کارەبای موەلیدە لە هەولێر کرا بە 24 کاژێری

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خشتەی کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر لابرا و لەمەودوا لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا 24 کاژێر کاردەکەن. سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی شارەکە دەڵێت، هەرکەسێک ناڕەزایی هەیە، پەیوەندییان پێوەبکات لیژنە دەنێرنە گەڕەکەیان.
 
ساڵانی رابردوو لەگەڵ کۆتاییهاتنی وەرزی سەرما، کارەبای موەلیدە لە هەولێر دەکرایە خشتە و درەنگی شەو تاوەکو نیوەڕۆی رۆژی دواتر دەکوژێندرایەوە، ئەویش بە ئامانجی ئەوەی مانگانە پارەی کەمتر لەسەر هاونیشتمانیان بکەوێت، بەڵام ئەم ساڵ گۆڕانی بەسەردا هاتووە لە نەبوونی کارەبای نیشتمانی دا موەلیدەکان دەبێت 24 کاژێر کاربکەن، ئەوەش نیگەرانیی بەشێکی هاونیشتمانیانی لێکەوتووەتەوە.
 
کامەران محەممەد، هاونیشتمانی لە گەڕەکی رۆشنبیریی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هیچ پێویست ناکات لەم وەرزەدا تاوەکو بەرەبەیان کارەبای موەلیدە هەبێت و پارەیەکی زۆر وەربگرن، ئەم هەفتە بۆ چوار ئەمپێری مانگی رابردوو 62 هەزار دینارمان داوە لەم بێ مووچەییەدا".
 
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە، 4.12.2024، بە رووداوی گوت: "بڕیاردراوە لەمەودوا لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا 24 کاژێر موەلیدەکان کاربکەن، بڕیارەکە بۆ سەنتەری شارە و دەورووبەر ناگرێتەوە".
 
خۆرانی دەڵێت: "هەر هاونیشتمانییەک ناڕەزایی هەیە و دەڵێت پارەی زۆر بۆ دێتەوە، پەیوەندیمان پێوەبکات لیژنە دەچێتە گەڕەکەکەیان، ئەگەر زۆرینەی گەڕەکەکە دژی کارکردنی 24 کاژێریی موەلیدە بوو، ئەوکاتە بۆ ئەو گەڕەکە وەکو رابردوو دەیکەینە خشتە."
 
لە دهۆک چەند ساڵێکە لە هەموو وەرزەکاندا جێگیر کراوە و لە نەبوونی کارەبای نیشتمانی دا موەلیدەکان 24 کاژێر کار دەکەن.
 
لە هەڵەبجە و سلێمانی جیایە و کارەبای موەلیدەکان بە گوێرەی خشتە کار دەکەن. بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیشدا موەلیدەکان کاژێر 08:00ـی بەیانی بۆ 01:00ـی نیوەڕۆ، هەروەها 01:00ـی شەو بۆ 06:30ـی بەیانی کار ناکەن.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە نرخی ئەمپێری موەلیدە بۆ مانگی رابردوو دیاریکرا، بەهۆی کەمیی کارەبای نیشتمانی و زیاتر کارکردنی موەلیدەکان، بەرزترین نرخی ئەمپێر لە شاری هەولێر بوو.
 
بۆ مانگی رابردوو نرخی ئەمپێری موەلیدە لە شارەکان بەمشێوەیە بوو:
 
هەولێر: نرخی ئەمپێرێک لە نێوان 9 تاوەکو  13 هەزار و 750 دینار بوو، لە چەند گەڕەکێکیش گەیشتە 17 هەزار و 250 دینار.
سلێمانی: نرخی ئەمپێرێک لە نێوان 9 بۆ 10 هەزار دینار.
دهۆک: نرخی ئەمپێرێک لەنێوان 7 بۆ 13 هەزار و 750 دینار.
هەڵەبجە: نرخی ئەمپێرێک 9 هەزار و 500 دینار.
کەرکووک: نرخی ئەمپێرێک لە نێوان سێ بۆ شەش هەزار.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە