رووداو دیجیتاڵ
خاتوون، پێشانگەیەکی تایبەت بە فۆتۆی رۆژنامەڤانییە و بۆ شەش خانمە فۆتۆگرافەر لە هەولێر کرایەوە، کە لەڕێگەی فۆتۆکانیانەوە چیرۆکی ژنانی عێراقییان باس کرد.
هەر فۆتۆگرافەرێک بە فۆتۆستۆرییەکی 12 وێنەیی لە پێشانگەکەدا بەشداربوو، فۆتۆکان گوزارشتن لە یەکسانیی رەگەز بەگشتی، چیرۆکی وێنەکان لە سەر ئافرەتانی عێراقە و ژنە فۆتۆگرافەرەکان هەوڵیانداوە نیشانی بدەن، ئێستا ژنان هاوشێوەی پیاوان کاردەکەن.
پێشانگەی خاتوون لە رۆژی یەکشەممە، 4-2-2024ـەوە لە فێرگەی فرێیمینگ بۆ وێنەی رۆژنامەوانی لە هەولێر کرایەوە و بۆ ماوەی یەک هەفتە بەردەوام بوو.
پێشانگەکە بەرهەمی وۆرک شۆپێکی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023 بوو، کە لەلایەن گڵۆباڵ ریپۆرتینگی سوێدی و فێرگەی فرێیمینگ بۆ شەش خانمە فۆتۆگرافەری باشووری کوردستان و عێراق لە شارەکانی هەڵەبجە، خانەقین، شنگال، کەربەلا و بەغدا سازکرابوو.
خولی دووەمی وۆرکشۆپەکە دەستیپێکردووە و نۆ خانمە فۆتۆگرافەری دیکە بەشدارن.
کۆمپانیای گڵۆباڵ ریپۆرتینگی سوێدی، کۆمپانیایەکی راوێژکاریی پەیوەندییەکانی میدیا و پەرەپێدانە و لە ساڵی 1996ـەوە دەستیان بە چالاکی کردووە.
ئەنیتە نانتەل، فۆتۆگرافەری سوێدی وەک راهێنەر لە وۆرکشۆپەکەدا بەشدارە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بە بڕوای من، زۆر گرنگە ژنانی زیاتر لە عێراق دەست بەم کارە بکەن، چونکە ئەوە فرەڕەنگیی کۆمەڵگە پێشاندەدات. پێموایە کۆمەڵگە زۆر پێویستی بە فۆتۆگرافەری ژنە، چونکە گرنگە لە چاپەمەنی و تەلەڤیزیۆن و شوێنی کارکردندا یەکسانی لەنێوان رەگەزەکاندا هەبێت، هەروەها بۆ ئەوەی گۆشەی جیاواز پێشانی خەڵک بدەین."
یەکێک لە خانمە فۆتۆگرافەرەکانی بەشدار لە پێشانگەکە سەبا کەریمە و، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هیوادارین ئەم جۆرە وۆرکشۆپانە دووبارەببنەوە، چونکە هاندەرن بۆ ژنان و ئەگەر کەسێک بەهرەیەکی هەبێت، بەردەوام دەبێت و زیاتر خۆی پێش دەخات و رەنگە لەو بوارەدا پێشەنگ بێت."
ئەم فۆتۆگرافەرە هانی ئەو ژنانە دەدات کە خولیای کاری فۆتۆگرافەریی رۆژنامەڤانییان هەیە و پێیانوایە کارێکی ئەستەمە بۆیان. سەبا کەریم دەڵێ "من، لێرەوە پێتان دەڵێم 'راستە سەرەتاکەی هەوڵ و کۆششی دەوێت، بەڵام دواتر زۆر چێژبەخش دەبێت کاتێک کارەکانت بڵاودەبنەوە' بۆیەی پێیان دەڵێم ژنینە مەترسن."
فرێیمینگ، فێرگەیەكە بۆ وێنەی رۆژنامەڤانی و چالاكیی هونەری، كولتووری و كۆبوونەوەی گەنجانی خاوەن بەهرە و پسپۆر لە بواری فۆتۆگرافی، میوزیك، شێوەكاری، نووسین و راگەیاندن، کە لە ساڵی 2016 لەلایەن فۆتۆگرافەر سەفید حەمید دامەزراوە.