رووداو دیجیتاڵ
سەرەتای ڤیدیۆکە ساتی ئازادکردنی ئەو هەشت جووتیارە کوردە دەبینن کە دوێنێ یەکشەممە لە گوندی شەناغەی سەرگەڕان لەلایەن سوپای عێراقەوە لەسەر کاری کشتوکاڵی دەستگیرکرابوون، ئەوان بە مەرجی پڕکردنەوەی بەڵێننامە و دەستهەڵگرتن لە کاری کشتوکاڵی ئازادکراون.
محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیاتر لە 10 هەمەر هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندەکەیان و بە رەشبگیری ئەو جووتیارانەیان دەستگیرکردووە، هەندێکیان لەسەر کار و هەندێک لە ماڵەکانیان دەرهێندراون. بۆ چەند کاژێرێک لە بەردەم رۆژ راگیراون و دواتر بردراونەتە بنکەی پۆلیسی سەرگەڕان، دوای ئازادکردنیان بە کەفالەت "ئەمڕۆ لە دادگە ئامادەبووین و دادوەر بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکردین."
لەگەڵ یەکێک لە ئازادکراوەکان چوومە گوندی شەناغە، ئەمڕۆ دووشەممە جارێکی دیکە سوپای عێراق چووەتەوە سەریان و کەرەستەی کشتوکاڵی بردووە. کۆچەر ئیسماعیل، دانیشتووی گوندی شەناغەیە و دەڵێت، "رۆژانە دەچینە سەر زەوییەکانمان، ئەو هێزە ئەگەر جووتیاری دەستبکەوێت، دەستگیری دەکەن، ئەگەر نا دەست بۆ کەرەستەکانی ئاودان دەبەن و قفڵەکانمان دەبەن، هۆشدارییان بە من داوە کە گەنمەشامییەکەم ئاو نەدەم و وشکی بکەم، پێنج رۆژە ئاوم نەداوە و ئەگەر پێنج رۆژی دیکەش ئاوی نەدەم وشک دەکات و لەنێودەچێت."
بۆ رێگریکردن لە دەستێوەردانی سوپا، دوو ئەندامی پەرلەمانی عێراق نامەیەکی ناڕەزاییان ئاراستەی حکومەتی عێراق کرد، بەڵام دوای چەند خولەکێک سوپای عێراق چووەوەسەر گوندە کوردەکانی سنووری سەرگەڕان.
سەباح حەبیب، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، "ئەم ناوچانە هەموو پەیوەستن بە ماددەی 140 و کێشەلەسەرە و بە هیچ شێوەیەک سوپا بۆی نییە هەڵکوتێتە سەریان، جووتیارانمان دەستگیربکات و رێگری لە کاری جووتیارییان بکات، لەبەر ئەم هۆکارانە داوامان کردووە ئەو دەسەڵاتانە لە سوپا وەربگیرێتەوە و رادەستی پۆلیسی خۆجێیی بکرێت."
لە کەرکووک بە بەشداریی پارتی، حیزبە کوردستانییەکانی پارێزگاکە لەسەر کێشەکانی تۆپزاوا و سەرگەڕان کۆبوونەوە و هۆشدارییان دا ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، شەقام دەجووڵێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ