رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات (MSD) لە ئەمریکا رایگەیاند، دەبێت کورد بەشێکی سەرەکیی حکومەتی نوێی سووریا بن.
سینەم محەممەد، باسی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و دانوستاندنەکانی نێوان HSD و حکومەتی کاتیی سووریای بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
سینەم محەممەد رایگەیاند، دانوستاندنەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (HSD) و حکومەتی کاتیی سووریا بەردەوامن و پڕۆسەکە کۆتایی نەهاتووە.
"هەنگاوی باشیان ناوە بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجام"
سینەم محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، هەنگاوی ئەرێنی نراون بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجامێکی دیاریکراو. جەختی لەوە کردەوە کە پێکهاتەکانی سووریا بەشداری حکومەتی کاتیی نەبوون. "ئێوە دۆخی ئێستای دیمەشق دەبینن. تەنیا هێزەکانی دیمەشق بەشداری حکومەتی نوێ بوون و لە پێکهاتەکانی سووریا کەس نییە."
نوێنەری مەسەدە لە ئەمریکا گوتیشی، "ئێستا دیالۆگ و دانوستاندن هەن و هیوادارین ئەو دانوستانانە باشتر ببن. ئێمەش وەکو باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەشێکین لە سووریا."
سینەم محەممەد پێداگری دەکات کە دەبێت کورد و پێکهاتەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە حکومەتی نوێی سووریادا ببنە بەشێکی سەرەکی.
"ترەمپ بڕیار لەسەر هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا دەدات"
نوێنەری مەسەدە لە ئەمریکا پێشبینی دەکات دۆناڵد ترەمپ لە چەند رۆژی داهاتوودا هەڵوێستی کۆتایی خۆی لەسەر مانەوە یان کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان رابگەیێنێت.
بە گوتەی سینەم محەممەد، هەندێک کەس لە دەوروبەری ترەمپ دەیانەوێت لە سووریا بکشێنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ترەمپ بڕیاری کۆتایی نەداوە.
سینەم محەممەد ئاشکرای دەکات، چەند نامەیەکیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان ناردووە بۆ ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بمێننەوە. گوتی: "دەمانەوێت هێزەکانی ئەمریکا ئێستا لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا بمێننەوە تاوەکو لە سووریا دەگەیننە چارەسەرێکی سیاسی، ئەمەش بۆ هەموو سووریا زۆر گرنگە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ