی ئیفرازکردنی زەوین لە سنووری چەمچەماڵ و ناحیەکانی و شارەوانییەکانمان راسپاردوون، هەوڵدەدەین هەموو فەرمانبەرێک زەوی وەربگرێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.