رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی دەڵێت، دابەشكردنی مووچەی مانگی 11ـی خانەنشینان دەستیپێکردووە و بۆ ئەو مانگەش مووچەکانیان هاوتا نەکراوە.
دابەشکردنی مووچەی مانگی 11ـی ساڵی رابردوو ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بەگوێرەی لیستەکە، خانەنشینانی سەربازی و شارستانی، هەروەها کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، زیندانییە سیاسییەکان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، هەروەها بەشێک لە مامۆستا و فەرمانبەرانی پەروەردە، (ئەوانەی لە هەژماری منەوە تۆمار کراون) مووچە وەردەگرن.
شێخ عەزیز عەلی، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-01-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دابەشکردنی مووچە بێ کێشە دەستیپێکردووە و بەردەوامە، بەڵام بۆ مانگی 11ـش خانەنشینانی سەربازی بە یاسا کۆنەکە مووچە وەردەگرن و بۆیان هاوتا نەکراوە".
بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی باسی لەوە کرد، "خانەنشینانی شارستانیش تەنیا مووچەکەیان هاوتاکراوە و تاوەکو ئەمڕۆ یاسای یەکگرتووی خانەنشینان وەکو خۆی بەسەریاندا جێبەجێ نەکراوە".
مانگی تەممووزی 2024، بۆ یەکەمجار خانەنشینانی شارستانیی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، بەهاوتاکراوی مووچەیان وەرگرت، بەڵام هاوتاکردنەکە تاوەکو ئەمڕۆ خانەنشینانی سەربازیی نەگرتووەتەوە.
نێوەڕۆکی کێشەکان:
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، رۆژی 22-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ـی ساڵی 2014 پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی ئەم ساڵ جێبەجێ نەکرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هاوتانەکردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازی، بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی عێراق، پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە و عێراق هاوتاکردنەکەی رەتنەکردووەتەوە.
بەگوێرەی یاسا نوێیەکەی عێراق، ئەوانەی پێش ساڵی 2014 خانەنشین کراون، مووچەیان لە 200 تاوەکو 499 هەزار بێت، دەبێتە 500 هەزار و 100 هەزاری پشتیوانیش (مینحە) وەردەگرێت و دەبێتە 600 هەزار دینار.
هەروەها ئەوانەی مووچەیان لە 600 بۆ 999 هەزار دینارە، 100 هەزاری پاڵپشتی بۆ زیاد دەکرێت ئەویش بەگوێرەی هاوتاکراوییەکە.
مووچەی کێ کەم دەکات؟
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، ئەوانەی لە دوای 2014ـەوە خانەنشین بوون، زیاتر ئەوانەن لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی 70 و 80ـن، ئێستا چەند دەرماڵەیەکیان هەیە، لەوانە دەرماڵەی مەترسی، ژن و منداڵ، بڕوانامە. ئەم دەرماڵانە لە یاسای هاوتاکراویدا نین. تەنیا دەرماڵەی بڕوانامە هەیە، کە ئەوانەش جیاوازییان زۆرە.
ئەوانەی لە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی زیانمەندن و دژی هاوتاکردنن، پلەباڵاکانن، ئەوانەی لە پلەی لیوا کەمتریان نییە.
خانەنشینانی سەربازی تاوەکو پلەی نەقیب لە پاڵپشتیی مووچەی هاوتاکراو سوودمەند دەبن. لە پلەی رائید، موقەدەم و عەمید مووچەکەیان گۆڕانکاری بەسەردا نایەت.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان مووچەی خانەنشینی پلەی نەقیب 999 هەزار دینارە و لە هاوتاکردندا 100 هەزاری پاڵپشتیی دەچێتە سەر، بەڵام پلەی رائید خانەنشینییەکەی نزیکەی ملیۆنێک و 180 هەزار دینارە و تاوەکو عەمید زیاتر دەبێت و لە هاوتاکردن سوودمەند نابن.
بۆچی لیواکان زیان لە هاوتاکردنەکە دەکەن؟
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئێستا پلەی لیوا بە سەرەوە، کەمترین مووچەی خانەنشینیان زیاترە لە 2 ملیۆن دینار و تێیاندایە دەگاتە شەش ملیۆن دینار، ئەویش بەگوێرەی دەرماڵە و ساڵەکانی خزمەت، بەڵام کاتێک هاوتا بکرێت و دەرماڵەکان نەمێنن، مووچەیان دەبێتە نزیکەی نیوە و کەمتر لە نیوە، ئەوەش ناڕەزایی لێکەوتووتەوە.
بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی خانەنشینانی یەکگرتوو، تەمەنی خانەنشینی دەبێتە 60 ساڵ، هەر فەرمانبەرێکیش تەمەنی گەیشتبێتە 45 ساڵ و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت، دەتوانێت ئارەزوومەندانە خانەنشین بێت، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بڕگەی تەمەن لە یاساکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە.
هەر بەگوێرەی یاساکە، لەکاتی خانەنشین بوونی فەرمانبەر لە تەمەنی یاساییدا، 12 مووچەی کاتی خزمەتی بەسەریەکەوە وەردەگرێت.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.
رۆژی 21-7-2024، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی خانەنشینانیان بەهاوتاکراوی بەپێی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو رەوانەی بەغدا کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ