مەسرور بارزانی یەکەیەکی نیشتەجێبوونی بەخشییە دەخیل و سامیا

05-07-2023
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکوەزیران یەکەیەکی نیشتەجێبوونی بە دیاری داوەتە دەخیل و سامیا، ئەو ژن و مێردە کوردە ئێزدییەی کە بەهۆی هێرشی داعشەوە، هەشت ساڵ لە یەکدی دابڕان.
 
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "دەخیل و سامیا، ئەو دوو هاوژینەی کە وەک نوێنەری ئێزیدییەکان بەشداریی گفتوگۆی سەرۆکوەزیران و خەڵکیان کرد، وەک دیاری زەماوەندەکەیان و بەرامبەر بە وەفا و خۆشەویستییان بۆ یەکدی، بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کوردستان، یەکەیەکی نیشتەجێبوونی پێ بەخشین".
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکی تایبەتدا بەناونیشانی "دیداری خەڵک" قسەی بۆ هاونیشتمانییان کرد، دیدارەکە کە تێیدا میوانداریی چەند چین و توێژێک کرابوو، ئەمشەو چوارشەممە کاژێر 9:00 لە رووداو پەخشکرا.
 
دەخیل و سامیا، لە دیدارەکە ئامادەبوون و سامیا گوتی: "دوای هەشت ساڵ لە دەستی داعش، من گەڕامەوە و لەگەڵ دەخیل یەکدیمان بینییەوە، من دەردەسەری زۆرم بینیوە، ئێستا لە کامپدا دەژیم، دەمەوێ کارێک بۆ ئێزدییەکان و شنگال بکەن، ئێمە ئێستا نازانین، شنگال سەر بە بەغدایە یان هەرێمی کوردستان؟ دەردەسەری زۆرمان لە عێراق بینیوە و پێویستمان بە هاوکاریی ئێوەیە".
 
لە وەڵامدا مەسرور بارزانی گوتی "پیرۆزباییتان لێدەکەم کە جارێکی دیکە زەماوەندتان کرد، ئینشائەڵڵا تەمەنێکی درێژ و ژیانێکی بەختەوەر ببەنەسەر، بێگومان ئێمە هەموومان ناڕەحەتین بەو دۆخەی بەسەر شنگالدا هاتووە و ئازارێکی زۆر گەورەی هەموومانی داوە".
 
مەسرور بارزانی گوتی: "شنگال سەر بە کوردستانە، بەڵام ئەمڕۆ داگیرکراوە، بەداخەوە ئەو زوڵم و ستەمەی کە لە شنگال کراوە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، زۆر جار باسی شنگال کراوە، بەڵام پێمخۆشە بزانن، کاتێک داعش ئەو تاوانە گەورەی دژی شنگال و ناوچەکانی دیکەی کوردستان کرد،  من خۆم لە میحوەری هەشت، لەگەڵ جەنابی سەرۆک پێشمەرگە بووم، 52 رۆژ لەنێو ئۆتۆمبێل نووستین، تاوەکو شنگالمان ئازاد نەکرد، نەگەڕاینەوە، 500 شەهیدمان دا بۆ ئەوەی شنگال رزگار بکرێت".
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان زیاتر گوتی: "خەڵک زۆر موزایەدەیان بە شنگالەوە کرد، ئەوەی شنگالی رزگار کرد ئێمە بووین، ئەوەشی شەهیدبوو هەر ئێمە بووین، دوای ئەوەی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر کرا و جارێکی دیکە حکومەت (عێراق) گەڕایەوە، گوتمان نامانەوێ جارێکی دیکە شنگال ببێتە جێگەی شەڕ و پێکدادان و خەڵکمان بکوژرێن. رێککەوتن کرا کە کێشەی شنگال بەشێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت، ئێمە رێککەوتنێکمان لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق کرد، بۆ ئەوەی دۆخی شنگال چارەسەر بکرێت و خەڵکی شنگال بگەڕێنەوە، بەداخەوە جێبەجێ نەکرا".
 
مەسرور بارزانی گوتی: "ئەوانەی هۆکاری جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی شنگالن، ئەو هێزە نایاساییانەن کە ئێستا لەوێ دەسەڵاتیان هەیە، وایاننەکرد خەڵک بگەڕێتەوە، خزمەتگوزاریی بگەڕێتەوە بۆ شنگال، ئیدارەی شەرعی بگەڕێتەوە بۆ شنگال و ئەو رێککەوتنە جێی خۆی بگرێت. بەڵام بەداخەوە هاوکاریی زیاتری ئەو لایەنانە دەکرێت کە بەناوی داگیرکەر لە شنگالن، بابەتی شنگال و قوربانیدانەکەی، زۆرجار لەلایەن هەندێ کەسەوە بۆ مەبەستی سیاسیی دەقۆزرێتەوە".
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رووی دەمی کردە سامیا و دەخیل و گوتی: "دڵمان لەگەڵتانە، کوردستان ماڵی ئێوەیە، شنگال بەشێکە لە کوردستان و لێی جیاناکرێتەوە، رۆژێک دادێ بگەڕێنەوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێ خەڵکی شنگال بە سەربڵندی بگەڕێنەوە، نامانەوێت جارێکی دیکە بچنە ژێر دەسەڵاتی هەندێ کەسی داگیرکەر و هێزی نایاسایی، هەوڵەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بەردەوامن، لەگەڵ ئووئێن و وڵاتانی دۆستیش بەردەوامن، بۆ ئەوەی چۆن بسازێت هاوکاریی خەڵکی شنگال بکەین، تاوەکو رۆژێک پێویستبێت، کوردستان ماڵی گەورەی ئێوەیە و ئینشائەڵڵا بە کەیفخۆشی دەگەڕێنەوە شنگال".
 
ئەو کاتەی سامیا کەوتە دەست داعش، مانگێک بوو لەگەڵ دەخیل ژیانی هاوژینی پێکهێنا بوو، بەڵام دوای هەشت ساڵ، لەگەڵ پێنج کچی دیکەی کوردی ئێزدی لە سووریاوە گەڕێندرانەوە نێو کەسوکاریان. رۆژی 16ی حوزەیرانی 2023 سامیا سمۆ بە جلی بووکێنییەوە بە رووداوی گوت، ئەو دۆخەی ئەو ئێستا تێیدایە وەکو خەونە "بڕوام نەدەکرد.. هەر وامزانی لە خەودام، زۆر دڵخۆشم." دەخیلیش گوتی، هەر چاوەڕێی ئەوە بووە رۆژێک هاوژینەکەی بگەڕێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 وێنەی دوو تۆمەتبارەکە. وێنە: پۆلیسی سلێمانی.

پۆلیسی سلێمانی لەسەر كوشتنی‌ كچێک دوو کەس دەستگیر دەکات؛ 'لەژێر ئەشکەنجە دا کوشتوویانە'

لەسەر دۆسیەی‌ كوشتنی‌ كچێک هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد. پۆلیس دەڵێت، کچەکەیان لەژێر ئەشکەنجە دا کوشتووە.