رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 20 ساڵە، چەندین شەقام، قوتابخانە و رێگەی گشتی بە بەردی بەرز و گەورەی کۆنکریتی هەڵچنراون و دیمەنی بە سەربازگەکردنیان بەخشیوەتە شارەکە.
دواناوەندیی کانیاو لە کەرکووک، قوتابخانەیەکی خوێندنی کوردییە و بەهۆی نزیکی لە بکەی پۆلیسی رەحیماوا، چواردەوری بە بەرد و دیواری کۆنکرێتی هەڵچنراوە. کوێستان جاسم، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەڵێت، "قوتابخانەکەمان وەک ئەوەی لێهاتووە چوارچێوەی زیندانێکی گەورە بێت."
لەپاڵ ئەوەدا، خزمەتگوزاری لە شارەکە لە ئاستێکی خراپدایە، وەکو کوێستان جاسم باسی دەکات، "ئۆتۆمبێلی مامۆستاکانمان هەمووی شوخت و لێدراوە، چونکە رێگەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی نییە، رۆژانە لێرە رووداوێک یان زیاتر روو دەدات."
یەکێکی دیکە لەو شوێنانەی تا چاو بڕدەکات بە بەردی کۆنکرێتی دیوار بەرزکراوەتەوە، شەقامی قشڵەیە کە 20 ساڵە ئەوە دۆخیەتی. جگە لە شەقامەکە، قشڵەش بە هەمان دیواری کۆنکرێتی رووپۆشکراوە.
ماوەیەکە پۆلیسی خۆجێیی کەرکووک داوای وەرگرتنەوەی دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک دەکات، داواکاریی زۆری خەڵک هەڵگرتنی ئەو بەردانە و کردنەوەی ئەو شەقامە سەرەکییانەن بە رووی هاتووچۆدا.
کاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک ئاماژە بەوە دەکات، "لە بەرنامە و پلاندانانین بۆ ئەوەی ئەو بەردە کۆنکرێتییانە هەڵبگرین و رێگەکان بکەینەوە تاوەکو خەڵک بە ئازادی و بەبێ بوونی هیچ بەربەستێک هاتووچۆ بکات، ئێمە سکاڵای خەڵکمان لەسەر ئەو بابەتە پێگەیشتووە و لە ماوەیەکی نزیکدا داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکەین."
لەنێو شاری کەرکووک، 28 بارەگای ئەمنی، پۆلیس و سوپای عێراق هەن و هەموویان بەردەم بارەگاکانیان، بە بەرد و سەبی کۆنکرێتی بەرزکردووەتەوە و زۆربەیان شەقامێکی زۆری ناوچەکانی نزیک لە خۆیان داخستووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ