رووداو دیجیتاڵ
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداریکرد لە یادی 32 ساڵەی راپەڕینی خەڵکی رانیە. ئەوانەی بۆ یادەکە کۆببوونەوە ئەندام و لایەنگری یەکێتیی نیشتمانی بوون، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو، لەسەر ئاستی حیزبی یادەکە کرایەوە.
بافڵ تاڵەبانی لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، "یەکێک لە هۆکارەکان کە من لێرەم ئەوەیە داوای لێبوردنتان لێ بکەم کە وەکو پێویست نەمانتوانیوە خزمەتان بکەین."
کوڕی یەکێک لە شەهیدەکانی راپەڕین، بەهۆی کەمیی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و نەبوونی دەرفەتی کار لە شارەکەدا، ناو و وێنەی باوکی لە لیستی شەهیدانی رۆژی راپەڕین جیاکردەوە.
سەعدوون عەبدوڵڵا، کوڕە یەکێکە لە شەهیدەکانی راپەڕین و گوتی، "ئەم کارەم بۆ مێژوو دەمێنێتەوە، هیوادارم لایەنە حیزبی و حکومییەکان ئاوڕ لە ناوچەکە و کەسوکاری شەهیدەکان بدەنەوە."
32 ساڵ بەسەر راپەڕیندا تێپەڕیوە، بەڵام بەشێک لە گەڕەک و کۆڵانەکانی دەروازەی راپەڕین، تاوەکو ئێستا خزمەتگوزارییان پێ نەگەیشتووە.
یەکێکی دیکە لە پڕۆژە تەواو نەکراوەکانی شاری رانیە، پڕۆژەی دووسایدی نێو بازاڕە کە نزیکەی 10 ساڵە بەتەواو نەکراوی ماوەتەوە.
هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بە رووداوی گوت، "بە راستی راپەڕین لە رووی خزمەتگوزارییەوە لە ئاستێکی خراپدایە، گەنجەکانمان بێ تاقەتن، ساڵانە بە هەزاران گەنج سەری خۆیان هەڵدەگرن.''
سلێمان وەرتی، بەشداربوویەکی راپەڕینە و دەڵێت، "لەبەر ئەوەی لە یەکەم فیشەکی راپەڕین بەشداربووم، داوای لێبوردن لە هەموو ئەو خەڵکانە دەکەم رۆژ بە رۆژ هەژاربوون، پیرۆزباییش لەوانە دەکەم بە پێڵاوی چوپ هاتنەخوارەوە ئێستا خاوەنی هەزاران ملیار دۆلارن."
لە ئیدارەی راپەڕین نزیکەی 61 پرۆژەی تەواو نەکراو هەن، بەشێکیان لە ساڵی 2012ەوە کارکردن تێیاندا وەستاوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئیدارەی راپەڕین، بۆ تەواوکردنی هەموو پرۆژەکان، بڕی 128 ملیار دینار پێویستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ