رووداو- هەولێر
لە ناوەڕاستی ئەمساڵ هەر یەك لە بزووتنەوەی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆنگرەی ئاسایی خۆیان سازدەكەن، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەش ئاشكرای دەكات عیرفان عەبدولعەزیز خۆی بۆ پۆستی رابەری گشتی كاندید دەكاتەوە.
شوان قەڵادزەیی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:" رۆژی 10-7-2016 دیاریكردووە بۆ بەستنی دەیەمین كۆنگرەی ئاسایی خۆی پشتیوان بەخوای گەورە ئامادەسازییەكانی كۆنگرە لە سەر هەموو ئاستەكان دەستی پێكردووە، پرسی هاوكاری لایەنە ئیسلامییەكان و پرۆژەی هاوبەشی كاری ئیسلامی یەكێك لە بابەتە سەرەكییەكانی كۆنگرە دەبێت، وەكو بزووتنەوەش دەرگامان واڵایە بۆ هەر نزیكبوونەوەیەكی لایەنە ئیسلامییەكانی كوردستان".
سەبارەت بە هەڵبژاردنی رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی شوان قەڵادزەیی گوتی:"جەنابی شێخ عیرفان عەبدولعەزیز یەك خول رابەری گشتی بووە و هێشتا خولێكی ماوە، بڕیاریشە بەڕێزیان خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید بكاتەوە، ئەمەش بۆ ئەندامانی كۆنگرە بەجێماوە كە هەڵیدەبژێرنەوە یاخود نا".
سەبارەت بە کۆنگرەکەی یەکگرتووی ئیسلامی، پێشتر مستەفا عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە رووداوی راگەیاندبوو: "هەموو ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی حەوتەمی یەكگرتوو دەستی پێكردووە تەنیا رۆژی بەستنی كۆنگرە ماوە ئەمەش لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی سەركردایەتییە تاوەكو ئێستا رۆژێك بۆ بەستنی كۆنگرە دیاری نەكراوە".
بەپێی قسەی بەرپرسانی یەكگرتوو كۆنگرەی حەوتەمی حیزبەكەیان لە ناوەڕاستی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت.
بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە ساڵی 1987 لەلایەن هەر دوو زانایی ناسراوی كورد لە هەڵەبجە (عوسمان عەبدولعەزیز و عەلی عەبدولعەزیز) دامەزراوە جگە لەو دوو برایە كە لە دوای یەکدی رابەرایەتی بزووتنەوەیان كردووە، بۆ ماوەیەكی كاتی مەلا محەممەد عومەر عەبدولعەزیز لە شوێنی مامی گرتەوەتەوە و بووەتە رابەری گشتی و پاشان بۆ ماوەی چەند ساڵێكیش سدیق عەبدولعەزیز كە بۆچوونی سیاسی لەگەڵ براكانی جیاواز بوو نەچووە نێو بزووتنەوەی ئیسلامی، بەڵام دواتر دوای كۆچی دوایی براكانی پۆستی رابەری گشتی وەرگرت، لە كۆنگرەی نۆیەمی بزووتنەوە لە 2012 عیرفان عەبدلعەزیز بە رابەری گشتی ئەو حیزبە هەڵبژێدرا.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش لە 6-2-1994 لە لایەن سەڵاحەددین بەهائەدین و چەند سەكردەیەكی دیكەی ئیخوانەوە لە باشووری كوردستان دامەزرا، لە كۆنگرەی شەشەمی ئەو حیزبە سەڵاحەددین بەهائەدین خۆی بۆ ئەمینداری ئەو حیزبە هەڵنەبژاردەوە و محەممەد فەرەج لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەكان بۆ پۆستی ئەمیندار بە كەسی یەكەمی ئەو حیزبە لە كۆنگرە هەڵبژێردرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ