رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوی شاوێس رایدەگەینێت، ئەم ساڵ حەوت بیری ئاو لە سنوورەکەیان وشکیان کردووە و رۆژانە بە تانکەر ئاو دەگەینرێتە ئەو گەڕەکانەی کێشەی ئاویان هەیە، دەشڵیت: "هەموو هەوڵێکمان ئەوەیە پشتبەستن بە ئاوی ژێرزەوی کەمبکەینەوە."
شەمسەدین عەبدولقادر، بەڕێوەبەری ئاوی شاوێس میوانی بەرنامەی مژار بوو لە رادیۆی رووداو کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ساڵی رابردوو 10 بیر لە سنووری شاوێس هەڵکەندراون و ئەم ساڵیش تەنیا یەک بیرهەڵکەندراوە، هۆکارەکەش ئەوەیە ئەوان هەموو هەوڵێکیان ئەوەیە پشت ببەستین بە ئاوی ژێر زەوی کەمبکەنەوە.
سنووری کۆمەڵگەی شاوێس و دەوروبەری 53 بیری 'ئیرتیوازی' هەن، بەڕێوەبەری ئاوی سنوورەکە دەڵیت، تاوەکو پرۆژەی ئاوی ئیفراز چوار تەواو نەکرێت، گرفتەکە بەتەواوی چارەسەر نابێت، ئەم ساڵ حەوت بیر لە سنوورەکەدا وشکی کردوون لەوانە؛ بیری ژمارە (11، 12، 8، 5، 6، 34، 36).
بەڕێوەبەری ئاوی شاوێس دەڵێت: "لە هاوینی ئەم ساڵدا لەرێگەی تانکەرەوە ئاو بۆ ئەو گەڕەکانەی سنوورەکەیان دابینکراوە کە گرفتی ئاویان هەن و رۆژانە 3 تانکەری بەڕێوەبەرایەتی ئاو، 12 کاروان ئاو دەگەیێننە گەڕەکەکان، هەروەها هەروەها دەزگای خێرخوازی بارزانی، هەفتەی دوو رۆژ، لەرێگەی پێنج تانکەرەوە هەفتانە 20 کاروان دەگەینێتە سنوورەکە."
شەمسەدین عەبدولقادر دەڵێت، ئەو گەڕەک و شوێنانەی بیری ئاویان وشکی کردووە بە پلان، رۆژ نا رۆژێک ئاویان پێدەگات و دابەشکردنەکەش بەجۆرێکە هەموویان ناونووسکراون و بۆ ئەوەی دادپەروەری هەبێت بەگوێرەی کات (خولەک) ئاویان پێدەدرێت.
لەبارەی فراوانکردنی تۆڕەکانی ئاو، شەمسەدین عەبدولقادر گوتی، لە نزیکەی 20 شوێنی سنووری شاوێس کارمان کردووە و بەگوژمەی نزیکەی 100 ملیۆن دینار تۆڕەکانی ئاومان چاککردووە و فراوانمان کردووە، هەموو گەڕەکەکانی سنووری شاوێس تۆڕی ئاویان بۆ دابینکراوە.
گوتیشی: "نزیکەی 14 هەزار هاوبەشی ئاو لەسنووری شاوێس هەن و زیاتر لە 200 ملیۆن دینار پارەی ئاویان لایە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ