رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی دوو مانگ پێش ئێستا شاندێکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ چارەنووسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە سەردانی بەغدای کرد. سکرتێری بۆردی تایبەت بە یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان دەڵێت، "نووسراومان کردووە بۆ بەغدا و ئێران، بڕیارە یەکی شاندێکیان بۆ ئەم پرسە سەردانمان بکەن."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، "لە ساڵی 1988دا 211 منداڵی هەڵەبجە بێسەروشوێن بوون. تاوەکو ئێستا 10یان دۆزراونەتەوە، بەدواداچوون بۆ 201 منداڵی دیکەش دەکرێت کە چارەنووسیان دیار نییە."
رۆژی چوارشەممە 5ی ئاداری 2025 دڵسۆز جەلال، سکرتێری بۆردی تایبەت بە یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دوایین سەردانمان بۆ بەغدا، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان داوای لە بەغدا کرد کە شاندێکیان بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە بنێرنە هەرێمی کوردستان، ئەوانیش قبووڵیان کرد."
سکرتێری بۆردی تایبەت بە یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان دەڵێت، "دوای گەڕانەوەمان لە بەغدا نووسراومان بۆ کردن، چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین تاوەکو سەردانمان بکەن."
لە دوایین کۆبوونەوەدا شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق، شاندێکی ئێران و رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی بەشداربوون. دڵسۆز جەلال دەڵێت، "بڕیارە کۆبوونەوەکەی ئەمجارە گەورەبێت و بە هەمان شێوە بەغدا و ئێران تێیدا بەشدار بن، چونکە ئامارەکان لای ئەوانن."
بە گوتەی سکرتێری بۆردی تایبەت بە یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان، "ئامانج لە سەردانەکە، کۆکردنەوەی ئامارەکان و بەراوردکردنیانە لە نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان، چونکە بەشی زۆری منداڵە ونبووەکان لە ئێرانن، بۆ ئەوەی بگەین بە زانیاری دروست پێویستە ئامارەکان دڵنیابکەینەوە."
دڵسۆز جەلال گوتیشی، "ئەو منداڵانە سەر بە 74 خێزانن."
15-01-2025 بۆردی تایبەت بە یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان کۆبووەوە و بڕیاردرا شاندێکی سەردانی بەغدا بکات.
22-01-2025، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە چوونە بەغدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ