رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی شەممە، تەرمی ئەو گەنجە دهۆکییەی لە لوبنان کوژرا، بگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان و لە شارەکەی خۆی بەخاک بسپێردرێت.
ئەرشەد ئەحمەد، برای ئازاد ئەحمەد (گەنجە کوژراوەکە) ئێستا لە لوبنانە و بۆ دۆزینەوەی تەرمی براکەی رۆشتبوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو رێکارەکانی گواستنەوەی جەنازەی براکەم تەواو بوون و سبەینێ لە رێی فڕۆکەخانەی هەولێر دەیگەڕێنینەوە بۆ هەرێمی کوردستان و دواتر دەیبەینە دادپزیشکی هەولێر بۆ ئاشکراکردنی چۆنیەتی کوشتنی".
بەپێی ئەو بلیتەی کە بۆ گواستنەوەی تەرمەکە بڕاوە، سبەینێ کاژێر 12:45 خولەکی نیوەڕۆ فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی رەفیق حەریری لە بەیرووت دەفڕێت و کاژێر 15:30 خولەکی ئێوارە دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.
ئازاد ئەحمەد ئەترووشی گەنجێکی تەمەن 42 ساڵی دانیشتووی شاری دهۆکە و جەنازەکەی 29ـی مانگی رابردوو لە گوندی بقەعتوتە لە ناوچەی کەسرەوان لە لوبنان دۆزرایەوە و بەگوتەی ماڵباتەکەی لەلایەن ئامۆزایەکی خۆیەوە کوژراوە کە پارەی داوە بە چەند کەسێک بۆ ئەو کارە.
چیرۆکی ونبوونی ئازاد و چوونی بۆ لوبنان
ئازاد سەرەتای کانوونی یەکەمی 2023 بۆ کار دەچێتە دوبەی، چوونی بۆ دوبەی بەمەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانی وەرگرتنی بریکارنامەی براندێک بووە لەو شارەی ئیمارات، پەیوەندی بە ئەرشەدی برایەوە دەکات و دەڵێت، دەیەوێت لە دوبەیەوە بۆ دوو رۆژ بچێتە لوبنان و سەردانی هاوڕێیەکی بکات.
برای ئازاد داوای لێدەکات نەچێتە لوبنان و دەڵێت، کارەکانت لە دوبەی تەواو بکە، مەچۆ بۆ بەیرووت، بەڵام براکەی سوور دەبێت لەسەر چوون بۆ بەیرووت و رۆژی 4-12-2023 لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی (ج) دەچنە بەیرووت، بڕیاربوو کاژێر 16:00ـی هەمان رۆژ بگەنە بەیرووت، بەڵام کات تێدەپەڕێت و هیچ هەواڵێکی ئازاد نییە. ئەرشەد ئەحمەد حەسەن برای ئازاد لە لوبنانەوە بە رووداوی راگەیاند، "چاوەڕێ بووم براکەم مۆبایلەکەی بکرێتەوە و قسە بکەین لەسەر گەیشتنی بۆ لوبنان، بەڵام هەر ئەو چاوەڕوانییە بوو و هیچم لێی نەبیست، 24 کاژێر تێپەڕی و هیچ هەواڵێکی نەبوو، پەیوەندیم بە هاوڕێکەی کرد کە لەگەڵی چووبوو بۆ دوبەی و ئیمارات، بەڵام گوتی ئاگاداری نیم و گەڕاومەتەوە، لە فڕۆکەخانەی بەیرووت ونم کردووە".
براکەی ئازاد بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوون و گەڕان بۆ چارەنووسی براکەی، بەڵام هیچ شتێکی دەستناکەوێت، رۆژی 8-12-2023 دەچێتە بەیرووت بۆ چارەنووسی براکەی، بۆی دەردەکەوێت کە دوای دەرچوونی لە فڕۆکەخانە، لەگەڵ چەند کەسێک بینراوە، هەرچەندە هەوڵدەدات بگاتە چارەنووسی براکەی بەڵام هیچی دەستنەکەوتووە، پاشان پارێزەرێکی بۆ دەگرێت و بەدواداچوون بۆ هۆکاری دیار نەمانی دەکرێت".
ئەرشەد ئەحمەد بەرووداوی راگەیاند، "بۆ چارەنووسی براکەم و بە بڕیاری دادگە دەستکرا بە گەڕان بەدوای ئازاد، پاش نزیکەی 10 رۆژ لە ونبوونی، دەزگە هەواڵگری و ئەمنییەکانی لوبنان پێیانگوتین براکەتان کوژراوە".
21ـی هەمان مانگ هەواڵی کوژرانی ئازاد لە لوبنان راگەیێنرا، بەڵام بێ ئەوەی تەرمەکەی بدۆزرێتەوە، بەپێی گوتەی براکەی، دەزگە ئەمنییەکان راسپێردران بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئازاد، پاش هەفتەیەک گەڕان دواجار تەرمەکەی لە گوندی بقەعتوتەی قەزای کەسرەوان لە پارێزگای جبل لە لوبنان دۆزرایەوە.
رۆژی هەینی 29-12، سوپای لوبنان لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی فەرمان و گەڕان رایگەیاند، "پاش زنجیرەیەک گەڕانی بەشی هەواڵگری و پرۆسەی دیاریکردن و شیکردنەوەی تەکنیکی توانیمان تەرمی هاووڵاتییەکی عێراقی بە ناوی (ئـ، ک) بدۆزینەوە لە دەوروبەری گوندی بەقەعتوتە، پاش ئەوەی لەلایەن چەند کەسێکەوە کە خاوەنی وڵاتینامەی جیاوازن ژێرخاک کرابوو، ناوبراو لە رۆژی 4ـی 12 لە رێگەی فڕۆکەخانەی رەفیق حەریری گەیشتووەتە لوبنان، پاشان لەلایەن ئەو کەسانەوە کوژراوە و تەرمەکەی شاردراوەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری بەردەوامدەبێت لە لێکۆڵینەوە و رێکاری پێویست بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دادگە".
میدیای لوبنان لە رێگەی زانیاری لە ئینتەرپولەوە رایگەیاندووە، "7 کەس تۆمەتبارن بە کوشتنی ئازاد، چوار عێراقی و دوو تورکیایی، لوبنانییەک، ئینتەرپول لە تورکیا و عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بەتۆمەتی کوشتنی ئازاد دەرکردووە".
برای ئازاد: دوای کوشتنی سووتاندوویانە و چاوەڕێی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانین
ئەرشەدی برای ئازاد دەڵێت، "رۆژی 29ـی 12 چووم بۆ بینینی تەرمی براکەم، پاش پشکنین دەرکەوت ئازادی برامە، دوای کوشتنیشی تەرمەکەیان سووتاندبوو. ئەو لە بەیرووتەوە لەبارەی گومانیان لەوانەی کوشتوویانە بە رووداوی راگەیاند، "براکەم چەند ساڵێك بوو لە ئەوروپا گەڕابووەوە، نیشتەجێی سوێد بوو، لێرە خەریکی کاری خۆی بوو و کێشەی نەبووە لەگەڵ کەس، بەڵام لەو ماوەیەدا لەگەڵ کەسێك لە سلێمانی خەریکی کار بوو، ئەو کەسە ناوی (ج)یە و لەگەڵی چوو بۆ دوبەی و لوبنان، پاشان بەتەنیا گەڕایەوە، پرسیاریشی لێدەکەین لەسەر هۆکاری گەڕانەوەی، هەر جارەی شتێکمان پێدەڵێت".
لەبارەی تۆمەتباران، برای ئازاد دەڵێت، "دەزگە ئەمنییەکان پێیانگوتم، چەند تۆمەتبارێک هەڵاتوون بۆ ئیستەنبووڵ، یەکێکیشیان لە عێراقە، ئێمە چاوەڕێین ئەو کەسانە دەستگیربکرێن، دوای گەڕاندنەوەی تەرمەکەشی سکاڵا لەسەر ئەو کەسە تۆمار دەکات کە لەگەڵی چوو بۆ دوبەی و بەیرووت".
تەرمی ئازاد بڕیارە سبەی بگەڕێنرێتەوە دهۆک، ئەو ئەترووشییە و کەسوکارەکەی داوا دەکەن تۆمەتباران دەستگیر بکرێن، وەکو خۆیان دەڵێن، "بەڵگەی دیکەشمان لەلایە لەسەر دەستهەبوونی ئەوانەی لەگەڵی چوون بۆ دوبەی و لوبنان، بەڵام چاوەڕێی رێکاری لێکۆڵینەوەین".
دەزگە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت پۆلیسی دهۆک و سلێمانی هیچ شتێکیان لەسەر کوژرانی ئازاد و لێكۆڵینەوەیان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام روونبووەتەوە پۆلیسی نێودەوڵەتی خەریکی بەدواداچوونە لە کەیسەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ