راپەڕین، کۆڕەو، پەناگەى ئارام

05-04-2021
سەفین دزەیی
A+ A-
 
مێژووەکەى هێندە دوور نییە، ئەگەر دووریش بکەوینەوە لەبیر ناکرێت، چونکە لەماوەى تەنیا یەک ساڵدا گۆڕانکارى و وەرچەرخانى گەورە روویاندا. بەدرێژایی نزیک بە سەدەیەک بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادى، گەلى کوردستان خەباتى کرد، شۆڕشى هەڵگیرساند، رووبەڕووى جەورو ستەم بووەوە، لەم پێناوەشدا قوربانى زۆرى دا .
 
لە زۆربەى قۆناخەکان هەرچەندە شەڕەکان نابەرامبەرى بوون و لەڕووى سەربازییەوە دوژمن بەهێزتربوو، بەڵام ئیرادەى سەرکردایەتى سیاسى کوردستان و هێزى پێشمەرگە ئەوەندە پتەوبوو هیچ کات باوەڕیان بە سەرکەوتن و رزگاربوونى یەکجارەکى لاواز نەدەبوو. شۆڕشەکانى گەلى کوردستان دەیان قۆناخى سەخت و دژواریان بڕى، چەندین پیلانى نێودەوڵەتى بۆ داڕێژرا تا سەرکوت بکرێ. بەڵام هەموو هەوڵەکان لە بەرامبەر خۆڕاگریى گەلى کوردستان شکستیان دەهێنا.
 
لەدواى راوەستانى شەڕى عێراق – ئێران، کە نزیکەى هەشت ساڵى خایاند، رژێمى سەدام زۆر دڕندانە و نامرۆڤانە رووبەڕووى گەلى کوردستان و شۆڕشەکەى بووەوە، پرۆسەى ئەنفالى گەرمیان و ئەنفالی بادینان و تێکدانى چوار هەزار گوندو بەکارهێنانى چەکى قەدەخەکراوى کیمیایی دژى خەڵى سڤیل لە هەڵەبجە و بالیسان و شێخ وەسان و بادینان کە هەزاران شەهیدو بریندارى لێکەوتەوە. لەبەرامبەر ئەو هەموو تاوانەش بەهۆى ململانێى بلۆکى رۆژهەڵات و رۆژئاواو پاراستنى بەرژەوەندییەکانیان کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى هیچ کاردانەوەیەکى ئەوتۆى نەبوو. 
 
رژێمى عێراق بە سوتماککردنى خاکى کوردستان و کوشتن و جینۆسایدو بەعەرەبکردنى کوردستان نەوەستا، ئەمجارە هێرشى کردە سەر وڵاتى کوێت و داگیرى کرد، بەڵام داگیرکردنى کوێت و مانەوەى سوپاکەى لەوێ کارێکى ئاسان نەبوو، چونکە هەر زوو کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و نەتەوە یەکگرتووەکان هاتنە دەنگ و داوایانکرد سوپاى عێراق کوێت جێبهێڵێ، بەڵام عێراق بەهیچ جۆرێک نەچووە ژێربارى ئەو داواکاریانە.
 
ئەوە بوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێکهێنا کە لە 36 وڵات پێکهاتبوو، لە 17ـی کانوونی دووەم تاوەکو 28ـی شووبات ئۆپەراسیۆنى گەردەلوولى بیابان دژى لەشکرکێشى سوپاى عیراق دەستیپێکرد. لەو ماوەیەدا عێراق و سوپاکەى تووشى گەورەترین شکستى سەربازى و سیاسى و ئابوورى بوو. سەرکەوتنى پرۆسەکە سەرکردایەتى عێراقى ناچار کرد لەژێر خێمە لە سەفوان رێکەوتننامەى ئاگربەست لەگەڵ کوێت ئیمزا بکات و دان بە سەروەرى وڵاتى کوێتدا بنێت. هاوکات چەند مەرجێکى قورسیشیان بەسەر عێراقدا سەپاند وەک قەرەبووکردنەوەى تەواوى زەرەرو زیانەکان و دەستهەڵگرتن لە چەکى ناوکى و کیماوى. هەر لەگەڵ داگیرکردنی کوێت، عێراق بۆ ماوەی 13 ساڵ 1990 تاوەکو 2003 ئابڵووقەی ئابووری خرایەسەرو بۆی نەبوو هیچ پێداویستییەک لە دەرەوە هاوردە بکات. خۆراک و پێداویستی پزیشکی لە ڕێگەی بەرنامەی نەوت بەرامبەر خۆراک بوو کە نەتەوە یەکگرتووەکان خۆیان سەرپەرشتییان دەکرد.
 
ئەو شکستە سەربازییە گەورەیە، خاڵى وەرچەرخان بوو بۆ گەلانى عێراق بە گشتى و گەلى کوردستان بەتایبەتى، دەرفەتێک بوو بۆ تۆڵەکردنەوە لە دامودەزگا سەرکوتکەرەکانى رژێم کە ماوەى چەندین ساڵ بوو بە ئاگرو ئاسن حوکمى گەلەکەى دەکرد. 
 
کۆتایی مانگى دوو لە شاری بەسرە خۆپیشاندان و دواتر راپەڕین دەستیپێکردو تاوەکو 3ـی ئادار راپەڕین زۆربەى شارەکانى باشوورى عێراقى گرتەوە. 
 
راپەڕینە مەزنەکەى گەلى کوردستان لە 5ـی ئادار تاوەکو 21ـی ئادار بەردەوام بوو، لە رانیەى دەروازەى راپەڕین دەستىپێکرد و بە ئازادکردنى کەرکووکى دڵى کوردستان کۆتاییهات و تەواوى دامودەزگاکانى رژێمى بەعس کۆتاییهات و بۆ یەکەمجار بوو هەرێمى کوردستان بەتەواوى ئازادبکرێت. راپەڕین، خەون و ئاواتى گەلێکى ستەمدیدەى هێنایەدى کە لە بەرەبەیانى مێژووەوە غەدرى لێدەکراو مافەکانى زەوتدەکرا. هەموو شۆڕش و قوربانییەکانیشى لەپێناو ئازادى و گەیشتن بە مافەکانى خۆى بێت. 
 
ئەوکاتەى راپەڕین دەستیپێکرد هەزاران سەربازى عێراق لە هەرێمى کوردستان بوون، وێڕاى ئەمن و ئیستخبارات و گەورە بەرپرسانى بەعس، بەڵام چونکە گەلى ئێمە هەمیشە بۆ گەیشتن بە مافەکانى دژى رژێمەکان جەنگاوە، هیچ کات بیرى لەوە نەکردووەتەوە شۆڤێنیانە رەفتار بکات و تۆڵە لە خەڵکى مەدەنى بکاتەوە. ئەو سەربازانەى خۆیان رادەستى پێشمەرگەو جەماوەرى گەلەکەمان کرد زۆر بە رێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا کراو هاوکارى کران و رەوانەى شارەکانى خۆیان کرانەوە. ئەوە مێژووێک بوو میللەتى ئێمە بە شانازییەوە تۆمارى کرد کە چەند مرۆڤدۆست و ئاشتیخوازن تەنانەت لەگەڵ دوژمنەکانیشیان.  
 
مخابن چەند رۆژێک دواى راپەڕین، حکومەتی عێراق هەرچى سوپاو هێزى هەبوو کۆیکردەوەو هێرشێکى دڕندانەى کردە سەر هەرێمى کوردستان. خەڵکى خۆڕاگرى ئێمە وەک هەمیشە ژێردەستەییان رەتکردەوەو کۆڕەویان هەڵبژارد، کە تێیدا هەزاران خەڵکى سڤیل بە ژن و پیاو و منداڵ و پیرو پەککەوتە بەرەو سنوورەکانی وڵاتانى دراوسێ بەڕێکەوتن. رێگەى مەرگیان هەڵبژارد، نەک ژێردەستەیی و زوڵم و چەوسانەوە.
 
كۆڕه‌و بووە ناسنامه‌ى دۆزى ره‌واى كورد، خەمى میللەتێکى چەوساوەى بە کۆمەڵگەى نێوده‌وڵه‌تى ناساند، ویژدانى زۆر لە دۆستان و سەرکردەکانى جیهان نه‌یانتوانى چاو له‌و تراژیدیا گەورەیە بپۆشن. 
 
وڵاتانى ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا رۆڵى بەرچاویان هەبوو بۆ ئەوەى له‌ 5 ى نیسانى 1991 ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى بڕیارى ژماره‌ 688 ى ده‌ربكات. له‌ به‌ندى یه‌كه‌مى ئه‌و بڕیاره‌دا زۆر به‌ ئاشكرا سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و كرده‌وه‌ سه‌ركوتكرانه‌و داپڵۆسێنەرانه‌ كرابوو و داواش له‌ به‌غدا كرابوو كه‌  ده‌ستبه‌جێ ئه‌و كرده‌وانه‌ بووه‌ستێنێت و ده‌ست به‌ گفتوگۆ بكات و رێز له ‌مافه‌كانى مرۆڤ و مافه‌ سیاسییه‌كانى ته‌واوى هاووڵاتیان بگرێت.
 
دواى ئەوە دانوستاندن لەنێوان بەرەى کوردستانى و رژێمی بەعس بەڕێوەچوو، بەڵام هەر لە سەرەتاوە روونبوو کە بەعس نەیدەویست گوێ لە داخوازییەکانى سەرکردایەتیى سیاسی گەلى کوردستان بگرێت و تەنیا کات بەڕێکردن و خۆدزینەوە بوو. بۆیە گفتوگۆکان بە بنبەست گەیشتن و  حکومەتی ئەوکاتى عێراق بڕیاریدا لە ئۆكتۆبەرى ساڵى ١٩٩١، یەكە سەربازییەکان و دامەزراوە ئیدارییەكانى بە تەواوى لە هەرێمدا بکشێنێتەوە.
 
ئه‌مه‌ش رێگه‌ى خۆشكرد بۆ یەکەمجار لە مێژوودا هه‌ڵبژاردنێكى گشتى دیموكراتیانه‌ ئه‌نجامبدرێت و له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا ته‌واوى نه‌ته‌وه‌و ئایین و ئایینزاكانى كوردستان به‌شدارى له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا بكه‌ن و حکومەتى هەرێمى کوردستان پێکبهێنن.
 
رێکەوتى 19ى ئایارى 1992 یەکەم هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو. چاودێرانى ناوخۆو بیانی بەشداربوون و لە نزیکەوە چاودێرى بەڕێوەچوونى پرۆسەکەیان دەکرد. ئەم هەڵبژاردنە بووە هۆى دامەزراندنى یەکەمین پەرلەمان و کابینەى حکومەتى هەرێمى کوردستان. 
 
دواى دامەزراندنى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی بەتایبەت وڵاتانى دۆست رۆلیان هەبوو لە داننان بە هەرێمى کوردستان و وەک دیفاکتۆ مامەڵەیان لەگەڵ کرد، سەربارى رۆژە ناخۆش و سەختەکان بەڵام ئیرادەیەک هەبوو بۆ دابینکردنى ئارامی و دیموکراسى و رێزگرتن لە تەواوى ئایین و نەتەوەکان. کارێکى ئاسان نەبوو بتوانى لە ناوچەیەکى پڕ لە کێشەو ململانێى وەک رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەرێمێکى سەقامگیرو گەشەسەندوو بونیاد بنێى. 
 
ئەم بارودۆخەى ئەمڕۆ دەیبینین بەچەندین قۆناخى سەختدا تێپەڕیوەو ئاستەنگى زۆرى هاتووەتە پێش. ئەوەش زیاتر بە پشتگیرى دۆستانمان بووە کە لەزۆر قۆناخە سەخت و قەیراناوییەکان هاوکارمان بوونە. لە بەرامبەردا هەرێمى کوردستان پابەندى پرەنسیپەکانى مافى مرۆڤ و یەکسانى بووەو دژى تیرۆریستان وەستاوەو زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارەو پەنابەرى لەخۆگرتووە. بەو هیوایەین کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و وڵاتانى دۆست پشتگیرى زیاتر لە ئەزموونى هەرێمى کوردستان بکەن و هاوکارمان بن بۆ باشترکردنى سیستەمى حوکمڕانى تێپەڕاندنى قەیرانەکان.
لەم یادەدا سوپاسی ئەو وڵاتانە دەکەم کە بەهۆی بڕیاری 688ـی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیرییان لە پاراستنى گەلی کوردستان کرد. سوپاسى وڵاتانى دراوسێ دەکەم کە سنوورەکانیان بەڕووى خەڵکى سڤیلدا کردەوە، هاوکات خوشک و برا کوردەکانى وڵاتانى دراوسێش دەرگایان بەڕووى لێقەماوانى هەرێمى کوردستان کردەوەو وەک کەسى نزیکى خۆیان خزمەتیان کردن. 
 
ستایشی هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رۆژنامەنووس و کەناڵە بیانییەکان و کوردانى تاراوگە دەکەم کە بە ڕاستى رۆلیان هەبوو لە زیاتر ناساندنی دۆزى رەواى گەلەکەمان و نیشاندانى ئەو تراژیدیایەى ویژدانى مرۆڤایەتى دەهەژاند. 
 
ئێستاش دوای 30 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ڕاپەڕین و تۆمارکردنی چەندین سەرکەوتنی سەربازی و دیپلۆماسی و گەشەپێدان، هیوادارین ئەم یادە ببێتە مایەی یەکڕیزی و گەیشتن بە تەواوی مافەکانمان و کۆتاییهێنان بە قەیران و نه‌هامه‌تییه‌كان. هەر بەم بۆنەیەوە حکومەتى هەرێمى کوردستان وەک رێزلێنان و سوپاسێک بۆ کەسایەتیى وڵاتانەى رۆڵیان هەبوو لە دەرکردنى بڕیارى 688، دوو شەقام لە هەولێرى پایتەخت بە ناوى (سێر جۆن مێجەر) سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا و (ناوچەى ئارام) دەکات. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شێخ فاتیح

بۆ ئەوەی شەش بە چوار نەبین دەبێ سەرژمێری بکەین

عێراق دەڵێت: کوردستان تۆ 12.67 لەسەدی بۆیە 24 تریلیۆن دەنێرم، بەڵام گوێز بە ژماردن مایەکەی دیارە، ئەگەر سەرژمێری بکرابایە، کوردستان 15٪ دەبوو و شایەنی 30 تریلیۆن دینار دەبوو، کەواتە هەر لەجێوە و لە رێوە 6 تریلیۆن دینار چاوی تۆ خۆش.