رووداو دیجیتاڵ
مەلا عومەر رێگەیەکی دووری بڕیوە و رۆژێک پێش ساڵیادی راپەڕینی خەڵکی رانیە لە هەولێرەوە چووەتە رانیە. ئەو هەموو ساڵێک لەو رۆژەدا بە چەپکێک نێرگز و گۆچانەکەی دەستییەوە بەشداریی ساڵیادی راپەڕین دەکات.
مەلا عومەر خۆشناو، مامۆستای ئایینییە، دەڵێت: هەموو ساڵێک دەبێ لە 5-3 لە شاری رانیە بم. "راپەڕین یەکەمجار لە شاری رانیە دەستیپێکرد کە پاڵیان بە هێزەکانی بەعسەوە نا و ئیدی نەگەڕانەوە. دەستخۆشییان لێ دەکەم، بەڕاستی مەرد بوون، ئازا بوون و زیرەک بوون."
لە 33 هەمین ساڵڕۆژی یادەکەدا، لە هەموو لایەکەوە شار خرۆشا، گەورە و بچووک و ژن و پیاو پێکەوە یادەکەیان کردەوە.
هاوناز عەلی، نەوەی دوای راپەڕینە و قوتابیی زانکۆیە، دەڵێت: بەڕاستی رۆژێکی پیرۆزە، دەبێ هەموو کورد شانازی بەو رۆژە پیرۆزەوە بکات، داواکارم لە حکومەت ئاوڕێکی تەواو لەم دەڤەرە بداتەوە، بەتایبەتی گەنجان هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنێت، چونکە گەنجانی بتوێن و پشدەر زۆر رێگەی کۆچکردن دەگرنەبەر.
خانەگوڵ محەممەد، نەوەی پێش راپەڕینە و کەسوکاری شەهیدە، بۆ ئەو راپەڕین دڵخۆشی و ئازادی هێناوە، دەڵێت: ئێستا من بەبێ کوڕەکانیشم لێرە بە ئازادی دەسووڕێمەوە، لەم وڵاتە دەچیتە هەر جێگەیەک ئازادی، لە کەس ناترسین، چونکە وڵاتەکەمان ئازادە.
لە پێنجی ئاداری 1991خەڵکی رانیە راپەڕین، شارەکە نازناوی دەروازەی راپەڕینی پێدرا، لە ماوەی 20 رۆژیشدا راماڵینی سوپای عێراق و دەستبەسەرداگرتنی سەربازگەکانیان هەموو شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستانی گرتەوە.
هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین دەڵێت، ئومێد دەکەین کە لە 33ـەمین ساڵیادی راپەڕین دۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە جۆرێک بێت کە بتوانین هەموو لایەکمان بە دەست لەناو دەستی یەکدی خزمەتی زیاتری ئەو خەڵکە تێکۆشەر و ماندووەی دەڤەری راپەڕین بکەین، راپەڕین پێویستی بە خزمەتکردنی زیاترە.
دوای 33 ساڵ لە تەقاندنی یەکەم گولـلەی راپەڕین لەو شارەوە، کەمیی خزمەتگوزاری و تەواونەکردنی زیاتر لە 120 پڕۆژە لە شارەکە نیگەرانی لەلای هاونیشتمانییانی ئەو دەڤەرە دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ