رووداو - هەولێر
مامەڵەی زۆر و رێوشوێن و رێنوێنییەکانی بەناوکردنی موڵک، داخرانی ژمارەیەک قوتابخانەی خوێندنی عەرەبی لە هەرێمی کوردستان، بەرزی و نزمیی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار گلەیی و گازەندەی بەشێک لەو عەرەبانەن کە کڕیاری خانوون لە هەرێمی کوردستان.
عەبدوڵڵا محەممەد، هاووڵاتیی عەرەب دەڵێت، "کڕیاری عێراقی کاتێک شوقە یان زەوی دەکڕێت، پارەی عێراقیی پێیە و لێرە مامەڵەکان بە دۆلارە. لە گۆڕینەوەی دراودا زەرەری زۆر دەکەین، لە 10 هەزار دۆلار ملیۆن و نیوێک دینار زیان دەکەین."
جیاوازیی دووەم، ترسی خەڵکە لە قوتابخانەکان، کە ساڵانە ژمارەیەک لە قوتابخانەکانی خوێندنی عەرەبی دادەخرێن و بە ناچاری خێزانەکان دەبێت بگەڕێنەوە.
کەمبوونەوەی کڕیاری عەرەب کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بازاڕی خانووبەرە هەبووە. خەلیفە عەبدوڵڵا، خاوەن کۆمپانیای خانووبەرە لە هەولێر دەڵێت، "کڕیاری عەرەب زۆر کەم بووەتەوە، هیچکات ئاوا کەم نەبووە. پێشتر لە 10 کڕیار 4 بۆ 6یان عەرەب بوون و ئێستا نییە، دەکرێت بڵێم، 30% بۆ 40% کەم بووەتەوە."
بەپێی ئاماری دەستەی وەبەرهێنان، ساڵی 2023 لە هەرێمی کوردستان 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە هەرسێ جۆرەکەی خانوو، شوققە و ڤێلا دەست بە دروستکردنیان کراوە و 120یان تەواو کراون.
زۆربوونی مۆڵەت بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، بڕیاری دابەشکردنی زەویی، کارئاسانیی وڵاتانی دەوروبەر بۆ هەر کەسێک کە وەبەرهێنان لە کەرتی خانووبەرە بکات و چەندین هۆکاری دیکەش هەن.
یاسین مەحموود، سەرۆکی لقی سلێمانی لە یەکێتیی وەبەرهێنەران دەڵێت، "هاتنی هاووڵاتییانی شارەکانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بۆ کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون پاشەکشەی زۆری کردووە. هۆکار زۆرن؛ خۆش بوونی بازاڕی ئەوان لە زێدەکانیان و پێدانی قەرز و هەروەها تورکیا بە کڕینی زەوی و خانوو، ئیقامە و جنسیە دەداتە خەڵکی بیانی و عەرەبەکان زۆر دەچن و لەوێ وەبەرهێنان دەکەن."
کەسانی بیانی کارتی نشینگەیان هەبێت، کڕیاری شوێنی نزیک سنوور و سەربازی نەبێت بۆ کەسانی هەڵگری کارتی نیشتمانیی عێراقیش بڕیارە رێنوێنییەکان چاویان پێدا بخشێندرێتەوە و ئاسانکاری بکرێت.
خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران دەڵێت، "رێنوێنییەکان بڕێک قورس بوون، بەڵام ئێستا بەپێی دەستووری عێراق هەر کەس خاوەن کارتی نیشتمانی بێت، کورد یان عەرەب، دەتوانن لە هەر شوێنێک مەبەستیانە خانوو بکڕن و تەواوی کارئاسانیشیان بۆ دەستەبەر دەکرێت."
دانیشتووانی شارەکانی عێراق قەرزی بانکی و قەرزی خانووبەرە و چەندین دەرفەتی دیکەی وەرگرتنی پارەیان هەیە بە قەرزی درێژخایەن، جگە لە پێدانی قەرزی نیشتەجێبوون، بە پارەکانی دیکە دەتوانن وەبەرهێنان لە کەرتی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ