لە رانیە یادی 34ـەمین ساڵڕۆژی راپەڕین کرایەوە

05-03-2025
ئەبوبەکر ئیسماعیل
34 ساڵ لەمەوبەر یەکەم فیشەک بۆ راپەڕینی کوردستان لە رانیە تەقێنرا.
34 ساڵ لەمەوبەر یەکەم فیشەک بۆ راپەڕینی کوردستان لە رانیە تەقێنرا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەوەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە دەردەکەوێت، نێو بازاڕی رانیەیە، ئەو شوێنەی بە دەروازەی راپەڕینی کوردستان دادەنرێت. 34 ساڵ لەمەوبەر یەکەم فیشەکی راپەڕین لەو شوێنە لەلایەن شەهید عەلی نەبییەوە تەقێنرا.
 
شۆرش عەلی نەبی، کوڕی شەهید عەلی نەبییە و دەڵێت، "'ئێمە وەکو کەسوکاری شەهیدان دڵخۆشین بەو یادە، خۆمان بە سەربەرز دەزانین لەناو خەڵکی کوردستان کە شەهید عەلی نەبی وەک سیمبولی راپەڕین دیاریکراوە.''
 
لەو شوێنەی راپەڕینەکە دەستیپێکرد، مۆنۆمێنتی شەهیدانی تێدا دروستکرا، ئەمڕۆ لە هەمان شوێن گەورە، بچووک، ژن و پیاو، لە بەرامبەر گیان فیدایی 83 شەهیدی راپەڕین چەپکەگوڵی  وەفاداری دادەنێن.
 
ساڵح خۆشناو، پێشمەرگەیە و لەو یادەدا ئاماژە بەوە دەکات، "هیوادارین ئەو یادە مەزنە ببێتە خێر و خۆشی و تەبایی بۆ خەڵکی کوردستان و یەکریزی نێوماڵی کورد.''
 
دالیا عەلی، قوتابی زانکۆیە و باس لەوە دەکات، ''هەستێکی زۆر خۆشە وەک گەلی کورد یادی ئەو رۆژە دەکەینەوە، هەستی ئازایەتی و بوێری لەگیانماندا دەچەسپێت.''
 
ئەحمەد ئەردەلان، قوتابیێکی دیکەیە و دەڵێت، "'داواکارین حکومەت هەلی کار بۆ گەنجەکان بڕەخسێنێ، بۆ ئەوەی گەنجان کۆچ نەکەن.''
 
لە پێنجی ئاداری 1991 هاونیشتمانییانی رانیە لە دژی زوڵم و زۆرداری رژێمی بەعس راپەڕین، لە ماوەی نزیکەی 10کاژێردا جەیش لە شار وەدەرنراو لە 20 رۆژیشدا راپەڕین هەموو شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستانی گرتەوە.
 
هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین باس لەوە دەکات، "'دەخوازم لە هەمان نەفەسی ساڵی 1991 یادی راپەڕین زیندوو بکرێتەوە، جۆش و خرۆش جارێکی دیکە بەر خەڵکدا بکرێتەوە، بەتایبەت گەنجەکانمان،کە ئێستا هەست بە یاخیبوون و نیگەرانیان دەکەین.''
 
رانیە لە قەزایەکی 45 هەزار کەسییەوە لە سەردەمی راپەڕین، ئێستا بە 125 هەزار دانیشتووانەوە بووەتە ناوەندی ئیدارەیەک. لەگەڵ گەورەبوونی پایتەختی راپەڕین چاوەڕوانی و داواکارییەکانی دانیشتووانیشی گەورەتر بووە و چاوەڕوانی تەواوکردنی سەدان پرۆژەی تەواونەکراون. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە